کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری ڕووحانی بۆ سنە پاش جێبەجێ نەكرانی واده‌و بەڵێنییەكانی

15:43 - 4 گەلاوێژ 2715

یەكەمین سەفەری ڕووحانی بۆ پارێزگای سنە پاش دوو ساڵ لە هاتنە سەر كاری دەوڵەتەكەی لە حاڵێك دایە كە خەڵكی ئەم بەشەی كوردستان هەروا لە چاوەڕوانیی جێبەجێ كرانی وادە بێ كردەوەكانی سەركۆماردا ماونەتەوە. حەسەن ڕووحانی كە له‌ پارێزگای سنه‌ زۆرترین دەنگی لە چاو پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێراندا وەدەست هێنابوو، جگە لە بەڵێنییەكانی خۆی كە بە خەڵكی سنەی دابوو، بەیاننامەیەكی ١٠ مادەییشی لە بواری نەتەوەكانی ئێران‌دا كە تا ئێستاش جێبەجێی نەكردوەو به‌سه‌ر ده‌ستی‌دا ماوه‌ته‌وه‌. چالاكە مەدەنییە كوردەكان دەڵێن یەكێك لە گرینگترین بەڵێنییە پاش گوێخراوەكانی ڕووحانی كە بە خەڵكی پارێزگای سنەی دابوو، وادەی وەڕێ خستن‌و پێك هێنانی كارگرووپی قەرەبووكردنەوەی دواكەوتووییەكانی ئەم پارێزگایە بوو كە پاش دوو ساڵ ئەم بەڵێنییەش هەر لە چوارچێوەی قسەو دروشمدا ماوەتەوە. سەركۆماری ئێران پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رکۆمار لە قسەكانی خۆی لە سنە ڕەخنەی لە ئاماری بێكاری گرتبوو، بەڵام ئێستا پاش دوو ساڵ هیچ باسێك لە بەرنامەكانی دەوڵەت بۆ قەرەبووكردنەوەی بارودۆخی بێكاریش لە گۆڕێدا نییە. لە سەردەمی دەوڵەتی پێشووشدا بەردەوام ناوی پارێزگای سنە لە ڕیزی 3 پارێزگای یەكەمی ئێران لە بواری بێكاریدا ده‌هات‌و پاش هاتنە سەر كاری دەوڵەتی ڕوحانیش لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا، پارێزگای سنە هەروا لە ڕیزی سەرووی پارێزگا بێكارەكانی ناوی دێ. ئومید كەریمیان، نوێنەری مەریوان‌و سەوڵاوا لە مەجلیس وێڕای ئاماژە بە وەی كە پێویستی و داوا سەرەكییەكانی خەڵكی پارێزگای سنە، هەمان دروشم و بەڵێنییەكانی حەسەن ڕووحانی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی سەركۆمارییە، گوتی: كێشە و گرفتەكانی ئاوەدان كردنەوە، لقەكانی پەروەردە‌و بارهێنان، بێهداشت و دەرمان، سەنعەت و كانزا، خانووبەرەو دابین كردنی كارو شوغڵ به‌شێک له‌ داوا سەرەكییەكانی خەڵكی ئەم پارێزگایەن که‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ئاوڕیان لێ نادرێته‌وه‌.