کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەو سازدانی گوتارێکی هاوبەش

15:54 - 23 جۆزەردان 2715

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات هەر لە کۆتایی حەفتاكانەوە كە قرمەی چەكی هێزی پێشمەرگە وەستاوە، تووشی چەشنێ ناچالاکی بووە. كە دەڵێم وەستانی قرمەی چەك مەبەستمان تەنیا خەباتی چەكداری نییە، بەڵكوو ئاماژەمان بە نەبوونی گوتارێكە كە لە كۆتایی پەنجاكان تا ناوەڕاستی حەفتاكان گوتاری زاڵ بوو بەسەر كۆمەڵگادا، گوتارێك كە تەنانەت تەواوی ڕەهەندەكانی ژیانی تاكەكەسی و کۆمەڵایەتیشی تەنیبۆوە. گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی، گوتارێك كە گرێدراوی"حزوور" بوو! حزوور بە واتای "بوون" بە واتای بوونی پێشمەرگەی کوردستان! واتە "حزوور"ی پێشمەرگەی كوردستان لە پانتایی جوگرافیای رۆژهەڵات‌دا پاڵپشتی ئەم گوتارە بوو و پێشمەرگەش هێمای فیزیكی بوونی نەتەوە بوو. ماوەی نیزیک بە بیست ساڵە کە پێشمەرگەی كوردستان تەقەی لە چەکی نەهاتووە بە زۆر هۆکار (کە باس لە هۆکارەکانی مەجالی تایبەت بە خۆی دەوێ) دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانش سەرەکیترین ئیستراتێژی بۆ بەرگری لە خەباتی گەلی کورد ئەوە بووە کە بەردەوام کەلێنێک، دابڕانێک لە نێوان شار (خەڵک) و شاخ (پێشمەرگە) سازبکا بەهەر شێوەیەک و لەسەر بنەمای ئەم ئیستراتێژییەش تاکتیکی جۆراوجۆریشی ڕەچاو کردووە و... دواجار ئەم دابڕانە بۆتە هۆی ئەوە کە بوون و حزووری شاخ لە ناو شاردا بگاتە نزمترین ئاستی خۆی، بۆیە لە هەر شوێنێ و هەر کاتێک هەست بەمە بکا کە ئەوا خەریکە چەکەرەی حزوورێک سەرهەڵدەدا بێ‌سێ‌ودوو بیقرتێنێ. دەکرێ بڵێین لە نەبوونی گوتارێکی ئەوتۆدا، بۆشایی‌یەک هەستی پێدەکرێ کە دواجار ئەم بۆشایی‌یە دەبێتە لەمپەری لێک‌تێگەیشتنی هێزە سیاسییەکان و چالاکڤانانی ناوخۆ، واتە لە نەبوونی گوتارێک‌دا کە خاڵە هاوبەشەکانی هەردوو لا لەیەکدی کۆکاتەوە و لەسەر خاڵە جیاوازەکانیشی موناقەشە بکرێ بۆ خەمڵاندنی ئەم گوتارە، ئاسایی‌یە هەست بەم کەلێنە بکەین. دیارە لە کەشێکی دێموکراتیک‌دا ئەمە زۆر ئاسایی‌یە کە "شێوە ڕوانین"ی دەرێ و ژوورێ جیاوازی بەیەکەوە هەبێ، دەڵێم جیاوازی نەک دژایەتی! بێگومان ئەم شێوە ڕوانینە ئەگەر لەسەر بنەمای ناسینێکی ورد و تۆکمە نەبێ کەلێنەکە چەند قات بەرزتردەکاتەوە، کە سەیری ئەم دنیا مەجازییە دەکەی بۆت دەردکەوەێ کە هۆکاری ئەم کەفوکوڵە کاتی و پۆپۆلییستییە کە هەندێ جار لۆمپەنیزمێکی هەوسارپساویشی لە سەر بنەمای وەهم و درۆ پێوە دیارە بەرهەمی توخمی نەناسینی ناوخۆیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە. بەڵام جەمسەرێکی تر واتە ژوورەوەش لە قۆستنەوەی هەلەکان‌دا دەورێکی پاسیوی گێڕاوە. لە کۆمەڵناسی سیاسیدا هەندێ جار پێشهاتە و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن کە بارودۆخی سیاسی وڵاتێک دەگۆڕن. پارسۆنز پێی وایە ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی وەک هێزێکی گشتی جەماوەری دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵگا و دواجار لەسەر مێژووی وڵاتێک شوێندانەربێ. بە بڕوای من لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا بۆ بەدیهاتنی ئەم ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییە چەشنێ کاتالیزۆر پێویستە کە ببێتە هۆی هەڵایسانی ئاڵوگۆڕەکە، بە مەرجێک پێشهاتەکە بقۆزرێتەوە. هەربۆیە لە نەبوونی گوتاریکی جیددیدا، ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ ناقۆزرێنەوە و کە نەقۆزرانەوە، دەرەوە بە تەعبیری خۆی سەودا لەگەڵ ڕووداوەکە دەکا تەنانەت ئەگەر ئاستی ناسینەکەشی لاواز بێ. لێرەدایە کە تێکهەلەنگوتن ساز دەبێ ئەگەر گوتارەکە بوونی بوایە سەنتێزێک لەم دوو شێوەڕوانینە دەیتوانی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی بکا بە خاڵگۆڕانێکی جیددی لە کۆمەڵگادا. بەڵام لە نەبوونی گوتاردا زیاتر جیاوازییەکان خۆدەردەخەن. وەک ئەم ڕووداوەی شاری مەهاباد کە نە ناوخۆ توانی بیقۆزێتەوە نە دەرەوە توانی کاناڵیزەی بکا! لە ڕاستیدا کێشەکە نەبوونی گوتارە نەک جیاوازیی گوتار، ڕۆژهەڵات تا ئەم دوایی‌یانە هەر پاشکۆی گوتاری باشوور و باکوور بووە، بەڵام پێموایە ئێستا بۆ هێزە سیاسییەکان بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ناوچە و بارودۆخی ئێران دەرکەوتووە کە ئەمانە ئاڵترناتیوێکی گونجاو و کردەیی نەبوون و نین بۆ ڕۆژهەڵات. لاموایە ئەگەر سەرجەم ئەم هێزانە سادقانە ئەم پرسیارە ئاراستەی خۆیان بکەن کە لە ماوەی ٢٠ساڵی ڕابردوودا چییان کردووە و بەگشتی چ شوێندانەرییەکیان لەسەر نێوخۆی ڕۆژهەڵات هەبووە و دەیانەوێ چ بکەن بۆ داهاتوو، بتوانن هەست بەمە بکەن کە سازدانی گۆتارێکی هاوبەش لە نێو خۆیاندا بە ئاکامێکی ئیجابیان بگەیەنێ و ئەمە بکەن بە سەرەتای خاڵگۆرانێکی ئەوتۆ بۆ خۆیان و دواجار بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کەوابوو ئەوەی بۆتە "پاشنەی ئاشیل"ی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەبوونی قورسایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوەیەیە لە هەمبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا بە هۆی نەبوونی گوتارێکی گشتگیری ڕۆژهەڵاتی. واتە کورت و کرمانجی دەسەڵات بە "هەند"مان وەرناگرێ، بە هێزمان دانانێ بەلایەوە کەمترین مەترسیمان هەیە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی... هەر بۆیە وەک ئاماژەم پێدا لە یەکەم هەنگاودا ئەوەی گرینگە ڕێکخستنی گوتارێکی هاوبەشە، گوتاری هاوبەش مانای ئەوە نییە کە ئەم هێز و لایەنانەی تووشی لەتبوون هاتوون یەکبگرنەوە، مانای ئەوە نییە ڕەخنەیان سەبارەت بە سیاسەتەکانی یەکدی نەبێ، لەهەمبەر یەکدی نەوی بکێشن یان لەگەڵ ناوخۆ هیچ جیاوازییەکیان نەبێ...نا... لە ڕاستیدا ئاراستەی ئەم گوتارە هاوبەشە دەبێ بگۆڕدرێ و ڕووی قسەی لە "ئەوی تر" بێ... ڕووی لە دەسەڵات بێ... ئەم گوتارە دەبێ لە سەر چەمک‌گەلی هاوبەشی هێزەکانی دەرەوە و ناوخۆ خۆی ساغکاتەوە و بتوانێ قورسایی و بارستایی ئەم بزووتنەوەیە بەرزکاتەوە. ئەوەش نابێ لە بیر بکەین کە ئەگەری ئەوە هەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕووداوگەلێکی لەم چەشنە دووپاتە ببنەوە، ناکرێ و ناشبی ئەم چاوەڕاونییەمان هەبێ کە یەک شێوەڕوانین لە دەرەوە و ژوورەوە بەدی بکەین، ئەگەر گوتارێکی گشتگیر بە تایبەتمەندییە ڕۆژهەڵاتییەکەی بوونی هەبێ ئەم شێوەڕوانینانە دواجار دەبنە هۆی پڕبوونەوەی کەلێنەکان. ئەوەی کە سەرەتاکانی ساڵانی شەست دوانەی شوێن - کات، گەورەترین هۆکاری ئەم بۆشایی‌یە بوو لە نێوان دەرەوە و ژوورەوە، ئێستا ئەوا میدیای نوێ بە دوور لە کەشێکی ئێحساسی و لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەتوانێ ئەم کەلێنە بە تەواوی پڕ کاتەوە. دیارە چالاکی حیزبێکی سیاسی کردەیەکی سیاسییە و جەماوەری و ئاکامخوازە، بەم مانایە کە دەیەوێ دواجار لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بێ، بەڵام کردەی مەدەنی، چالاکییەکی شارۆمەندی و مافخوازانەیە کە بۆی هەیە هەموو تاکێکی کۆمەڵ حەولی مسۆگەر کردنی ئەم مافانە بدا، ئێستا کە دەرەتانی کردەی سیاسی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ناوخۆی وڵاتدا نییە کردەی مەدەنی ڕووناکبیران لە ناوخۆدا دەتوانێ قەرەبووی ئەم بۆشایی بکاتەوە، ئەمە سەرەتایەکی شیاوە بۆ نۆژەن کردنەوەی گوتاری ڕۆژهەڵات!