کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەواوكردنی ئوتووبانه‌کانی ورمێ ٤٥٠ میلیارد تمەنیان پێویسته‌

15:49 - 4 گەلاوێژ 2715

بۆ تەواوكرانی ٢٨٠ كیلۆمیتر لە ئوتوبان‌و گەورەڕێیەكانی پارێزگای ورمێ ٤٥٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویسته‌، که‌ تا ئێستا بۆیان ته‌رخان نه‌کراوه‌. ئیدارەی ڕێگەوبان‌و شارسازیی پارێزگای ورمێ، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەمه‌ی كە لە ئاستی ئەم پارێزگایەدا ٦٧ خاڵی ڕووداوخوڵقێن هەیە، دەڵێ بۆ لەنێو بردنی سەرجەم ئەم شوێنە مەترسیدارانە بڕی ٢٠٠ میلیارد تمەن ئیعتیبار پێویستە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەم ئیدارەیەش دەڵێ لە حاڵی حازردا تەكمیلكردنی ٢٨٠ كیلۆمیتر لە ئوتوبان‌و گەورەڕێیەكانی ئەم پارێزگایە پێویستییان بە ٤٥٠ میلیارد تمەن هەیە. ناوبراو دەڵێ ئەم ئیدارەیە هەموو توانای خۆی بۆ تەواو كردنی پرۆژەی ڕێگاكانی ورمێ، مەهابادو میاندواو تەرخان كردووە كە تا ئێستا نزیكەی سەدی ٥٠ی ئەم پرۆژانە لە بواری فیزیكییەوە به‌ره‌و پێش چوون‌و جادەی بورهانیش دوای ئەم پرۆژانە لە ئەولەڤیەت دایە، بەڵام لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكیان بۆ پانكردنەوەی ئەم جادەیە نییە.