کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهانی راستەقینەی شێعر

17:47 - 16 پووشپەڕ 2715

«لاڕێنس پێرین» دەڵێ: شیعر هێندەی زمان مێژووی هەیە، سەرەتاییترین مرۆڤەکان کەڵکیان لێ وەرگرتووە و نوێترین مرۆڤەکانیش پەرەیان پێداوە، لە هەموو قۆناغەکانی میژوو و هەموو وڵاتەکان، شیعر لە لایەن هەموو جۆرە خەڵکێکەوە لە بارودۆخی جۆراوجۆر بە تامەزرۆییەوە خوێندراوەتەوە و گوێیان بۆ هەڵخستووە،، لە لایەن سەربازەکانەوە، سیاسەتمەدارەکان، یاساناسەکان، وەرزێڕەکان، پزشکەکان، مەلاکان، فیلسووفەکان، پاشاکان و ....و هەروەها لە ئاساییترین دۆخی خۆیدا شیعر لە لایەن خەڵکی نەخوێندەوار و مناڵەکانیشەوە پێشوازی لێکراوە و بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان و مێژووی مرۆڤایەتی. شیعری ڕاستەقینە هەوێن و ناوەڕۆکێکی راستینی هەیە کە لە ئەزموونی راستەوخۆی ژیانی ناو کۆمەڵگای شاعیرەوە هەڵدەقوڵێ و هیچ کات ئاڵۆزبێژی و بێ ئەزموونی و هەروەها دووپاتکردنەوەی ئەزموونە بێ‌ناوەڕۆکەکانی کەسانی پێشووتر نییە، بەڵکوو شاعیری راستەقینە وەها مانایەک لە هەوێنی راستەقینەی ژیان دەبینێتەوە و هەروەها بە جل و بەرگێکی وەها ڕازاوە لە زمان دا زەفەر دەباتە ڕۆحمان کە لەو جیهانە سەیر و سەمەرەی کە نە کات و نە شوێنی ناسراوی هەیە، خۆ رزگار دەکا و خۆ دەگەیەنێتە ناو پانتایی ئەو جیهانە سەرڕێژ لە راستییەی کە بوونی هەیە و ئەو خەون و جیهانە جادووییە نییە کە لە لایەن تاقمێک شاعیری تایبەتەوە پێناسەی بۆ دەکرێ و هیچ پەیوندییەکی لە گەڵ ژیان و کۆمەڵی هاوسەردەمی خۆی نییە. شاعیر و چیڕۆکنووسی گەورەی جیهان «بۆرخێس» دەڵێ: لە ڕاستیدا من خۆم بە خوێنەر دەزانم، هەر وەک کە ئاگادارن چوومەتە ناو جیهانی تەژی لە مەترسی نووسینەوە، بیر دەکەمەوە ئەوەی خوێندوومەتەوە لەوەی کە نووسیومە، گەلێ گرینگترە، چۆن مرۆڤ ئەوەی حەزی لێدەکا دەیخوێنێتەوە، بەڵام ناتوانێ ئەوەی حەزی لێیەتی بینووسێ، چۆن تەنیا ئەوە دەنووسێ کە دەرەقەتی دێ. لەو وتەیەی «بۆرخێس» دەردەکەوێ بە گشتی نووسەر تەنیا ئەوە دێنێتە سەر لاپەڕە کە بۆی دەگونجێ و لە باری فیکرییەوە دەرەقەتی دێ، رەنگە خۆ لە قەرەی هەندێک بابەتی فیکری و فەلسەفی لە لایەن شاعیرانی کوردەوە کارێکی ئەستەم بێت و لە ئاکامدا نەک خوێنەر بەلکوو خاوەنی دەقەکەش تووشی قەیران و نامۆیی و سەرلێ شێوایی بێت، واتە جیهانی شیعر بە گوێرەی پێویست ئەوەندە پان و بەرین هەیە کە شاعیر لە ناو جەغزی هەندێک بابەتی تایبەت دا پێنووسەکەی بەرتەسک کاتەوە، هەر لەو کۆمەڵگایەی کە ئێمە تێیدا دەژین و ناوی کوردستانە، بە دڵنیاییەوە لە هەر کون و کەلێنێکی جیهانێک لە سووژە و مانا و کێشە و بابەتی فیکری هەیە کە پەیوەندی بە داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردستانەوە هەیە و دەتوانین لەنگەری لە سەر بگرین و چیها دەقی شاکاری لێ بوخولقێنین کە زۆر بە ئاسانی لە ناو کۆمەڵ دا خوێنەری خۆشی دەبینێتەوە و ئەو نامۆیی و قەیرانەش نامێنێ لە ڕەوتی شیعری نوێی کوردیدا. بەڵام بە سەرنج دان لە مێژووی کورت و ساوای شێعری نوێی کوردی و هەروەها سرنجێکی وردبینانەتر لە سەر میژووی ئەدەبیاتی نوێ و شیعری نوێی وڵاتانی بیانی کە خاوەنی میژووییەکی چەند بەرابەری میژووی ئەدەبی کوردییە ،هەروەها بەو پێیە کە کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی هەتا سەر ئێسک سوننەتییە و تەنیا ئامێرەکانی مۆدێڕنیتە هاتۆتە ناو کۆمەڵگا و هزر و بیری مۆدێڕن نەیتوانیوە جێگەی بیر و عورفی سوننەتی کۆمەڵگا بگرێتەوە، دەگەینە ئەو ئاکامە کە رەنگە ڕەوتی نوێخوازی ئەدەبی کوردی لە چەرخەیەکی مەند و هێور دا رەنگە سەرکەوتووتر بێت. لە ژماره‌ ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌