کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مهاباد گۆمی مەندیی رۆژهەڵاتی شڵەقاند! لە رووداوێکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ جووڵانێکی سیاسی لە رۆژهەڵات!

17:36 - 16 پووشپەڕ 2715

رووداوی کوژرانی کیژۆڵەیەکی مهابادی لە بەهاری ئەو ساڵدا بوو بە هەوێنی هەستانەوەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەندە لەو جۆرە راپەڕین و ڕاسانانە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا جار نا جارێك لە رۆژهەڵات لەلایەن خەڵکی خۆراگری کوردستانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ڕاسانی ئەو جارەی خەڵکی مەهاباد لە دوای ماوەیەکی زۆر کپ و بێ‌دەنگی گۆمی ئارامی ئەو ناوچەیەی شڵەقاند، کە ماوەی چەندین ساڵە باڵی بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا کێشابوو، ئەو بێ‌دەنگیە بەشێوەیەک بوو کە زۆر لە سیاسییەکوردەکانی پارچەکانی دیکە بە ئاشکرا دەیانگوت شۆڕش لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوونی نەماوە، بەڵام رقی پیرۆزی مهابادییەکان وەڵامێک بوو بۆ هەموو ئەو کەسانە کە پێیان وایە بەرخۆدان و خۆڕاگری لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیە و نەماوە. ئەو گۆمە مەند و دورگە ئارامەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لێوە دەکرد، لە تراویلکەیەک زیاتر هیچی دیکە نەبوو. جووڵانەوەی رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە کردەوە بۆ ماوەی دوو دەیە دەچێ جوڵەیەکی ئەوتۆی لە خۆی نیشان نەداوە، لەراستیدا فیداکاری و خواستی بەرژەوەندیی گشتی لەلایەن رۆژهەڵاتیەکانەوە بۆ باشووری کوردستان ئەو دۆخەی بەدوای خۆیدا هێنابوو، بەداخەوە ئەو فیداکاریەیی رۆژهەڵاتییەکان لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا جگە لە سست بوونی خەبات لە رۆژهەڵات هیچی دیکەی تێدا نەبووە. ڕاسانی ١٧ی بانەمەڕی مەهاباد.. هەرچەندە گیان لەدەست دانی فەریناز خوسرەوانی لە ١٧ی بانەمەڕی ئەو ساڵ بوو بە بیانوویەک بۆ خەڵکی خوێن گەرمی مەهاباد ، بەڵام بنەماکان و هۆکارەکانی ئەو ڕاسانە زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رق و بێ‌زارییەیی کە خەڵکی رۆژهەڵات لە کۆماری ئیسلامی ئیرانیان هەیە. لە راستیدا خەڵکی خۆڕاگری رۆژهەڵاتی کوردستان لە بیانوویەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی کە رقی پیرۆزی خۆیانی پێ دەربڕن، هەروەک پێشتریش خەڵکی مهاباد لە ساڵی ١٣٨٤ لە کاتی گیان لەدەست دانی شوانە سەید قادر نیشانیان دا، کە دەتوانن هەر کاتێک بیانهەوێ دورگەی ئارامی ئێران بشلەقێنن، کوردەکانی رۆژهەڵات هەر کاتێک بیانهەوێ دەتوانن ناوەندکانی بڕیاردان لە ناوەندی ئیران بلەرزێن. جوڵانی هێزەکانی رۆژهەڵات بۆ سەر سنورەکان ئاڵوگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دراوسێی کوردستان و هەروەها بە جیهانی‌بوونی کێشەی کورد لە دوو دەیەی رابردوودا، ئەم راستییە دەسەلمێنێ کە ئێرانیش بەپێی قووڵ‌تربوونی هەرچی زۆرتری قەیرانی سیاسی ــ کۆمەڵایەتی و ئابووریی نێوخۆیی، درەنگ يان زوو تووشی گۆڕانکاریی جیددی و چارەنووس‌ساز دەبێ. هەربۆیە دوای راسانی خەڵکی مهاباد و گۆڕانکاری لە ناوچەکە و بەهێزتر بوونی پێگەی کورد لە رۆژهەڵات ، هێزەکانی رۆژهەلات و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە جووڵاندنی هێزی پێشمەرگەی خۆی بۆ سەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان، گروتینێکی دیکەی بە خەباتی رزگاریخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. دەتوانین بلێن کە ڕاسانی خەڵکی مهاباد و ئاڵوگۆڕەکانی باشووری کوردستان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ جوڵاندنی هێزی چەکداری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر سنوورەکانی رۆژهەڵات. جوولاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر سنوورەکان هەڵگری چەند پەیامێک بوو، سەرەتا پەیامێکی ئاشکرا بوو بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هێشتا پێشمەگەر ماوە و هەرکاتێک کە پێویست بکا ئامادەیە بۆ گیان فیدایی و قارەمانییەتی و لەلایەکی دیکەوە پەیامێکی روون و ئاشکرا بوو بۆ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە خەباتی کوردەکان لە رۆژهەڵات نە لە نێوخۆ و نە لەدەرەوەی کوردستان رانەوەستاوە و بەردەوامی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پەیامێکی ئاشکرا بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پێیان وابوو کە شۆڕش لە رۆژهەڵات بوونی نەماوە، جووڵانی خەڵکی مهاباد و چوونی پێشمەرگە پەیامی خۆی گەیاند. لە سێدارەدان و گرتن . . رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دورگە ئارامەکەی لێ تێکچوو بوو، هەوڵی دا بە گرتن و هەڕەشە و لە سێدارەدان مهابادییەکان دابمرکێنێتەوە، کە بەداخەوە لە هەوڵەکانی بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، گرتنی زیاتر لە سەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارە قارەمانە و ناروونی چارەنووسیان تا ئێستا نیگەرانییەکانی زیادکردووە، ئەمە لە لایەکەوە لە لایەکی دیکەوە لەسێدارەدانی شەهید مەنسووری ئاڕوەند بێ ئاگاداری کەس، نیشانەی ئەوە بوون کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندە ژانی بە جەستەی گەیشتووە کە ئاوا بێ‌بەزەییانە دەستی کردوە بە گرتن و کوشتنی رۆڵەکانی کورد. لەڕاستیدا روودوای مهاباد، گۆمی مەندی رۆژهەڵاتی شڵەقاند و بۆ جارێکی دیکە خەڵکی ئەو شارە قارەمانە سەلماندیان کە ئامادەن بە پێوە بمرن، بەڵام ئامادە نین لە سەر چۆک بژین! رووداوی مەهاباد پەیامێکی دیکەی بە هیزەکانی رۆژهەڵات کە ئەگەر یەکگرتوو بن و پێکەوە بن، بەهێزتر دەبن هەر بۆیە هەستیاریی بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد ئەمڕۆ ئەرکێکی مێژوویی لە بەرامبەر تەواوی رێکخراوە و هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە، ئەویش هەڵێنانی هەنگاوگەلی جیددی و پێویست بۆ پێکهێنانی هاودەنگییەک لە زۆربەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ژماره‌ ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌