کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژهەڵات لە بەردەم دڕندەیی دیکتاتۆردا

17:17 - 16 پووشپەڕ 2715

دوو ـ سێ مانگی رابردوو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پڕ ناخۆش و کارەساتبار بوو. دەکرێ بێژین کۆمەڵێک رووداو روویان دا کە لە جۆری خۆیاندا تراژدایەک بوون. لە ناخی ئەم تراژدیاگەلەدا بێ بایەخی مرۆڤ و مافەکانی خۆی دەردەخا و هاوکات دڕندەیی دیکتاتۆرمان بۆ بەرجەستە دەکاتەوە. رووداوی گیان لەدەست دانی فەریناز خوسرەوانی کە لە ئاکامی هەوڵی دەستدرێژی کاربەدەستێکی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیدا لە مەهاباد روویدا پڕ هەژێنەر و تراژیک بوو، کە بە خۆشییەوە کۆمەڵگەی کوردستان لە رۆژهەڵات لە ئاست ئەم رووداوە بێدەنگ نەبوو و کاردانەوەی شیاوی هەبوو. بێگومان ئەمەش نیشانەی زیندوویەتیی کۆمەڵگەی کوردییە لە ئاست ویست و داخوازییە بەرهەق و نەتەوەییەکانی. لە بەرانبەریشدا شێوازی مامەڵە کردنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەڵارێدا بردنی دۆسییەی تاوانی گیان لە دەستدانی فەریناز خوسرەوانی و رووداوەکانی پاش گیان لەدەستدانی فەریناز لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی رۆژهەڵات، دڕندەیی و بێبەزەیی بوونی ئەو دەسەڵاتە سەدە نێوەڕاستییەمان بۆ دەردەخا. سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و گرتن و لێدان و کوشتن و بریندارکردنی خەڵک، رەت کردنەوەی ئەوەی کە دەستدرێژیکەر سەر بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبووە، هەڕەشە کردن لە بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی و... نموونە رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی بوون بەرانبەر بەم کارەساتە دڵتەزێنە. پاش ئەم رووداوە و کاردانەوەکان بەم رروداوە، رووداوی لە سێدارەدانی بەندیی سیاسیی کورد، مەنسوور ئاروەند لە رۆژی 23ی جۆزەردان (١٤.٦.٢٠١٥)، کارەساتێکی دیکە و غەدرێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بوو بەرانبەر بە کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و بنەمالەی مەنسوور ئاروەند بەتایبەتی. مەنسوور ئاروەند شۆڕشگێرێکی سیاسی و مەدەنیی کورد کە تەنیا تاوانی ئەوە بوو داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی کردبوو، کە ئەمەش مافی رەوای هەموو مرۆفێکی ئازاد و سەربەستە. سەرەڕای ئەنجام دانی ئەم کردەوە دڕندانەیە، بەداخەوە بینیمان کە ئیزنیان بە بنەماڵەکەی نەدا کە لە مزگەوت سەرەخۆشی بۆ دابنێن و تەنانەت تەرمەکەشیان رادەست نەکردنەوە. پاش ئەم رووداوە رۆژی 8ی پووشپەڕ دیسان رۆژهەڵاتی کوردستان دوو رووداوی دڵتەزێنێ دیکەی بە خۆیەوە بینی کە بەرهەمی دڕندەیی و بێبەزەیی دیکتاتۆری رەشی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. رووداوی یەکەم گیان لە دەستدانی «ئاکام تەلاج»، خوێندکار و خەڵکی شاری نەغەدە بوو کە لە ئەنجامی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان دژی مەرگی فەریناز خوسرەوانی بە گوللەی بەکرێگیراوێک بریندار بوو و دوای تێپەڕینی دوو مانگ کە لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و مەهاباد لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوو، بە داخەوە رۆژی 8ی پووشپەڕ گیانی لە دەست دا و چووە ریزی کاروانی شەهیدانی رێگه‌ی رزگاری کوردستان. پاش ئەم رووداوە و لە ئێوارەی هەمان رۆژدا بەداخەوە کانی ئاگووشی کچی بەندیی سیاسیی کورد حەمەدەمین ئاگووشی لە شاری پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. کانی تەمەن 23 ساڵ کە خوێندکاریش بوو، ساڵانێکە باوکی بەند کراوە و لە نازی باوک بێبەش بووە و ساڵی پاریش دایکی لە داست دابوو. ئەمانە بووە هۆی ئەوەی تووشی خەمۆکی بێ و لە ئەنجامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ. ئەو رووداوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ‌کرا، هەمووی لە ژێر سایەی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیدا خوڵقاون و بەرپرسیارەتیی ئەم تاوانانە لە ئەستۆی ئەو رێژیمەیە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی سەرکوت و هێرشی بۆ سەر کورد و چالاکوانانی کورد گرتووەتەبەر و ئەم سیاسەتە شتێکی تازە نییە، بەڵام بە سەرنجدان بە ئاڵوگۆڕەکانی پێدەچێ ئەم سیاسەت و سەرکوتانە دژی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر پەرە بستێنێ. ئەو چەند نموونەی کە ئاماژەیان پێ‌کرا نیشانەی ئەو پەڕه‌ی دڕندەیی ئەو رێژیمەیە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان لە چەند دوو ـ سێ مانگی رابردوودا. وەک لە سەرەتاوە هەر کام لەو رووداوانە لە جۆری خۆیدا تراژدیایەکە و بێ بایەخ بوونی مرۆڤ و مافەکانی لا کۆماری ئیسلامی نیشان دەدا. بە لەبەرچاو گرتنی جموجووڵ و چالاکییەکانی ئەم دواییەی تێکۆشەرانی دیموکرات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بێگومان رێژیم بازنەی سەرکوتەکانی فراوانتر و توندتر دەکا دژی خەڵکی کوردستان و دەبێ خۆمان بۆ ئەم قوناغە ئامادە بکەین. لەم قۆناغەدا رەنگە رۆژهەڵات بکەوێتە بەردەم پەلاماری زۆر دڕندانەی دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامی و رەنگە رووداوی زۆر قووڵتر و تراژیکتر لەوانەی سەرەوە دیسان دووبارە ببنەوە. ئەوەی لەم نێوانەدا گرنگە ئەوەیە کە نەترسین و ئەم رووداوانە هەنگاومان پێ شل نەکات و نەهێڵین خوێنی مەنسوور ئاروەندەکان و ئاکام تەلاجەکان و... بە فێڕۆ بچێ. لە ژماره‌ ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌