کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی "برجام" پەسند کرا

14:51 - 30 پووشپەڕ 2715

رۆژی ٢٠ ی جوولای ٢٠١٥ بەرانبەر بە ٢٩ ی پووشپەڕی ١٣٩٤، بڕیارنامەی "برجام" یا "برنامەی جامع اقدام مشترک"ی ژمارە ٢٢٣١ سەبارەت بە پەروەندەی ئەتۆمی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شووڕای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگی هەر ١٥ ئەندام، پەسند کرا. گەڵالەی گشتی کردەوەی هاوبەش، ئاکامی وتووێژی دیپلۆماسی، سیاسی، فەننی نزیک ٢ ساڵ کاری بەردەوام و کۆبوونەوە گەلێکی گرینگ و ئاستەم و دژوار لە نێوان پێنج وڵاتی ئەندامی ئەسڵی شووڕای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، خاوەنی ڤێتۆ واته:‌ ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا، رووسیە و چین، لەگەڵ ئاڵمان کە بە ٥ + ١ ناسراون لە لایەک و رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی دیکە، بە نێوبژیوانی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، - کە ماوەیەک خانمی کاترین ئاشتون و ئێستاش خانمی فێدریکا مۆگرینی یە، سەبارەت بە کێشەی ئەتۆمی بۆ نەهێشتنی دەستراگەیشتنی رێژیمی ئێران، بە دروستکردنی چەکی ناوکیی،یە. ئەگەرچی رێککەوتنی ١٤ی جوولای ٢٠١٥ لە وییەن، بە "رۆژێکی مێژوویی" ناودێر کرا، و پەروەندەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران بەرواڵەت داخرا؛ بەڵام کتێبێکی ١٥٩ لاپەڕی نۆی کرایەوە. ئەو نووسراوەیە لە دوای پەسندی بڕیارنامەی ٢٢٣١، رێژیمی ئێران بەرپرسیار دەکا، لەوە بەدوا بەشێوەی یاسای جیهانی بجووڵێتەوە. رێژیمی ئێران ناچارە لە ماوی ٩٠ رۆژی داهاتوو دا، بەشێک لە رەوتی درێژماوەی باوەڕهێنەر (راست ئازمایی) و شەفافییەت لە ژێر چاودێری رێکخراوی ئاژانسی ئەتۆمی جیهان، بسلمێنێ. ئەگەر ئەوکارە ئەنجام درا، کە بەشی زۆری هێڵە سوورەکانی جێی باسی خامنەیی رێبەری تێپەڕاندوە و هیزە نیزامییەکان، بەتایبەتی سپای پاسدارانی تووشی دلەراوەکێ کردوە؛ بەشێک لە گەمارۆکان رادەگیرێن یان هەڵدەپەسێردرێن. ئەو بڕیارنامەیە دەردی دەخا کە، نزیکەی ١٣ ساڵ نهێنی کاری و خەرجی سەدان میلیارد دۆڵاری لە ئیمکاناتی بژیوی خەڵک و بووژانەوەی وڵات، بە یارمەتی رووسیە و کورەی باکووری و پاکستان، لەو پڕۆژە ناپێویستە دا، بەفێڕۆ درا. ئەو پڕۆژە رەش و شەڕ و وێرانکارەی کە، گەلانی ئێرانی تووشی هەژاری و نەداری و بێکاری و ژیانی کۆڵەمەرگی و ئاوسان و گەندڵی ئابووری کرد. ئەو پڕۆژە ناکارامەیە، نەتەنیا ئاکامی دڵخوازی رێژێمی لێنکەوتەوە، بەڵکوو رێژێم بە گشتی و وەلی فەقیهی دوویەمی بەتایبەتی ناچار بە پاشەکەشیەکی مێژوویی کرد، کە زۆر پتر لە ئاکامی شەڕی ماڵوێرانکەری ٢+ ٦ ی ئێران و عێراق و بارمتەگرتنی ئەمریکاییەکان لە داوی داگیرکردنی باڵیوێزخانەی ئەو ولاتە لە تاران، تێچووی بەدواە دەبێ. رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە ناچاری بە ناوی "نەرمشی قارەمانانە"، چووە نێو ئەو یارییە جهیانییە کە دەرباز بوونی بۆ نییە، و بۆ تێپەڕین لە قەیرانەگەلێکی گەورەو و بچووک- کە زۆربەیان بۆخۆی خوڵقێنەری بوە-، ئەو پاشەکشەیەی قبوول کردوە. پێویست ترین کاری رێژێم لە هەڵسوکەوتی نێوخۆیی دا، بۆ کەم کردنەوەی قیرانەکان زیاتر دەردەکەوێ. بۆیە نەرمی نوێنی پتر لەوەی بۆ درەوەی ئانجام داوە، پێویستە نیشان بدا. چوونکە لە دنیای ئەمرۆی سەدی ٢١ دا،رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناتوانێ ئیمتیازی زۆر باش بە دەرەوە بدا و دەستی سەرکوت و تەپەسەری بەردەوام، پێشێل کاری مافی مرۆڤ و گەلانی بەرایی لە ئێران، ئازادی خوازان، ژنان و کچان و لاوان و کەمایەتییە ئاینییەکان بە بێبەزییانەترین شێوە ئاواڵە بێ. رێژێم ناتوانێ لەوەبەولاوە، بەکەیفی خۆی دەست لە کاروباری ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوڕاست وەربدا. و شوورە لەسەر کوشتار و خوێنڕێژی و تێڕۆڕیزم، بۆ رێژیمە نگبەتەکەی وێنا بکا.