کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارە دانی مەنسوور ئاروەند و جیهانبینییە جیاوازەکان

16:49 - 31 جۆزەردان 2715

پێناسە بۆ سیستمە سیاسییەکان لە فەرهەنگێک بۆ فەرهەنگێکی دیکە جیاوارە، هێندێک لە سیستمەکان هەڵقوڵاوی ئەو کۆمەڵگایەن کە بەڕێوەی دەبەن جا چ بە هەڵبژاردن بێت یان خود بە خۆسەپاندن. بەڵام هێندێک سیستمی سیاسی یان بیرۆکەی سەیر و سەمەرە هەن کە بە گشتی خاوەن جیهانبینیی تایبەت بە خۆیانن و تەواو جیاوازن، یان بە واتایەکی دیکە بیر و ئیدەی خۆیان بە دیاری ئاسمانەکان بۆ مرۆڤ دەزانن و لە ڕوانگەی مرۆڤی سەرئاساییەوە هەڵسوکەوت لە گەڵ کۆمەڵگاو مرۆڤایەتی دەکەن. کۆماری ئیسلامی خاوەن بیرۆکەی وەهایە واتە خۆی بە نوێنەری خودا لە سەر عەرز دەزانێ و بۆ هەموو کردەویەکی مرۆیی بڕیار و یاسای تایبەت بە خۆی هەیە کە لەم سەردەمەدا هیچ کۆمەڵگایەکی ئاوەزمەند و مۆدێڕن ئەو هەڵسوکەوت و یاساگەلە بەجێ و پەسند نازانن. پرسی کورد پێش هەموو شتێک پرسێکی ئینسانییە، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسیشەوە پرسی نەتەوەیەک وەک کورد کاتێک چارەسەر دەبێت کە ئیدارەی سیاسی ئەو نەتەوەیە بە دەستی خۆیەوە بێت واتە بۆ خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام کۆماری ئیسلامی ڕوانگەیەکی تەواو جیاوازی بۆ پرسی کورد هەیە؛ جیاوازیی بوونی ئەو ڕوانگەیەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو جیهانبینییە کە ئەو ڕێژیمە بە نیسبەت مرۆڤ و پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە هەیەتی. کاتێک کۆماری ئیسلامی خۆی بە نوێنەری خوا لە سەر عەرز دەزانێ، بێ گومان بەرنامەی بۆ هەموو ڕەهەند و کەلێن و قوژبنەکانی ژیان و کۆمەڵگە هەیە، بە واتایەکی دیکە ئەو چەمک و واتا مۆدێڕنانەی کە باسی بایەخ و کەرامەتی ئینسانەکان دەکەن، لای ئەوان بایەخی نییە، چونکە لە ڕاستی دا ئەو ئەقڵییەتە کە کەرامەتی مرۆڤەکان لە ئەولەوییەت دا دەنێ، لە واقیعدا لە گەڵ بەرژەوەندیی کۆی سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا ناتەبایە. لە ناو گەلانی ئێران دا، کورد بە نەتەوەیەکی ئازادیخواز ناسراوە کە ملکەچی یاسا بێبنەماکانی کۆماری ئیسلامی نابێ؛ کۆماری ئیسلامیش دژبەرانی خۆی بە دژبەری خودا دەزانێ، کە وابوو لەم سۆنگەیەوە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا کورد هەر لە بنەڕەت ڕا وەک نەتەوە تاوانبارە. هەروە ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەنسوور ئاروەند چالاکی سیاسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارەدرا؛ چالاکیی مەنسووری ئاروەند وەک شۆڕشگێڕی نەتەوەیەک لە گەڵ هیچکام لە پرەنسیپە ئەخلاقی و مرۆییەکان لە دژایەتی نییە بەڵکو لە ڕاستای پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی کورد و حوقوقی سیاسی ئەو نەتەوەیە دایە کە ئەمەش لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە بە مانای شەڕ لە گەڵ خودایە. لە ڕاستیدا دەبێ ئەم جۆرە فیکر و تێڕوانینە لە سێدارە بدرێ، نەک کەسانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری وەک مەنسوور ئاروەند و بەمجۆرە بەرگری لە مەنسوور ئاروەند بەرگری لە نیشتمانێکی داگیرکراوە. لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، کورد وەک نەتەوە بێ‌ڕێزی بە چارەنووس و کەرامەتی کراوە و دەکرێ، کە وابوو ئەرکی هەر تاک و حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە خاوەندارییەتی لە هزری ئازادیخوازیی مەنسوور ئاروەند و لاوانی شۆڕشگێڕی دیکەی نیشتمان بکا، چونکە ئەوان لە پێشدا مۆڵک و سامانی نەتەوەیەکن، پاشان بە ویستی خۆیان لە گەڵ یەکێک لە هزرە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردستان خۆیان ڕێک خستووە. لە سێدارە دانی مەنسووری ئاروەند هەڵگریی دوو پەیامە : یەکەم؛ پەیامی کۆماری ئیسلامیی سێدارەیە کە پردی پەیوەندی ئەوان لە گەڵ کورد دا پەتی سێدارە و کوشتنە، چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە کورد بە گشتی تاوانبارە و کاتی بە سزا گەیاندنێیان جیاوازە. پەیامی دووەم بریتییە لەوەیکە خەباتی بێ‌پسانەوەی گەلی کورد بەردەوامە و لاوی کوردیش بەرزتر لە داری سێدارەیە و ئەو جیلە خاوەنداری لە هزرێک دەکا کە جیا لەو هزرە بێ‌بنەمایەیە کە مرۆڤ بێ‌واتا دەکات.