کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی HDP داکشانی AKP

05:44 - 19 جۆزەردان 2715

دۆینێ یەکشەممە ٧ی ژووئەن، هەڵبژاردنە گرینگ و چارەنووسسازی ٢٥مین خولی پارڵمانی تورکیە کۆتایی هات. چوار پارتی سەرەکیی، پارتی عەداڵەت و گەشەپێدان ( ئاکەپە)، پارتی گەلی کۆماری( جەهەپە)، پارتی نەتەوە پەرەستی تورک ( مەهەپە) و پارتی دیموکراسی گەلان ( هەدەپە) لە کێبەرکێی توند دابوون، تێکرای ئەو پارتانە بە ١٦ پارتە بەشداربووەکەی دیکە قورسایی و سەنگی خۆیان بۆ دەرکەوت. ڕیژەی دەنگ و ژومارەی کورسییەکانی چوار پارتە سەرەکییەکە بەم جۆرەیە؛ ئاکەپە: ٤٠.٨٦٪ی دەنگەکان و ٢٥٨ کورسی، جەهەپە: ٢٤.٩٦٪ی دەنگەکان و ١٣٢ کورسی، مەهەپە: ١٦.٢٩٪ی دەنگەکان و ٨٠ کورسی و هەدەپە: ١٣.١٢٪ی دەنگەکان و ٨٠ کورسییان وەدەست هێنا. ئەو ڕێژانە بە بەراورد لە گەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنی ١٢ی ژووئەنی ٢٠١١، گۆڕانێکی بەرچاوە. جەهەپە، سێ کورسی کەمی کردوە، مەهەپە'ش چەند کورسییەک زیادی کردوە. لەو هەڵبژرادنەدا کە زیاتر لە ٨٨٪ خەڵک تێیدا بەشدار بوون و، کە بە گەرم و گوڕترین هەڵبژاردنی تورکیە دادەندرێ، پەیام و ڕاسپاردەی نوێی ئاڕاستەی پارتە سیاسیەکان و نەخش و ڕۆڵیان لە دارشتنی سیاسەتی تورکیە دا کردوە. هەدەپە توانی بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێ، هەروەها ئاکەپە ڕێژەی دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی. لە خوارەوە هەلسگاندنێکی کورت لە سەر پرۆسەکە، بە تایبەت لە سەر ئاکەپە و هەدەپە دەکەین؛ پارتی دەسەڵاتداری تورکیە، ئاکەپە، لە سێزدە ساڵی ڕابردوودا ٩ هەڵبژاردنی بردبۆەوە، هەڵبژرادن لە دوای هەڵبژاردن رێژەی دەنگەکانی هەڵدەکشا. ئەردۆغان لە ١٠ی ئاگوست ٢٠١٤ لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دا ٥٢٪ دەنگەکانی وەدەست هێنان. لە ڕوانگەی شارەزایانی کاروباری نێو تورکیە، هەڵبژاردنی ئەو جار سەنگی محەک بوو بۆ خەونەکانی ئەردۆغان. داکشانی ٩٪ی ئەردۆغان و پارتەکەی لە چاو هەڵبژاردنی ١٢ی ژووئەنی ٢٠١١، کۆتایی بە خەونەکانی ناوبراو هێنا کە بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەکرد پارتەکەی ٤٠٠ کورسی پاڕڵمانی وەدەست بخات، کەچی نەک ٤٠٠ کورسی بەڵکو کەمتر لە ٢٧٦ کورسی وەدەست هێنا کە بەو ژومارەیە ناتوانێ بە تاقی تەنیا حکومەت پێک بێنێ. بەم جۆرە، ویست و ئامانجەکانی ناوبراو بۆ سیستمی سەرۆکایەتی، گۆڕینی دەستوور بە پێی مەیل و خۆلیاکانی بە مێژوو سپێردران. داکشانی ئاکەپە، ئەگەرچی بۆ ئالۆزی و کێشە نێوخۆییەکانی نێو تورکیە، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پارکی گەزی و ئاشکرا بوونی گەندەڵی وبەرتیلەکانی کابینەی دەوڵەتی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە و ئەمانە ، بە نۆرەی خۆیان گورزی کاریگەری لە هەیبەت و قورساییەکەی وەشاند، بەڵام کەمبوونەوەی دەنگ و کورسییەکانیی ئەو ڕاستییەکەی دەرخست کە کێشەی کورد لە تەواوەێتی خۆێدا و، بوژانەوەی هەستی نەتەوایەتی ڕوو لە گەشەی کورد گورزی هەرە کاریگەر بۆ سەر ئەو پارتە بوون. ئەگەرچی ئەو پارتە، هێشتا یەکەم پارتی براوەی هەڵبژاردنەکەیە، بەڵام بە جۆریک لە نزمی دا کە تەنانەت مەترسی وەرین و ئاڵتەرناتیف هەڕەشە لەو پارتە بکات. دەنگدەری کورد و تورک ڕێی لەوە گرت سیستمی؛ پوتین- مەدۆدۆف لە تورکیە وەدی بێ. بەدەپە'ی پێشوو لە هەڵبژاردنی ٢٠١١دا بە شێوەی پاڵیوراوی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان کرد، ٦،٨٪ دەنگەکان و٣٢ پارڵمانتێری بردەوە. هەدەپە، وەک دڕێژ کراوەی بەدەپە، توانی بە سەر کۆت و بەندی ڕیژەی ١٠٪ دا سەربکەوێ و بۆ یەکەم جار پاش ٣٢ساڵ ئەو بەربەستە سەپێنراو و ناعدڵانەی شکاند. ئێستا کە خەباتی سیاسی و مەدەنی باکوری کوردستان لە ژێر چەتری پارتێکی مەیلە و چەپی سەراسەری دا ڕەوەڕەوەی شۆڕش بەرەو پیش دەئاژوێ و توانوێتی لە مەترسی و هەڕەشەی کۆت و بەندی هەڵبراژدن ڕزگاری بێ و ئەو هەڕەشەیەی ڕەواندەوە دەرگای بۆ کردووینەتەوە لەمەودا بە ڕەخنەی بەجێ و پێشنیاری بە کەڵک بۆ شۆڕشگێڕانی باکوری کوردستان زۆر جار بەربینگ بەو پارتە و ڕێبەرانیی بگرین. کەواتە بۆچی هەدەپە؟ بۆچی پارتی چەپی سەراسەری تورکیە؟ وەک پێشتریش کووتومانە، هەدەپە، لە درێژەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی پێکهاتووە پرۆسەیەک کە زۆرترین لێکدانەوە و زۆرترین دەنگۆی لە سەر ساز کراوە و کەمترین بەرەو پێشەوە چوونی هەبووە. لە کاتێکدا دەسپێکی ئەو پرۆسە لە ڕاستیدا بۆ دەور لێدانەوەی تورکیە لە گەشەی خەبات و شۆرشی کورد لە ناوچە دایە، ئەگینا ئەگەر هەل و مەرجی شۆڕشی کورد وەک ٢٠-١٠ ساڵی ڕابردوو بایە، پرۆسەیەکی وەها بۆ هیچ مەبەستێک وەڕێ نەدەخرا. بەو پێییە، خەباتی ڕوو لە گەشەی کورد بە تایبەت ویستی سەربەخۆیی باشوری کوردستان، بوژانەوە و هەستانەوەی خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان و دوورە دیمەنی ئەو ڕووداوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ویڕای خەباتی هەمە لایەنەی باکوری کوردستان، ئەو پرۆسەی وەڕێخستووە. کوردستانی باکور لە دوو رێگاوە ویستوویەتی کاریگەری بخاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، یەکەم بە رێگای چەک و دەست تێوەردان، دووهەم بە ڕێگای پشتیوانی شەقام و دەنگی کۆمەڵانی بەرینی نێو شارەکان. رێگەی یەکەم خەراپترین جۆری کاریگەری و بە پیچەوانەوە رێگای دووهەم باشترین جۆری کاریگەری. کەچی، هەلوەشاندنەوەی بەدەپە و چوونە ژێر چەتری پارتی چەپی سەراسەری، بەو جۆرەی شیاو بوو نەیهێشت، کورد، ویستی ڕوو لە گەشەی سەربەخۆیی باشوری کوردستان و پەرە گرتن و پیشەوەچوونی ڕۆژئاوای کوردستان بکات بە کارتێکی کاریگەر و کێشەی کورد و کوردستان بکات بە ڕیژەوی بەرنامە و سیاسەتەکانی لە شارەکانی کوردستان. ئەگەر بزانین ئاکەپە، بە شیوەیەکی بەرچاو دەنگەکانی لە شارەکانی کوردستان کەمی کردوە وێڕای ڕاستییەیانەی سەرەوە ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەگەر کوردەکان لە ژێر فاکتەری ڕاستەخۆی کورد بە گشتی چووبانە نێو هەڵبژاردنەکان و بە وردی لە قاوی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان و دەوڵەتەکانی پیش ئەویان دابا و کەڵکیان لە قورسایی کێشەی کورد بە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە وەرگرتبا، دەتوانین دڵنیا بین کە دەنگی پارتە سەرەکییەکانی تورکیە لە کوردستان زۆر زۆر لەوە کەمتر دەبوو و کورد ئەو کاتیش بەربەستی ١٠٪ دەشکاند و دەیتوانی دەنگ و ڕادەی کورسییەکانی وەک ڕیفراندۆمی کورد لە سەر مافەکانی چاو لێبکات. ئەگەر چاو لێبکەین کە ئاکەپە لە شارەکانی، باتمان، چەولیک، بتلیس، دیاربەکر، ئەرزڕۆم، قارس، ماردین، موش، سیرت، عورفا، وان و ئەرزنجان ٢٧ کورسی وەدەست هێناون و بەرامبەر بە هەدەپە دەنگەکانی زۆر لە کەمی داوە و، مەهەپە چارەنووسی لە کوردستان سڕایەوە و کورسییەکانی جەهەپە لە چەند کورسی زیاتر تێناپەڕێ، ئەو کات تێدەگەین کورد دەرفەتێکی باش کە دەیتوانی بیقۆزیتەوە، بە فیڕۆی دا. بە خۆشییەوە، هەدەپە ئەو بەربەستە نادیموکراتییەی تێکشکاندوە و بە قورساییەکی گەورە پێی خستۆتە پاڕڵمان و لەو ریسکە گەورەی کردی سەرکەوتوو لە ئاو هاتەدەر، بۆیە ئێستاش ئەرک و بەرپرسیارێتی گرینگ و مێژوویی لە سەرن. دەزانین کۆماری تورکیە لەو سەد ساڵەی ڕابردوودا زەربری گورچ و بڕی لە یەکێتی کورد، لە ماف و ئامانجەکانی کورد، لە زمان و کەلتوری کورد، لە ناسنامە و موزیکی کورد، لە هەست و نەستی کورد وەشاندوە. سیستمی ئاسییمیلاسۆنی تورکیە، بە دڕێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو کارێکی کردوە کە کەسایەتی کورد تێک بشکێنێ و کورد بوون بە تاوانی نەبەخشراو چاو لێبکا و هەوڵ بدات بە هەموو ڕێگایەک کورد لە کورد بوونەکەی بشواتەوە. کورد لە باکوری کوردستان لە هەموو بارێکەوە هەستانەوەی بنەڕەتی پێویستەو، ئەوەیە کە ئەرکی هەدەپە و شۆرشگێڕەکانی لە هەموو کاتێک قورسترە و ئەرکێک کە لە سەرێتی بە میلیونان و سەدان هەزار کوردەی لە کوردستان هەڵقەندراون و پەڕیوەی کەلێن و قوژبنی شارەکانی تورکیە کراون، بهێنێتەوە نێو بازنەی کوردایەتی و بە شیویەکی ڕیک و پێک رێکیان بخاتەوە. پێش هەموو شتێک ڕۆڵەکانی باکوری کوردستان دەبێ شانازی کورد بوونیان بۆ بگەڕێندرێتەوە کە دەیان ساڵە زیندان، کوشت و بڕین، سووتمان و وێرانی لێی زەوت کردوون. هەدەپە نابێ لە بیری بچێ، پێش ئەوە پارتێکی سەراسەری و چەپی تورکیە بێ، شۆڕشگێڕانی باکوری کوردستان و بەشی هەرە گەوەرەی کوردستانن. بە پێچەوانەی ئەوەی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش لە قسەکانی دا شەوی ڕابردوو بە بۆنەی سەرکەوتن پێشکێشی کردن کە هەدەپە تورکیە، تورکیە هەدەپەیە و ئەوان پارت ڕاستەقینەی سەراسەری تورکیەن، ئەوان پێش هەموو شتێک شۆڕشگێڕان و پارتی کوردستانین. هەدەپە لە سەکۆی پاڕڵمانی تورکیە دەتوانێ لە ئاستێکی بەرزتر لەوە سیاسەت بکات کە تاکوو ئێستا بوویەتی. چوونی ٣١ ژن لە کۆی ٩٦ کورسی پاڕلمانی لە ریزی هەدەپە، رێز لە مافی کەمایەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ،.هەوڵ دان بۆ ئاشتی لەو بایەخانەن ریشەیان لە مێژووی کورد و بایەخە مرۆییەکانی دایە، بەر لەوەی هەدەپە ئەرکی قورسی دێموکراسی لە تورکیەیەکی ئاڵۆز وە ئەستۆ بگرێ، ئەوەندە ئەرکەشی هەن کە ئازایانە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان بۆیان تێبکۆشێ و ڕیشەی دەیان کێشەی قورسی کۆمەڵایەتی و کەلتوری کە بە دڕێژایی دەیان ساڵ دەوڵەتی تورکیە بە سەر کۆمەڵگەی کوردستان دای سەپاندوون و شانی کوردی داخزاندووە، بنبڕ بکات. لە یەک ڕستەدا، هەدەپە نابێ لە سۆنگەی دابین کردنی دێموکراسی بۆ کۆمەڵگەی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەی تورکیە، ماڵەکەی خۆی و کوردستان لە بیر بکات. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە، لەو ڕەوتە نوێیەدا، دەستی رێبەرانی نێوخۆ بە هێزتر و قرمەی چەک و ویزەی گوللەکان کەم دەنگتر و، هاوکات لە کاتی پیویست دا شەپۆلی دەنگ و ڕەنگی چەق و تەختایی شارەکانی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر بە هێز و دەریای شۆڕش و ڕانەوەستانی نێو شارەکان لە هەموو کاتێک زیاتر قووڵتر بکاتەوە. لە ٧ی ژووئەن دا بەشێک لە خۆری کورد لە ژێر هەورە چڵکنەکان دا هاتە دەر.