کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی توندوتیژی دژی ژنان

04:55 - 1 گەلاوێژ 2715

شەوی سێ شەممە٢٣ی پووشپەر چوار کچ و ژن لە شاری بۆکان دەکەونە بەر هێرشی تێزاب پرژاندن لە لایەن چەند تاوانبارێکەوە و بەداخەوە بریندار دەکرێن. بۆ رۆژی دواتر خەڵکی ئەم شارە سەرەڕای هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکان، بەشێوەیەکی زۆر هێمنانە دێنە سەر شەقامەکان و بە بەرز کردنەوەی پلاکارد و نووسراوە، ئەم تاوانە قزێونە مەحکووم دەکەن. بەو حاڵەش ‌هێزەسەرکوتکەرەکانی رێژیم هێرش دەکەنە سەر خەڵکی و وێڕای دەست بەسەر کردنی چەند کەسێک، بە زۆرە مڵی بڵاوە بە خۆپێشاندەران دەکەن. لەو پێوەندییەدا هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم رایانگەیاندوە کە سێ کەسیان دەست بەسەر کردوە کە دانیان بەو تاوانەدا هێناوە و بە وتەی ئەوان ئەو سێ تاوانبارە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیان بە هۆی خواردنی ماددەی هۆشبەر لە حالەتی ئاسایی دا نەبوون. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تاوانی تێزاب پرژاندن بە سەر ژنان لە زۆربەی شارەکانی ئێران‌دا رووی لە زیاد بوون کردووە؛ هەر دوور نەرۆین چەند مانگ لەمەوبەر لە شاری ئیسفەهان ١٤ ژن کەوتنە بەر هێرشی تێزاب پرژاندن و دواتر دەرکەوت تاوانباران کەسانی سەر بە بەسیج و ستادی بەناو»امر بە معروف و نهی از منکر»بوون. دیارە وەک هەموو تاوانەکانی دەستەو تاقمە گوێ لە مستەکانی رێژێم ، لەو تاوانە نامرڤانەیەش دا تاوانباران کەوتنە بەر «رەحمەتی» دەزگای قەزایی رێژیم و کەس نەیزانی چیان لێهات و پەروەندەکە چۆن دیزە بە دەرخۆنە کرا. هەر چەند کاربەدەستانی رێژیم لە بۆکان رایانگەیاندوە کە سێ کەسیان لەو پێوەندییە دا دەست بەسەر کردوە و بە ڕواڵەت وا وێدەچێ کە ئەو تاوانە، کاری بەسیج و دار و دەستەی خۆی نین کە دیارە زۆر جێی گومانە؛ بەو حاڵەش ئەگەر ئەو ئیدئعایەش راست بێ، دیسان کاربەدەستانی رێژیم لە روودانی ئەو جۆرە تاوانەدا بەرپرسیارن. دزگا ئەمنیەکانی رێژیم بەر پرسیارن لە دابین کردنی ئاسایش و ئارامی و بەرگری کردن لە پەرە سەندنی توند وتیژی بەرانبەر کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان. ئەوە کە سێ کەس ماددەی هۆشبەر مەسرەف دەکەن و لە بەر چاوی خەڵکی تێزاب بە سەر و چاوی ژنان دادەکەن، لە لایەک نیشانەی نەبوونی ئەمنیەت و فەزای سڵامەتە لەو شارە ولە لایەکی دیکەش پێشاندەری ناکارامەیی و بێ تەفاوەتی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەتییە کانییەتی لە دابین کردنی ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵک. جگە لەوەش بەروونی دیارە ئەو تاوانە، تاوانێکی سووک و سادەی کۆمەڵایەتی نییە و لە خانەی تۆڵە سەندنەوەیەی بنەماڵەیی‌دا ناگونجێ و ناکرێ بڵیین تاوانباران بە بێ هۆ ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.ئەوەی کە روون و ئاشکرایە ئەو سێ کەسە بە بێ ئەوەی کێشەی شەخسییان لەگەڵ ئەو کچ و ژنانە هەبێ تێزاب پرژێنیان کردوون، کەواتە ئەگەر راستەوخۆ لەگەڵ بەسیج و ستادی بەناو «امر بە معروف و نهی از منکر»یش پێوەندیان نەبووبێ، ئەوا لەسەر هەمان رێ و رێچکە رۆیشتوون وهەمان بۆچوون و بیرۆکە پیس و گڵاوەیان بە کردەوە بە ئەنجام گەیاندوە کە کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی تەمەنی نیگریسی خۆیدا وەک سیاسەتی فەرمی لە بەرانبەر ژنان دا بەرێوەی بردوە. هەر لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە وەک رێژیمێکی ئیسلامی شێعە، لە ناوچە سوننە مەزهەبەکانی ئێرانیش و یەک لەوان کوردستان دا، بە ڕواڵەت وەک دژ کردەوەیەک لە بەرانبەر ستەمی مەزهەبی دەسەڵات ، کۆرو کۆمەڵە سەلەفییە سوننەکان سەریان هەڵداو بەرە بەرە روویان لە پەرە سەندن کرد. لە سەرەتا دا و تەنانەت ئێستاشی لەگەڵ بێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای دژایەتی نەشاراوەی خۆیان لەگەڵ گرووپ و ئایینە جۆراوجۆرەکانی دیکەی غەیری شیعە، نەک هەر بەرەنگاری ئەو تاقم و کۆمەڵانە نەبووە ،بەڵکوو بۆ زەبر لێدان لە جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و بۆ دامرکاندنی هەستی نەتەوایەتی، بەتایبەت لە ناو لاوەکان دا زۆر بە باشی کەڵکی لێوەرگرتن بە هەموو شێوەیەک یارمەتی دەدان. دیارە هەر کات ئەو دەستەو تاقمانە، کورد گوتەنی ئەگەر پێدرێژیان کردبا و لە کار و چالاکییەکانیان‌دا هێڵە سوورەکانی رێژیمیان بەزاندبا، بەناوی باوەری «وەهابییەت» وابەستە بوون بە عەرەبستانی سعوودی دەمکوت دەکران. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو و بەتایبەت لەپاش سەرهەڵدانی سەرەتانی «داعش» لە عێراق و سوورییە و بەهێز بوونی بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناو موسوڵمانە توندرەوەکان دا، ئەو دەستەو تاقمە سەلەفییانەی کوردستانیش کە لە ڕاستی دا رێک هەمان بیر و بۆچوونی داعشیان هەیە، وەخۆ کەوتوون وبە باوەری چەوتی خۆیان، بەناوی ئیسلام و شەریعەت و بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردە نا ئیسلامییەکان دەستیان داوەتە زۆر کار و کردەوەی ناشیاو دژی مرۆڤایەتی کە بێگومان تێزاب پرژاندن بە سەر ژنان‌ لە شاری بۆکانیش یەکێک لەو کردەوە قزێونانەیە. شک لەوە دانییە خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی و تێکۆشان بۆ وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان کە لە ماوەی تەمەنی ئەو رێژیمەدا بە هەزاران شەهیدی بۆ دراوە ، هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ بەربەرەکانی لەگەڵ دەستەو تاقمە سەلەفیی و بناژۆ ئیسلامییەکانی کوردستان دا نییە و پێویستە هاوتەریب لەگەل یەک بەرەو پێشەوەی ببەین و خەباتی لە دژیان بۆ بکەین.هەر بۆیەش ئەرکی سەر شانی هەموو تاکێکی کورد، بەتایبەت مامۆستایانی ئایینیی و رووناکبیرانی نەتەوەکەمانە بە گژ ئەو بیرۆکە چەوت و مەترسیدارە دا بچنەوە و نەهێڵن مزگەوت و مەکتەب و مەدرەسەکان ببن بە شوێنی پەرە گرتنی سەلەفییەت و هەڵخەڵەتاندن و بە لارێدا بردنی لاوە کانمان.هەر ئێستا دەیان کەس لە لاوانی شارو گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داخەوە پاش مێشک شووشتنەوە و هەڵخەڵەتاندنیان لە لایەن سەلەفییەکانەوە ،چوونەتە ناو داعش و تەنانەت چەند کەسیشیان لە بەربەرەکانی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دا کوژراون. لە کۆتایی دا وێرای هاودەردی لەگەڵ ئەو خانمە بەرێزانەی کە بوونە قوربانی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە و هیوای سارێژ بوونەوەی برینەکانیان، پێویستە لەسەر هەموومان خەمخۆری لاوەکانمان بین و لە ئاست داهاتوویان دا خۆمان بە بەرپرس بزانین؛چونکە بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی نەک هەر بە شێوەی پێویست هیچ هەنگاوێک بۆ بەرەورووبوونەوەی کار و کردەوە دژی ئینسانیانەی ئەم دەستەو تاقمانە ناهاوێژێ، بەڵکوو لە ڕاستی دا زۆریش بەو وەزعە کەیف خۆشە و بە دڵێتی ئەگەر کۆمەڵی کوردەواری وبەتایبەت ژنان و کچانی کوردستان هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێ دابن و نەوێرن بە دڵنیاییەوە لە ماڵ بێنە دەرەوە. لە ژماره‌ ٦٦٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌