کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتە خوێندنەوەیەک بۆ " لاپەرەیەکی نوێ لە خەبات"

14:47 - 24 جۆزەردان 2715

ئەگەر لە خۆمانی ئاڵۆز و پڕ پێچ و پەنا نەکەین، هەموومان هۆکاری هەڵدانەوەی ئەم لاپەڕە نوێیە دەزانین و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی دا زۆری قسەی لە سەر کراوە. لە گەڵ رێزمان بۆ خەبات و تێکۆشانی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم جووڵەو حەرەکەتە تازەیەی کە دەوترێ "گروتینێکی دیکەی بە خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخشیوە"، بەرهەمی بەخۆداچوونەوەیەکی وردو لە هەمان کات دا ئازایانەی حیزبی دێموکراتە بە هەر دوو باڵەکەیەوە. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بەخۆداچوونەوەکە گشتگیرو پڕمەوداتر بوو. کەوابوو ئەم لاپەڕە نوێیە لە خەبات و خوێندنەوە بۆ کردنی پێش هەموو شتێک، رووی لە حیزبی دێموکراتە. حیزبی دێموکراتە کە ئەم رەوتە لە خەباتی دەستپێکردوە و چاوەڕوانییەکانیش زیاتر لەم حیزبەیە. هیچ گومان لەوەدا نیە کە ئەم حەرەکەتە کە بە " لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان" ناوی دەرکردوە، گوڕوتینێکی تایبەتی بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەندامانی هەردوو باڵی حیزبی دێموکرات بەخشیوەو هیواو هومێدێکی نوێی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا چێ کردوەو لە هەمووی گرینگتر، پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی زیاتر لەم چەند ساڵەی رابردوو زەق کردۆتەوە. بەڵام ئەوە بەتەنیا ناتوانێ ئەسڵی مەسەلەکە بێ. لەم پێوەندییەدا دوو مەسەلە زۆر جێی بایەخ و گرینگە: یەکەم بۆ ئەوەیکە حیزبی دێموکرات بتوانێ وەک چۆن چاوەڕوانیی لێ دەکرێ، لەم "لاپەڕە نوێ"یەدا سەربەرزانە بێتەدەرێ و رەساڵەتی ئەم قۆناغە لە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە درووستی جێبەجێ بکات، پێویستە ناو ماڵی خۆی یەک بخاتەوەو لە داهاتوویەکی نزیک دا دەبێ حیزبی دێموکراتێکی یەکدەست و بەهێز ئەم جووڵەو لاپەڕە نوێیە رێبەری و مودیرییەت بکات. لە ئێستادا دوو هێزی، هەردووک دێموکرات لە پەنای یەکتر و "چەک بەدەست" لە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵات جێگیرن کە بێگومان لایەنی ناحەزو دژبەر، لە پێش هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی ئێران، چاوی لە سەریانەو بۆیان لە پیلانگێڕی دان. هەر لەم سۆنگەیەوە ئەگەر یەکگرتوو نەبین و لە درێژماوەدا نەتوانرێ لە ژێر رێبەریی و مودیرییەتێکی واحیدی دێموکراتێکی یەکگرتوودا جووڵەو حەرەکەتەکانی ئەم دوو هێزە رێبەری و مودیرییەت بکرێ، ئەگەری ئەوە هەیە دوژمنان و نەیارانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەنگاوەکانی دواتر خاو یان لە پەلوپۆ بخەن. خاڵی دووهەم، "ئامانجدارکردنی" ئەم حەرەکەتەیە. ئەوە بەو مانایە نیە کە بوترێ: ئەی ئەگەر حیزبی دێموکرات مەبەستەکەی دیاری نەکردوە چۆن پێشتر جووڵەکەی کردوە یان لاپەرەیەکی دیکەی هەڵداوەتەوە. بەڵکوو مەبەست لە ئامانجدارکردن، خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەیە بۆ ئەم جووڵەو حەرەکەتە نوێیە. شک لەودا نیە کە حزووری چەکدارانەی ئێستای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر سنوورەکان و لە ناوخۆی وڵات، ناتوانێ بە شێوەو شیوازو جۆری خەباتی چەکداریی دەیەی ٦٠ و دواتریش بێ و هەموویشمان ئەوە باش دەزانین کە رۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستا، کوردستانی دوو دەیە پێش ئێستا نیە. ئەگەر لە دوو دەیەی پێش ئێستادا خەبات تەنیا رەهەندێکی سیاسی _ چەکداری هەبوو، ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان روخسارێکی دیکەیان بە کوردستان بەخشیوەو جۆری خەباتی مەدەنی، فەرهەنگی، خوێندکاری، ژینگەپارێزی و ئەدەبی و یاسایی و.... کە هیزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان بە باش و پێویستیان دەزانن، لە ئارادا هەن. کەوابوو گوتاری ئەم خەباتە نوێیە دەبێ خۆی لە "خۆ بە تەوەر زانین " بە دوور رابگرێ. بایەخدانان بۆ سەرجەم رەهەندەکانی خەبات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات یەکێک لەو پێویستیانەیە کە دەبێ لەم "لاپەڕە نوێ" یەدا بە بایەخەوە سەرنجی بدرێتێ.