کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێ تەلیسمەکەی شکاند؟! (لە بارەی هێندێک مقۆمقۆی پێوەندیدار بە سەرسنوورەکانەوە)

13:48 - 17 پووشپەڕ 2715

چالاکبوونەوەی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو پیداگرتن لە سەر ڕۆژهەلاتتەوەریو گرنگیدان بە تێکۆشان لە نێوخۆی ولات لەم ساڵانەی دواییدا، شانازییەکەی پێش هەموو لایەنێک هی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. ئەم حیزبە بوو کە بە چالاکییەکانی، هیوای بە پێشمەرگە لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا زیندوو کردەوەو بووە هاندەرێک بۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەلاتی کوردستان کە چی دیکە دەست لە سەر دەست دانەنێنو تەکانێک لە خۆیان بدەن. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای زیندووکردنەوەی هومێد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە گیانی تێکۆشەرانی بە نرخی وەک شێخ غەریب حەسەنی، هەمزە سارتکەیی، قادر نەزمی، قادر قادری، محەممەد نەدیمی، بێهرووز ڕەزا نەژادو هەژار قاسمی مایەی داناوە. ئەوە تێکۆشەرانی ئەم حیزبە بوون کە تەلیسمی تێپەڕبوون لەو سنوورانەی- بە هیزەکانی سوپای پاسدارانو تەنرابوون- شکاندو بە مانەوەی چەند مانگە لە نێو خەڵکی پێشمەرگەپەروەری ڕۆژهەلاتی کوردستانو وەشاندنی زەبر لە کەمینی جاشو پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕاستییەیان بۆ لایەنەکانی دیکە جاڕ دا کە ئەگەر هیزێک بیهەوێ و ئیرادە بکا، بەو مەرجەی ڕۆڵەی خاراوی مەیدانی خەباتو لاوانی پڕ لە باوەڕ بە خەبات لە نیو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەبن، دەتوانێ ئەو شتانەی بە نامومکین دەزانرێن، بیانخاتە واری جێبەجێکردنەوە. ئەوە جێگای خۆشحاڵییە کە لایەنەکانی دیکەش هەوڵ دەدەن لەو کاروانە پڕشانازییەی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەڕێی خستەوە بەجێ نەمێنن. بەڵام ئەوە جەفایە کە هێندێک کەس، بە کەوچکێک ئاو کەوتوونە مەلە کردنو بە خێرایی ئەم راستییە لە بیر خۆیان دەبەنەوە! بێ ئەوەی شەرمێک لەو خوێنانەو لەو گیانانە بکەن کە لە پێناوی کردنەوەی ڕێگا پڕ لە کۆسپەکانی سنوورو ژیاندنەوەی تێکۆشانی پێشمەرگانە لە نیوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا خۆیان بەخت کرد، کەوتوونە تانەو تەشەر لێدان لە حیزبی دیموکراتی کوردستان. باس لە هاوبەشی لەو شانازییانە دەکەن کە گوایە ئەوان بەدەستیان هێناوەو حیزبی دیموکراتی کوردستان، لێیان بووە بە شەریک؟ باس لەوە دەکەن کە هەتا ئەوان نەچووبوونە سنوور کەس خۆی لەم سنوورانە نەدەدا؟! ئیدی لە خۆیان ناپرسن لەو ساڵانەدا کە ئەوان، ڕێگای سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە بیرچووبووە، لەو ساڵانەدا کە حوزووری پێشمەرگەی حێزبی دیموکراتی کوردستانیان لە نیوخۆی ڕۆژهەلات بە «شێوێنەرو زیان پێگەیەنەری خەباتی مەدەنی» ناو دەبرد، مەگەر تێکۆشەرانی ئەو حیزبە هەر بەو سنوورانەدا نەبوو، هاتوچۆیان دەکرد؟ خۆ بە ئاسمان یا بە بن زەویدا نەدەچوونو هەر لەم سنوورانەوە، تێپەڕ دەبوون . ئەمەش لە هەلومەرجێک دابوو کە دەیانزانی لەم بەرو ئەو بەر، کۆسپو کێشەو مەترسییان لە ڕێگا دایە بەلام حەکیمانە، بەو پەڕی مایەدانان لە خۆیانو بە دوور لە هاتوهاوار، ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆیان جێبەجێ دەکرد. بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان زیانی زۆری لە دەست پاوانخوازیو بەرچاوتەنگیی هێندێک لە لایەنە سیاسییەکانو ململانێی نابەجێی ئەوان دیتووە. ئێستا کە بە خۆشییەوە لایەنەکانی دیکەش کەمو زۆر دەیانەوێ وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەنو چالاکبوونەوەو حوزووری پێشمەرگانە لە نێوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان بێننە ڕیزی بەرنامەی کارو تێکۆشانیان، باشترە لە جیاتی یەکتر بوغزاندنو تەحەممول نەکردنی لایەنەکانی دیکە لە تەنیشت خۆیان، بیر لە شتی بە راستی پێویست بکەنەوە. بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن دەتوانن لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیو هێرشی هیزەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر پێشمەرگەکانیان، هاوکاریی یەکتر بکەن. پێویستە بیر لەوە بکەنەوە لە جیاتی ئەوەی هەر کام بە جیا تەپۆڵکەیەکو دەراوێکو کاروانە ڕێیەک، بە نیازی گومرگ وەرگرتنو دەستڕاگەیشتن بە خەڵکی ڕۆژهەلات کۆنتڕۆڵ بکا، بە یەکەوە و بە پیی پلان و بەرنامەی هاوبەشو بە هیزی هاوبەشەوە بەرەوڕووی دەرفەتەکان ببنەوە. بە راستی بەڕێزان! هیچ بیرتان لەوە کردوەتەوە ئەگەر لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی، چاوی دیتنی لایەنێکی دیکەی لە سەر سنوور یا لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیدا نەبێو تا ئەو ڕادەیە بیانووی پێ بگرێو کێشەی پێ بفرۆشێ کە شتی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە، هەرچی لەم یەک دوو مانگەدا لە بارەی سنوورپارێزبوونو داگیرکردنی سنوورەکانی هەرێمو پاوانخوازبوونەوە بە» پە. کا. کا «وتراوە، هەمووی بەرەورووی خۆتان دەکرێتەوە؟! لە کێشەیەی نیوان پارتی کرێکارانی کوردستان و حدکا دا، حیزبی دیموکراتی کوردستان زۆر بەرپرسانە و ژیرانە جووڵایەوە. لە لایەکەوە پەکی بەرنامەکانی سالانەی خۆی نەخست. هەم کادرو پێشمەرگەکانی خۆی ڕەوانەی قووڵایی چەند ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە، هەم لە سنووریش بە هیزێکی زۆرەوە ئامادە بوو. ئەگەر چی ڕایگەیاند بۆ شەڕ لەگەڵ پارتی کریکارانی کوردستان، لەو سنوورانە نییە، بەلام هەر کەسیک تۆسقاڵێک تێگەیشتنو خوێندنەوەی سیاسییانەی بۆ ڕووداوەکان هەبێ، دەیزانی کە بوونی هیزی پێشمەرگەی حدک لە سنوورەکان پشتیوانێکە بۆ پێشمەرگەکانی حدکا، بە تایبەتی کە ئەو حیزبە بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە پێ کاکا گرت سەبارەت بە تێکهەڵچوونی چەکدارانەو شەهید کردنی پێشمەرگەی حدکا. هەروەها بە دەنگی بەرزیشو لە زمانی هەر هەموو بەرپرسانییەوە تەنانەت لە دانیشتن لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەو پارتەشدا رایگەیاند هەر ڕێگرییەک لە بوونی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەلات لە سەر سنوورەکانو هاتووچۆیان بۆ نیوخۆی ڕۆژهەلات لە لایەن پێ. کا.کاوە، ناڕەوایە. بە هەموو حیسابێک لە یەک دوو مانگی ڕابردوو دا، لە رووی هەڵوێستی سیاسیو لە باری کردەییومەیدانییەوە، نزیکترین هێزو لایەن بە حدکا ،حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە. کە چی دەنگی پێزانین بەرامبەر ئەو حیزبە لە نیو حدکا دا زۆر نزمەو بەپێچەوانەوە، هەر لە سەر خولگەکەی جارانی خۆی دەسووڕێتەوەو ئەرێ بەڕاستی چ دەبێ ئەگەر بڕیاردەرانی نێو حدکا، جارێک لە جاران ئەو هەموو خالە پۆزەتیڤەی لە بواری هاوپێوەندیو هاتنەپێشەوە بۆ هاوکاریو هاوخەباتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانیان دیوە و دەیبینن، لە جیاتی رەتکردنەوەو پەنابردن بۆ ململانێی بەرچاوتەنگانە، ناڕەواو پاساوهەڵنەگر، بە ڕووی خۆشو ئامادەیی نیشاندان بۆ پشت پێک بەستنو بەیەکەوە هەنگاونان بۆ پێشەوە، ولام بدەنەوە؟ لە ژماره‌ ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌