کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی درێژ و دەقی کورت!

18:18 - 31 جۆزەردان 2715

بەردەوام لە چەند دەهەی ڕابردوو تا دەگاتە ئێستا دەقە ئەدەبییەکانی هەموو جیهان بەرەو کورتبوونەوە دەچێ و زۆر بە کەمی چاومان بە دەقی درێژ دەکەوێ لە ناو هەموو بەشەکانی ئەدەبیات دا، واتە خوێنەری سەردەم و ژیانی ئێستای کۆمەڵگاکان دەرفەت و هەلی ساڵانی ڕابردووی بۆ مرۆڤی خوێنەر نەهێشتۆتەوە کە رۆمانێکی درێژی وەک رۆمانە کلاسیکەکانی پێشوو بخوێنێتەوە، هەر لەو سۆنگەیەوە زۆربەی دەقەکانی رۆژی وڵاتانی جیهان بەرەو کورتبوونەوە دەڕوا و دیارە ئەدەبیاتی کوردیش لەو باسە بێ‌بەری نییە بەڵام ئەو راستییە زۆر بە کەمی لە ناو مێشکی بەشێکی بەرچاو لە نووسەرانی کورد رەنگی داوەتەوە. هەر بۆیە لە ئێستا دا بەردەوام دەقی درێژ و بێ ئاکام بڵاو دەبێتەوە. کاتێک شاعیرێک دەست دەکا بە نووسینی شێعرێکی درێژ، یان زۆر جاریش یەک کتێب خاوەنی یەک شێعری درێژ دەبێ و بڵاو دەبێتەوە بە دڵنیاییەوە کاری ئەو شاعیرە ئەستەمتر و هەستیارتر دەکاتەوە، واتە یەکدەست بوون و یەک‌پارچەیی شێعر گرینگترین تەوەرەی شێعرێکی درێژە. واتە چ لە باری مانایی و چ لە باری فۆڕمی و وێنە و...هتد، دەبێ ئەو شێعرە تەواو یەکدەست و یەک‌پارچە بێ و لە سەرەتا تا کۆتایی شێعر دەبێ هێڵێکی مانایی و فیکری سەرجەم شێعرەکە بە یەکەوە گرێ بدا. «هونەر لە ئاکامدا بە مانای یەکپارچەییە، گەڕان بە شوێن نەزمە،» بە دڵنیاییەوە گەیشتن بەو یەکپارچەییە سەرڕێژ لە چێژە، یانی ئەوەی کە بە ڕەچاو گرتنی یەکیەتی و پەیوەندی و جێگای تایبەت و بەرچاوی هەر وشەیەک لە شوێنی خۆی خوێنەر دەگەیەنێتە شێعرێکی یەک‌پارچە و سەرکەوتوو. لە شێعرێکی درێژی سەرکەوتوو و یەکپارچە دا هیچ شتێک زۆر یان کەم نییە، هەر بەش لە شێعرێک‌دا پەیوەندی بەو جێگایەوەیە کە لێی جێگیر بووە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانین جێگاکەی بگۆڕین، واتە لە شێعرێکی درێژ و سەرکەتوو دا ناتوانین جێگای دێڕێک لە گەڵ دێرێکی کە یان وشەیەک لە گەڵ وشەیەکی کە بگۆڕین، چۆن بە دڵنیاییەوە شێعرەکە لە باری ماناییەوە تێک دەچێ و ناحەز دەبێ و ئەو کاریگەرییەی نامێنێ. لە ڕاستیدا لە شێعرێکی درێژی تەواو سەرکەوتوو و شاعیرانە دا کە رۆحی شێعری تێدا بەدی دەکرێ هەست دەکەین کە هەڵبژاردنی وشەکان بە شێوازێکی تەواو شاعیرانە و شارەزایانە کراوە. هەر کەس بە وردی و بە پێی توانا و دەرفەت شێعری وڵاتانی جیهانی خوێندبێتەوە بە دڵنیاییەوە شێعری کەڵە شاعیرانێکی وەکوو: ئۆکتاو یۆپاز، گاوین بێنتاک، تی ئێس ئێلیوت و بە تایبەت نزیکتر لە خۆمان وەکوو شیرکۆ بێکەس و سوارە ئیلخانیزادە...، کەوتۆتە بەر چاو و خوێندوویەتەوە. کاتێک کە شێعری «بەردی هەتاو»ی «ئۆکتاو یوپاز» یان شێعری «ئیکوور»ی «گاوین بێنتاک» دەخوێنییەوە تەواو ئەو یەکپارچەیی مانایی و فۆڕمییە بەر چاو دەکەوێ و تۆی خوێنەر ناتوانی ئاڵ و گۆڕی بە وشە یان دێڕێک بکەی لەو شێعرەدا، واتە سەرجەم شێعرەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی خاوەنی مانا و وێنە و فۆڕمێکی تایبەتە و شاعیر بە شێوەیەکی تەواو شاعیرانە و وردبینانە دەوری لە سەر گێراوە. یان کاتێک کە شێعری «دەربەندی پەپوولە»ی شێرکۆ بیکەس یان «خەوە بەردینەی» سوارە ئیلخانیزادە دەخوێنییەوە بە هەمان شێوە لە گەڵ یەک‌پارچەییەکی تەواو شاعیرانە بەرەوڕوو دەبییەوە و لە سەرەتا تا کۆتایی شێعرەکە خوێنەر سەرقاڵی یەک مانا و هزر و گێڕانەوە دەکا کە لە شێعرەکەی دا بوونی هەیە. واتە خوێنەر بە باشی بە شوێن ڕووداوەکان و گێڕانەوەی شاعیر دا دەڕوا و تووشی پچڕ پچڕ بوون لە شێعرەکە دا نابێ. لە ژماره‌ ٦٥٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌