کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤ لە ژێر سێبەری رەشی ستراکچەری نادادپەروەرانە و ناڕێکوپێکی سیاسەت لە جیهان

17:19 - 16 پووشپەڕ 2715

و. بۆ کوردی: کۆڤان ئەو کەسانەی بەدواداچوون بۆ هەواڵ و رووداوەکانی جیهان دەکەن، هەمیشە پرسیارێکی زۆری بێ وەڵامی هیوابڕ بە زەینیاندا تێدەپەڕێ، بۆ وێنە بۆ کەس کارێک بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکانی سووریە ناکا؟ بۆ رۆژاوا و ئەوانەی ئیدیعای دیموکراسی دەکەن نابزوون؟ بەسەرهاتی نوقم بوونی ئەو کوچەرانەی بە هۆی خراپی و شپرزی باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نیشتمانیان جێ دێڵن و روو لەو وڵاتە ئازادەکان دەکەن، کەی کۆتایی پێ دێ؟ بۆچی سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییانە هێشتاش نزیک بە میلیاردێک مرۆڤ بە برسێتی دەنوێ و هەندێکیش بەهۆی برسییەتی و کۆڵەوارییەوە دەمرن؟ ئەگەر لە ئێران دەژین بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە لاتان دروست بووە، ئەرێ ئەگەر رێککەوتنی ناوکی نێوان ئێران و رۆژاوا سەر بگرێ، مافی مرۆڤ لە ئێران پشتگوێ دەخرێ؟ بێگومان ترسی پەرەسەندنی توندوتیژی لە جیهان یەکێکە لە کەڵکەڵەکانی ئەو کەسانەی بەدواداچوونی هەواڵ و رووداوەکانی جیهان دەکەن. بەڵام بەڕاستی مەترسی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە جیهان، لە گۆڕێدایە؟ ئەگەر ئەو مەترسییە هەیە، هۆکارەکەی چییە؟ دامەرزراوی توێژینەوەی ئاشتی و ئابووری، کە ناوەندەکەی لە ئوسترالیایە، لە راپۆرتی پێوەری ئاشتی ساڵی ٢٠١٤دا رایگەیاند ژمارەی ئاوارەکان بەهۆی شەڕەوە بە زیاتر لە پەنجا ملیۆن کەس گەیشتوە و ژمارەی کوژراون بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە لەو ساڵەدا لە چاو ساڵی ٢٠١٠ سێ بەرابە زیاتر بووە! لەو راپۆرتەدا هاتووە ئاشتی و هێمنایەتی لە رۆژاوا بەرز بۆتەوە و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش توندوتیژی زۆر بووە. بە سەرنجدان بە پێچەڵاوپێچی و پێوەندییەکانی خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان، ناتوانین کاریگەریی توندتیژی بەشێکی جیهان لەسەر ناوچەکانی دیکە پشتگوێ بخەین، هەر بۆیە وڵاتانی رۆژاوایش دەبێ نیگەرانی تەشەنەی ئەو توندتیژییانە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بن، کاریگەریی رەوانی هێرشە تیرۆریستییەکانی حکوومەتی ئیسلامی (داعش) لە سووریە و ئێراق لە هێرشە تیرۆریستییەکانی فەڕانسە و چەند وڵاتی دیکەی جیهاندا بەڕوونی دیارە. دیارە توندوتیژییەکان لە جیهان هەموویان هەر تیرۆریستی نین و نابێ سێبەری شەڕ ناوکی نێوان رۆژاوا و رووسیەش لە جیهاندا لەبیر بکەین، چەند حەوتوو لەمەوبەر رووسیە رایگەیاند ٤٠ مووشەکی پێشکەوتووی بالستیکی وشکاڕۆپێو بە جبەخانە ناوکییەکەیەوە زیاد دەکا و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە چەند مانگێک لەوەپێش راگەیەنەکانی رووسیە رایانگەیاند پوتین ساڵی پار لەو کاتەدا کە کریمەی خستە سەر وڵاتەکەی خۆی، ئامادە بوو چەکە ناوکییەکانی بخاتە ئامادەییەوە! تەنیا هۆکاری بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان و بەرزبوونەوەی مەترسیی پێکدادانی رۆژاوا و رووسیە و چین؛ نەبوونی دادپەروەری و دیموکراسیی و مافی مرۆڤە لە پێوەندییە جیهانییەکاندا. پێوەندیی وڵاتان و شکڵ‌گرتنی پەیمانەکان هەموویان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی وڵاتەکان دان و نموونەی زۆر لەم بوارەدا دەبینرێ کە بە هۆی بەرژەوەندی ئابوورییەوە مافی مرۆڤ پێشێل کراوە یان پشتگوێ خراوە. تەنانەت رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش بە هۆی کارتێکەری و زۆرداری چەند وڵاتێکی زلهێز بە کردەوە بۆتە ئامرازێک بۆ رەوایی بەخشین بە کردەوە بەرژەوەندییخوازانەکانی چەند وڵاتێک، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هەنووکە ١٩٣ ئەندامی هەیە (تا ساڵی ٢٠١١) لە هەندێک بواری زۆر سنوورداردا نەبێ، دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردنی نیە، ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کە دامەرزاوێکی سەر بەو رێکخراوەیە، بە کردەوە گشت رێکخراوەکەی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و لە ١٥ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە ١٠ ئەندامی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە نێو ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەبژێردرێن و ٥ ئەندامەکەی دیکەشی (ئەمریکا، رووسیە، چن، ئینگلیز، فەڕانسە) ئەندامی هەمیشەیین و چونکی مافی ڤێتۆیان هەیە، دەتوانن بە بەکارهێنانی ئەو مافە، راوبۆچوونی زۆربەی ئەندامانی دیکە ڤێتۆ بکەن! مافی ڤیتۆ، ئەویش بۆ ٥ وڵات لە نێو ٩٣ وڵاتدا هیچ پاساوێکی دادپەروەرانە هەڵناگرێ و هەر بۆیەش ئەنجومەن توانای چارەسەری کێشە نێونەتەوەییەکانی نیە، مەگەر ئەوەی کە قەیران رووی نەدابێ یان چارەسەرکردنی پارادۆکسێکی زۆری لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو ٥ ئەندامە سەرەکییە نەبێ. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش پاراستنی تەناهی و ئاشتی جیهانی و هەروەها بەکارهێنانی هێز بۆ پاراستن یان گەڕاندنەوەی ئاشتییە، ئەگەر پێویست بێ، بەڵام هەروەک دەبینین بەهۆی دژایەتی بەرژەوەندییەکانی رووسیە و ئەمریکا لە سووریە کۆمەلگەی جیهانی توانای کۆتایی‌هێنانی کوشت و کوشتاری لەو وڵاتەدا نیە و بەکردەوە ئەنجومەنی ئاسایش ناکاریگەرە. دیارە لە کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەو بابەتانە کەم نین، لە قەیرانی باڵکان، دەیەی ٩٠ ی زایینی دیسانیش دژایەتی بەرژەوەندییەکانی رۆژاوا و رووسیە بووە هۆی درێژ بوونەوەی شەڕ لە یوگوسڵاڤی و کوژرانی سەدان هەزار کەس کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بە کردەوە تەنیا بینەری بوون، ناکارامەیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش لە رووداوی ژینۆسایدی ساڵی ١٩٩٤ی رواندا پەڵەیەکی رەشە بە مێژووی مرۆڤایەتییەوە و، بەڵگەیە بۆ ئامرازبوونی ئەنجومەنی ئاسایش. نەبوونی نەزم و دادپەروەری لە ستراکچەری سیاسی جیهان و بە تایبەت رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بووەتە هۆی ئەوەی کە وڵاتان و بە تایبەت ئەو ٥ ئەندامە هەمیشەییەی ئەنجومەنی ئاسایش بەتایبەتیش ئەمریکا و رووسیە لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی خۆیاندا بەرژەوەندییە نەتەوەکانیان وەپێش مافی مرۆڤ و دیموکراسی بخەن و بە سەرنجدان بە رابردوو و پێشنەی ئەنجومەنی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بێگومان پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران نەک سەرەتیی دانوستانەکان نییە، بەڵکو تەنیا ئامرازێکە بۆ گوشارهێنان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی رۆژاوا. رێکخراو نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی وەک ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر وێرانەی ستراکچەرە سیاسییەکان، بەر لە شەڕی دوویەمی جیهانی و لەپێناو بەرژەوەندیی زلهێزەکان دامەزراوە، نەک لە سەر بنەمای مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مرۆڤ‌تەوەری، هەر بۆیە هەتا گۆڕانێکی قووڵ لە پێکهاتەی سیاسی جیهاندا نەکرێ، ئەم کارەساتانە هەر بەردەوامن. بێگومان ئەگەر زلهێزەکان، مرۆڤایەتی و دادپەروەری وەسەروو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و غرووری ناماقووڵانەی نەتەوەییخوازانە و تەنانەت دەمارگرژییە بێ مانا حیزبی و بەرژەوەندییە حیزبییەکان بخەن، ئیدی پێویست بە بوودجەی سەربازیی ١٧٧٠ میلیارد دولاری (بوودجەی سەربازی جیهان لە ساڵی ٢٠١٤، دامەزراوی ئاشتی ئێستۆهکۆلم ناسراو بە سیپری) ناکا و بەو بوودجەیە دەتوانین بە جێێ وێران کردنی ژێرخانی ئابووی ولاتان و کوشتنی مرۆڤەکان، هەژاری لە جیهان بنەبڕ بکەن و تەنانەت دەتوانین بە پەروەردە و دیموکراسی مرۆڤایەتی لە دەست خورافاتیش رزگار بکەین. شایانی باسە گەلی زولم‌لێکراوی کورد کە بەشێکی زۆری دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دابەشی سێ وڵات کرا؛ وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکە بەهۆی بەرژەوەندیخوازی زلهێزەکان و نەبوونی ستراکچەی سیاسی نادادپەروەرانە هەنووکە لە ساڵی ٢٠١٥دا بە جێی توێژینەوە و سەفەر بۆ هەسارەکانی دیکە، خەبات بۆ سەرەتاییترین مافەکانی خۆی، تەنانەت خوێندن بە زمانی زگماکی دەکا و بە خراپترین شێوە لە لایەن حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی وەک کۆماری ئیسلامی کە مۆرەی شەترەنجی زلهێزەکانە سەرکوت دەکرێ. دەگەڵ پێشکەوتنی خێرای تێکنۆلۆژی و دروستکردنی چەک و تەقەمەنی پێشکەوتووتر و ئیمکانی فەوتاندنی تەنانەت ژیانی رووەکی لە گۆی زەوی، لە ئەگەری هەڵاییسانی شەڕی سێیەمی جیهانیدا، گۆڕینی ستراکچەری سیاسی جیهان و کۆتایی‌هێنان بە هەڤڕکێ زیانبەخش و بێ کەڵک و ناماقووڵەکانی نێوان مرۆڤ و دامەزرانی دیموکراسی و مرۆڤ‌تەوەری لە هەموو کاتێک پێویستر دەکا. لە ژماره‌ ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌