کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیست و پێنجەمین خولی پاڕڵمانی تورکیە، مێژوویەکی نوێی خوڵقاندوە

14:58 - 21 جۆزەردان 2715

رۆژی یەکشەممە، ٧ی ژوئەنی ٢٠١٥، هەڵبژاردنی ٢٥مین خولی پاڕڵمانی تورکیە بەڕێوەچوو. لەو هەڵبژاردنەدا، ٢٠ حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر، بەشێوەی ئیئتلاف (هاوبەندی) و بەتەنیا بەشدار بوون. ئەو دەورەیە گرینگی تایبەتی هەبوو، چونکە لە لایەک حیزبی داد و گەشەپێدان وەک راپرسییەک چاوی لێدەکرد و بەتەمای ٣٣٠ کورسی نارنجی پاڕڵمانی لە کۆی ٥٥٠ کورسییەکە بوو؛ بۆ ئەوەی بتوانێ بەشی دووهەمی سیناریۆی حیزبەکەی واتە گۆڕانی سیستمی پارڵمانی بۆ سەرۆکایەتی جێبەجێ بکا. لە لایەکی دیکە، دوو حیزبی بەڕابردووی جەهەپە یان (پارتی گەلیی کۆماری) و مەهەپە یان (پارتی بزووتنەوەی میللی)، لە خولی ٢٤ی پاڕڵمان موخالیفی ئەو گەڵاڵەیەی ئاک پارتی و ئەردۆغان بوون. بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو، حیزبی هەدەپە یا (پارتی دێموکراتی گەلان)ە، بە رێبەری- سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوسەرۆکەکەی خانمی فیگەن یوکسێکداغ – کە لە کۆی چەند حیزب و رێکخراوی کوردی، تورکی و چەپی نوێ پێک هاتوە؛ توانی سەتا سێزدەی دەنگەکان بۆخۆی مسۆگەر بکا، سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی ئەم حیزبە لە ٢٠١٤ شدا، بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری کرد و نزیکەی ١٠ % دەنگەکانی هێنابۆوە. ئەم حیزبە بانگەشەی چارەسەری دێموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیە دەکا، کە ماوەیەکیشە بەچڕی هەوڵی بۆ داوە و تارادەیەکیش لەم پێوەندییەدا فەزایەکی دیالۆگی خوڵقاندوە. باسی مافی کەمینەکان، سریانی، چەرکەس، ئەرمەنی، ئیزەدی و ئایینی دیکە، مافی ژنان و ژینگەپارێزی خستۆتە رۆژەڤەوە و بۆ یەکەمین جارە کورد بەو قەبارە، وەک حیزب بەشداری لە هەڵبژاردنی پاڕڵمانی دا دەکا. ئەو حیزبە لەم هەڵبژاردنەدا خۆی بە رکابەری سەرەکی لەگەڵ ئاک پارتی و ئەردۆغان دەزانی. ئاک پارتی بەهۆی سستی و کەم بایەخ دان بە رەوتی ئاشتی لەگەڵ کوردان، هەوڵدان بۆ کەم هێز کردنی سوسیال- مێدیا، هەڵسوکەوتی زۆر توند سەبارەت بە رووداوەکانی پارکی گزێ- کە بەداخەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و لەگەڵ هاوپەیمانی پێشووی خوی یانی فەتحوڵڵا گولەن کەوتە بەربەرەکانییەکی توند و ژمارەیەکی زۆری لێ زیندانی کردن، کە رۆژنامەنووسی و مامۆستای زانستگاشیان تێدا بوو، بەرەو جۆرێک "سوڵتانیزمی نوێ یا تەیبیسم"، دەچوو. دۆخی ئابووری تورکیە لە دوو، سێ ساڵی رابردوو بەرەو داکشان چووە. بێکاری و ئاوسان زیادیان کردوە. نرخی لیری تورکی دابەزیوە و لە زنجیرەیەک لە گەندەڵییە ئابوورییەکانی ئێران دا، بەجۆرێک پێوەندی هەبوو؛ ئەم حیزبە لەباری سیاسەتی دەرەکیش دا پشتیوانی لە مورسی و حەماس دەکرد و هاوکاریی پێکهاتە نێونەتەویی و ناوچەییەکانی دژی داعشی نەدەکرد و تەنانەت خوازیاری کەوتنی کۆبانێش بوو، ئەمانە کۆمەڵە پرسگەلێکی نەرێنی بەردەم ئاک پارتی بوون. لە شەوی ٧ی ژوئەن دا، و لە ئاکامی بژاردنی پتر لە ٩٩% دەنگەکان، ئاک پارتی پتر لە ٤٠% و ٢٥٨ کورسی هێنایەوە. ٩% یانی پتر لە ٣ میلیون دەنگی بەنیسبەت ساڵی ٢٠١١ دابەزی. جەهەپە، نزیک ٢٥% - ١٣٢ کورسی- و مەهەپە پتر لە ١٦% - ٨٠کورسی- یان هێنایەوە. بەڵام هەدەپەی جێی سەرنج و دەمیرتاش بەهاوکارییەکی چڕوپڕ و چەند لایەنە، لە دەرەوە و نێوخۆی تورکیە، توانی پتر لە ١٣% دەنگەکانی بێنێتەوە، واتە مسۆگەرکردنی ٨٠ کورسی پرتەقاڵی کە ٣١ کەسیان ژنن. ئەو سەرکەوتنە مەزنەی هەدەپە، هەموو راپرسی و وەزعییەتەکەی گۆڕی و مێژوویەکی نوێی لە تورکیە و بەتایبەتی لە باکووری کوردستان خوڵقاند. یەک میلیۆن دەنگ و ١١ نوێنەر لە ئیستانبوڵ و پتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگ لە ئیزمیر و سەرجەم دەستەبەرکردنی زیاتر لە ٦ میلیۆن دەنگ، دنیای سیاسەتی نێوخۆیی تورکیە و دەرەوەی هەژاندوە. وانەی نوێ بۆ نەتەوەی کورد لە دوای ئاکامی خوڵقانی ئەو مێژووە نوێیە ئەوەیە کە، ئەگەر هەل رەخسا، کورد بە شێوەی مەدەنی باشتر دەتوانێ ویستی ئازادی و مافی نەتەوەیی خۆی بچەسپێنێ.