کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی حەسەن ڕوحانی لەسەر بەڵێنەکانی بە خەڵکی کوردستان!

16:02 - 4 گەلاوێژ 2715

حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ بەیانی گەیشتە سنەو لەلایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە پێشوازیی لێکرا. ئەو لە قسەکانی بۆ خەڵکی سنە کە بەشێکی زۆریان کارمەندی ئیدارە حکومەییەکان‌‌و بە زۆر بۆ پێشوازی بردبوویانن، گوتی کە لەسەر وادەو بەڵێنەکانی پێشووی بە خەڵکی سنە ماوەتەوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە تا ئێستاو پاش تێپەڕینی دوو ساڵ لە دوڵەتەکەی لانیکەمی ئەو وادەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکردوە. باس لە کێشەی ئەتومیی ئێران‌و ریککەوتن لەگەڵ وڵاتانی 1+5‌، کێشەی بەڕێوەبەری لەئێران‌و فەرق‌و جیاوازیدانان لە نێوان ئایین‌و ئایینزاکان چەند بەشێکی دیکە لە قسەکانی ڕوحانی بوون. حەسەن ڕوحانی دوای قسە بۆ خەڵک لە یاریگای " استقلال"ی شاری سنە بەشداری لە کۆبوونەوەی گەشەپێدان‌و سەرمایەگوزاری پاریزگای سنەدا کرد. لەو سەفەرە یەک رۆژەی ڕوحانی‌دا بۆ پارێزگای سنە کە جێگری پەرلەمانیی سەرۆک‌کۆمار، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ناوچە ئازادەکانی ئێران، وەزیری تەندروستی، سەرۆکی رێکخراوی ئاسەواری کولتووری، وەزیری پێشەسازی، کانزا و بازرگانی و هەروەها یاریدەدەری سەرۆک‌کۆماری ئێران بۆ پرسی نەتەوەو مەزهەبەکان هاوڕێیەتیی سەرۆک‌کۆماری ئێران‌یان دەکرد، جارێکی دیکەش وادە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێش هەڵبژاردنی ڕوحانی بە خەڵک‌و کاربەدەستانی ئەو پارێزگایە درایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان‌و کورد بەشێکی زۆری ئەو خەڵکەی لە یاریگای "استقلال" کۆببوونەوە، بەناچار پەلکێشی ئەو کارناڤاڵە کرابوون. هەروەها ئیدارەی ئەماکین‌و ناوەندە ئەمنیەتییەکان شۆفێر تاکسییەکانی شاری سنەیان ناچار کردبوو کە وێنەی روحانی لە شیشەی تاکسییەکانیان بدەن‌و ھەڕەشەیان لێیان کردووە کە ئەگەر ئەوە نەکەن مۆڵەتی تاکسێڕانییان لێ دەستێننەوە.