کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مهاباد بە کۆماری ئیسلامی ناگیرێ.

16:14 - 28 جۆزەردان 2715

ئەم دوو حەوتوویەی رابردوو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ مهاباد بە تایبەتی پڕ بوو لە هەواڵ و رووداوی دڵتەزێن، ئەگەر لە گەڵ دوویان کە مەرگی دوو نووسەر و رۆژنامەنووسی پڕبەرهەم و دڵسۆزی گەلەکەمان بوو هیچی لە گەڵ ناکرێ، لانیکەم دووی دیکە زۆر دڵتەزێن و جێگای لێ وردبوونەوە و هەڵوەستە کردنن. یەکشەممەی ئەم حەوتوویە زیندانیی سیاسی مەنسوور ئاروەند کە چەند مانگ لەوەپێش پێی راگەیاندرابوو کە حوکمی ئیعدامەکەی کراوەتە زیندانی هەتاهەتایی بەداخەوە پاش گواستنەوەی لە زیندانی مهابادەوە بۆ میاندواو لە سێدارە درا. لە هەمان کاتیشدا پەروەندەی فەریناز خوسرەوانی لە لایەن وەزارەتی نێوخۆی ئێرانەوە داخرا و رایانگەیاند کە ئەو رووداوە هەمووی پیلان بۆ داڕێژراو بوە و تاوانبارەکەش مەئمووری هیچ ناوەندێکی ئەمنیەتی نەبووە. پێش هەموو شتێک پرسیار ئەوەیە کە بۆچی زیندانیەکی سیاسی کە حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی دابەزیبوو لە پڕ لە سێدارە درا و پەروەندەیەکیش کە هەموو دنیا چاوەڕێی ئەوە بوون کە تاوانبارەکانی سزا بدرێن لە ناکاو لە لایەن دەوڵەتەوە بە داخراو رادەگەییندرێ. جوابی پرسیارەکە تەنیا و تەنیا ئەوەیە کە ئەم دوو بابەتە هیچی دیکە نیە ئیللا شەڕی رەوانی و ئاشکرا و راگەیاندراوی تازەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژی خەڵکی کوردستان و حیزبی دیموکرات و خەڵکی مهاباد بە تایبەتی. لە چەند ساڵی رابردوودا سەرەڕای شپرزەیی و کێشە و خۆخۆریەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات، حیزبی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵی بەڕێکخستن کردنی کۆمەڵگای کوردستانی داوە و هاوکاتیش هیچ درگایەکی لە خۆی دانەخستوە و لە چەند بواردا بە کردەوە هەوڵی دەرباز بوون لە قۆناغی ئێستای رۆژهەڵاتی داوە. نموونەش زۆرن کە بابەتی ئەم وتارە نین. بەڵام لە جەریانی رووداوەکەی مهاباددا کە دەنگدانەوەکەی بۆ هێنانە سەر ئانتینی پرسی کورد لە کوردستانی ئێران لە ئاستی جیهانیدا بەرچاو بوو، کۆماری ئیسلامی بەڕاشکاوی ئەو ناڕەزایەتیانەی خستە ئەستۆی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە جیاتی ئەوەی کە دەس بە جێ هەوڵی گرتن و بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکان بدا کوتی حیزبی دیموکرات و تلوزیۆنەکەی واتە کوردکاناڵ خەڵکیان بۆ خۆپیشاندان هان داوە. بۆیە لە راستیدا داخرانی پەروەندەکەی فەریناز دەکرێ وەک بەرپەرچ دانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دژی خەڵکی مهاباد و حیزبی دیموکراتی چاو لێبکرێ. لە لایەکی دیکەوە لەوەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم ماوەیەدا لە هەوڵی ئەوەدایە کە جددیتر و ئاشکراتر لەم چەند ساڵەی رابردوو پێشمەرگەکانی بنێرێتەوە ناو خەڵکی خۆی، کۆماری ئیسلامی بە هەرشێوەیەک بۆی کرابێ و بۆی بکرێ دەیهەوێ پێش بەو حەرەکەتە و جموجووڵی پێشمەرگە بگرێ. نموونەکەی وەدەنگ هاتنی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی وەکوو شەمعخانی و هاتوچووی ئاشکرا و نهێنییان بۆ باشووری کوردستان کە بەڵکوو پێش بەو جموجووڵانە بگرێ. ئەوەی روون و ئاشکرایە دەکرێ بڵێین کە ئەمە دەستپێکی قۆناغێکی تازەیە لە شەڕی داسەپاوی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژی خەڵکی کوردستان و وەک هەمیشە بە ئیعدام بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک دەستی پێ کردوە. بۆیە لە کۆتاییدا دەکرێ بوترێ کە له‌ سێداره‌دانی مه‌نسوور، داخرانی په‌روه‌نده‌ی فه‌ریناز و راگرتنی گیراوانی مهابادی له‌ زیندانی نادیار و فشاره‌کان بۆ سه‌ریان و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌کانیان، هه‌مووی شه‌ڕی تازه‌ راگه‌یاندراو و ئاشکرا و پڕ له‌ تووڕه‌یی کۆماری ئیسلامی به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستان و به‌ تایبه‌تی خه‌ڵکی شاری مهاباده‌