کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

HDP و حکومەتی هاوپەیمانی

17:29 - 16 پووشپەڕ 2715

هەڵبژاردنە پارلەمانییەکەی ٧ی ژوئەنی مانگی ڕابردوو، وێڕای هەموو شرۆڤە و لێکدانەوەیەکی بۆی دەکرا، کۆتایی هات. ئەو هەڵبژاردنە کە بە یەکێک لە هەڵبژاردنە گرینگەکانی تورکیە لێی دەڕوانرا، هەدەپە، لە ئاست ١٩ پارتە بەشداربووەکەی دیکە بە تایبەت سێ پارتی سەرەکیی؛ ئاکەپە، جەهەپە و مەهەپە، بە سەمبولی سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکە چاوی لێ دەکرێ . زۆر لایەن لە تورکیەدا، بە هێندێک دەنگی نێوخۆدی هەدەپەشەوە، هەروەها زۆر لێکدانەوە و بۆچوونی دەرەوەی تورکیەش، هێندێک لەوانە لە ڕووی مەبەست و هێندێکیش لەبەر نەبوونی زانیاری ورد، هەوڵ دەدەن، سەرکەوتنی هەدەپە، بە دەنگدەری چەپ، سۆسیالیست و ئازادیخوازی تورک ببستنەوە! ئەوە ڕاستە هەدەپە، توانیویەتی لە عەرەب، ڕۆمان، ئاشوری، عەلەوی و یەزیدی نوێنەر بخاتە پارڵمان، بەڵام ئامارەکانی پاش هەڵبژاردن دەریخست کە ئەو پارتە لە کۆی ٦میلیۆن دەنگ ٥ میلیۆنی لە کوردستان هێناوەتەوە. جیا لەوە، ئەگەر حەشیمەتی کورد لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبوڵ لەبەر چاو بگرین، ئەودەم سەرچاوەی دەنگەکانی ئەو پارتە باشتر دەردەکەوێ. هەدەپە لە ٢٣ ئوستانی کوردستاندا، لە ١٤ ئوستان، پارتی سەرکەوتوو و یەکەمە. لە کۆی ٨٠ نوێنەر، ٦٠ نوێنەری لە کوردستان بردۆتەوە کە دەکاتە دوو هێندەی نوێنەری ئاکەپە لە کوردستان. کەواتە، ئەو سەرکەوتنە ئەوەندەش قەرزداری چەپ و سۆسیالیستی نێو تورکیە نییە کە بانگەشەی بۆ دەکرێ. بەڵکو ڕووداو و پێشهاتەکانی نێوخۆی تورکیە، کێشەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەڕ پێفرۆشتنی داعش بە کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، وەستاندن و بەرەوپێش نەبردنی پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی کورد، پشتکردنی ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵوێستی پێشوویان لەسەر کێشەی کورد، هەروەها پشتیوانی ئەو وڵاتە لە گرووپی تیرۆریستی داعش و تەڕاتێنی چەکدارانیی لە تورکیەڕا بۆ ڕۆژئاوا، هەر هەموویان بە نۆرەی خۆیان گورزیان لە ئاکەپە وەشاند. کوشتاری ڕۆبۆسکی و گوێ ئاخنینی دەوڵەت لە ڕوونکردنەوە و بە حقوقیکردنی کۆمەڵکوژییەکە و هەروەها لە رۆژی جێژنی قورباندا کە ئەردۆغان مزگێنی کەوتنی «کۆبانێ» بە ئاوارە کوردەکانی ڕۆژئاوا دەدا، هەدەپەیان بەو سەرکەوتنە گەیاند. وازهێنانی «هودا کایا» و کەسایەتی کەسایەتی کورد «بەنگیر میر محەمەد فورات» دوو لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە و چوونیان بۆ نێو هەدەپە ڕاست لە سەر کێشەی کورد و دەمەقاڵەیان لەو بارەوە لەگەڵ ئەردۆغان بووە. بەم جۆرە ئاکەپە، لە بەرامبەر هەدەپە بە جۆرێک تێکشکا کە گوتاری «ئێمە گەورەترین پارتی کوردین» کۆتایی پێهات. وەک دەزانین ڕێژەی کورسییەکانی ٤ پارتە براوەکەی ٧ی ژوئەن بەم جۆرەیە: ئاکەپە ٢٥٨، جەهەپە ١٣٢، مەهەپە ٨٠، هەدەپە ٨٠ کورسی. هیچ کام لەم پارتانە نەیانتوانی ڕێژەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەست بێنن. ئاکەپە لە ٣ی ئوکتوبری ٢٠٠٢وە، واتە سێ دەورە بەدووی یەکدا بە تەنیا حکوومەتی لەبەر دەستدا بوو، ئەم جارە ڕێژەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نەهێناوەتەوە، ناچارە لەگەڵ یەکێک یان دوو لە پارتە براوەکان، حکوومەتی کوالسیۆن واتە پەیمانی پێک بێنێ. ئەگهرەکانی پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی: ئاکەپە-جەهەپە: کەماڵ کلیچدار ئۆغلوو، سەرۆکی جەهەپە بە شیوەیەکی کراوە لە سەرەتاوە باسی لە هاوپەیمانی کرد. ئەو پارتە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و چوونە نێو هاوپەیمانی لەگەڵ ئاکەپە چەند مەرجی هەن؛ داود ئۆغلوو مافی کرانەوە بە سەرۆک وەزیرانی نەبێ، سیاسەتی دەرەوەی تورکیە سەرلە نوێ دارێژڕێتەوە و لێکۆلینەوە لەگەڵ ٤ وەزیرکەی ئاکەپە و کەیسی گەندەڵی حکوومەتی ئاکەپە بکرێ. ئەو پارتە پێی وایە دەکرێ لەسەر ئەو خاڵانە دانوستان بکرێ بە مەرجێک وەزارەت و پۆستەکان بە شێوەی عادڵانە دابەش بکرێن. ئاکەپە-مەهەپە: دەوڵەت باغچەلی، سەرۆکی مەهەپە ( پارتی ڕەگەزپەرەستی تورکیە) ئەویش بۆ چوونە نێو هاوپەیمانی چەند مەرجی هەن؛ لێکۆلینەوەی ورد لەسەر کەیسی گەندەڵی حکوومەتی ئاکەپە بکرێ، ئەردۆغان کۆشکە تازەکەی لە «ئاک سەرای» چۆل بکا و بچێتەوە کۆشکی پێشوو، واز لە خەونی سیستمی سەرۆکایەتی بێنێ، هەروەها پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری هێڵی سوور بێ. باغچەلی وێرای ئەو مەرجە قورسانە چەند ڕۆژ لەوە پێش دەڵێ: بۆ ئەوەی وڵات تووشی قەیران نەبێ و بێ حکوومەت نەبین و ئاکەپە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، دەستە و داوێنی بەدخوازان –مەبەستی کوردەکانە- نەبێ، ئێمە ئامادەیین ئەو ئەرکە وەئەستۆ بگرین. ئاکەپە-هەدەپە: سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناچێتە نێو هاوپەیمانی لەگەڵ ئاکەپە، بەڵام ئامادەیە بە شێوەی لاوەکی (کەمایەتی) پشتیوانی لە هاوپەیمانی جەهەپە- ئاکەپە بکات. دەمیرتاش مانگی مارس لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا سەبارەت بە قسەکانی ئەردۆغان کە وتی «کێشەی کورد لە تورکیە نییە» و « کورد هەموو مافێکی لەو وڵاتەدا هەیە» زۆر بە ڕاشکاوی وڵامی ئەردۆغانی دایەوە کە «هەتا هەدەپە لەو وڵاتە هەبێ، هەتا ئەو پارتە نووزەیەکی لە سینگیدا بمێنێ، ئەتۆ نابی بە سەرۆک، هەرگیز ناهێڵین بی بە سەرۆک» هەدەپە دەڵێ لەسەر قەول و بەڵێنیەکانی خۆمان کە بە خەڵک مان داوە، سوورین. جیا لەوە، بەپێی پرۆسەی نەئاشتی نەشەڕ، دەبا ئاکەپە مەیلی زۆری لە خۆنیشان دابا هەدەپە حکوومەتی لەگەڵ پێک بێنێ. بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان هەم پرۆسەی چارەسەری لە نەورۆزەوە وەستاوە، هەم ئاکەپە هەوڵ دەدا بەهەر شێوەیەک بێ هەدەپە بەشداری پرۆسەی سیاسی حکوومەتی نەکرێ. جەهەپە-مەهەپە-هەدەپە: ئەو سێ پارتە، پێکەوە خاوەنی ٢٩٢ کورسین. دەتوانن بە بێ بەشداری ئاکەپە حکومەت پێک بێنن. جەهەپە، پاش وازهێنانی «دەنیز بایکال» جۆرێک ڕوانگەی بەرامبەر بە کورد گۆڕاوە، بۆ ئەو پارتە ئاسانە لە حکوومەتێکدا بێ کە هەدەپەی تێدایە، بەڵام مەهەپە ڕایگەیاندووە قەت ناچێتە ژێر باری هیچ هاوپەیمانییەک کە هەدەپەی تێدایە، کەواتە ئەو سەناریۆیە کە پێشتر ڕێی تێدەچوو ئێستا سەناریۆیەکی جێی باس نییە. کەواتە ئێستا بەو ئاکامە دەگەین، دوو ئەگەری بەهێز هەن، دوو ئەگەرە بە هێزەکە دەکرئ هاوپەیمانی نێوان ئاکەپە-جەهەپە یان ئاکەپە-مەهەپە پێک بێ. مەرجەکانی جەهەپە جیا لەوەی قورس نین، دووهەم پارتی براوەیە. بە پێچەوانەی ئەو ڕاستییە، وێ دەچێ ئاکەپە مەیلی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپە نەبێ چونکە ناچارە ئیمتیازی زۆر بەو پاڕتە بدا و لەسەر سیاسەتی دەرەوە بەتایبەت سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان ناکۆک بن. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە، بەو هۆیەوە لێک جیا کردنەوەی ئەو دوو پارتە زۆر ئاستەمە و لە زۆربەی سیاسەت و ئامانجەکانیان وێک دەچن، ڕەنگە بتوانن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت ساغ ببنەوە، بۆ ئەمە دەبێ سێ ڕاستی لەبەرچاو بگرین؛ ئاکەپە-مەهەپە لەسەر بەشداری پێنەکردنی هەدەپە لە هەموو بوارێکی سیاسی و بەڕیوەبەریدا، هاوڕوانگە و هاومەرامن، تەنانەت مەهەپە بە پێچەوانەی جەهەپە بۆ گرتنەبەری هەر چەشنە هێرش و پەلامارێک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئاکەپە هاودەنگ بێ، هەڵوێست گرتنی مەهەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلمان لە ١ی تەموزدا و شکانەوەی هەڵبژاردنەکە بە قازانجی ئاکەپە و سەرکەوتنی پالێوراوی ئاکەپە، عیسمەت یەلماز، بۆ سەرۆکایەتی پارلمان، مەهەپە و ئاکەپەی زۆر زیاتر لە جاران لێک نیزیک کردۆتەوە. لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە هەتا ٤٥ڕۆژ ئەگەر حکوومەت پێک نەهێنرێ، ئەوا بەپێی دەستوور دەبێ هەڵبژاردنی پێشوەخت(دووبارە) بەڕێوەپچێ. ئەگەرچی رێگاکانی پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی زۆر ئاسانە، بەڵام تێپەڕاندنی ڕێژەی ١٠% هەدەپە و چوونی بۆ نێو پارلمان و سەرکەوتنی لە کوردستان، وایکردووە پارتەکانی دیکەی تورکیە بە ئاسانی ئەو سەرکەوتنەی هەزم نەکەن. ئەگەرچی هیچ بیانوویەکی شیاو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە گۆڕێدانییە، کەچی وێڕای ئەوە نابێ لەبیرمان بچێ «دێموکراسی» تورکیە تەنیا رووی نەخشێندراوی سەر ڕووی کاغەزە، ئەگینا دەبوو، بوونی هەدەپە وەک دەرفەت و ڕێکار بۆ چارەسەری کێشەی کورد لێی ڕواندرابا. لە ژماره‌ ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌