کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێنەکانی رۆحانی و دۆخی ئێستای پارێزگای سنە

14:39 - 5 گەلاوێژ 2715

دوێنێ سەرۆككۆماری ئێران حەسەن رۆحانی دوای زیاتر لەدوو ساڵ تەمەنی دەسەڵاتدارییەتی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی سەردانی پارێزگای سنەی كرد. سەردانەكەی رۆحانی بۆ پارێزگای سنە دوو رووی ناوخۆی و دەرەكی ھەیە. بەر لەھەموو شتێك بەر لەھاتنی بۆ سنە، رۆحانی سەردانی ٢٠ پارێزگای دیكەی كردبوو، ئەوەش دەریدەخات كە ھیچ ئەولەویەتێكی بە كوردستان نەداوە. لەناوخۆی كوردستان و ئێران سەردانەكەی سەرۆككۆماری ئێران بۆ سنە لەكاتێكدایە كە تەنیا ٢٣%-ی پرۆژەكانی ئەو شارە كاری تێدا دەكرێت، و ٧٧%-ی پرۆژەكانی دیكەش تەنانەت بەردێكیان لەسەر یەك دانەناوە،و ئەو ٢٣%-یەی پرۆژەكانیش زۆر بەسستی كاری تێدا دەكرێت. لەرووی پێوەرەكانی گەشەكردنیش پارێزگای سنە لەریزی ھەرە دواوەی پارێزگاكانی ئێران دایە، بۆ نموونە سنە لەو دگمەن شارانەیە كە رێگەی ئازاد نیە، و لەكۆی گشتی وھەزارو ١٦٥ كیلۆمەتر رێگەی ئازادی ئێران تەنانەت یەك مەتریشی بەر سنە نەكەوتووە. بۆ رێگەی ئوتوبانیش پارێزگای سنە تەنیا ١%-ی ھەموو ئوتوبانەكانی ئێرانی ھەیە، و ئەوەش وایكردووە که‌ لەرووی رێگەوبانه‌وه‌ لەریزی 25-ەمی پارێزگاكانی ئێراندا بێت. لەوەش كارەساتبارتر ئەوەیە كە تاكوو ئێستا پارێزگای سنە رێگەی شەمەندەفەری نیە،و زیاتر لە ١٠ ساڵە نەتوانراوە ھێلی شەمەندەفەری سنە بۆ ھەمەدان تەواو بکرێ. لەرووی پێوەرە كەڵتووری و گەشتیاری و كشتوكال و پیشەسازیشه‌وه‌ پارێزگای سنە وەكوو ھەموو رۆژھەڵاتی كوردستان لەدۆخێكی كارەساتباردایە. ھەر ئەو نەبوونی پلانە بۆ ئەو سێكتەرە گرنگانە وایكردووە كە رێژەی بێكاری لە سنە بەتایبەت و رۆژھەڵاتی كوردستان خۆی لە٣٠% بدات. ئەوەش واتا لەھەر ١٠٠ كەس ٣٠ كەسیان ھیچ كارێكیان نیە. ئەوە لەكاتێكدایە كە ده‌وڵه‌مه‌ندیی كانگای ژێرزەویی ئه‌م پارێزگایه‌ دەتوانێت ھەموو بۆ كوردستانییەكان خێروبێر بێت. بۆ نموونە زیاتر لە یەك ملیۆن ھێكتاری زەوییەكانی سنە بۆ كشتوكاڵ دەبن، ئەوە واتای زیاتر لە ٩%-ی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ھەموو ئێران دەگەیەنێت. ھاوكات پارێزگای سنە ١٤١ كانگای ژێرزەوی ھەیە، كە دەكاتە زیاتر لە ٦%-ی ھەموو كانگاكانی ئێران. سەرۆككۆماری ئێران حەسەن رۆحانی لەكاتێكدا سەردانی پارێزگای سنەی كرد، كە ھەژاری و بێكاری تەنگی بەخەڵكی كوردستان ھەڵچنیوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە تەنانەت سوودی بازارچە مەرزییەكانیش ناچێتە گیرفانی كوردەكان و لەو زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن دۆلارەی لەسێ بازارچەكانی پارێزگای سنە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ئالوگۆری پێدەكرێت، ھیچی بەر خەڵكە ھەژارەكە ناكەوێت و بەشیان تەنیا كۆڵبەری و كوژرانەكەیە. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی پرسێکی نەتەوەییان هەیە، پرسێک کە چەندین شۆرشی لەپێناودا کراوەو بەهەزاران قوربانیشی بۆ دراوە. وەکوو سەرەتایی ترین مافە نەتەوەییەکان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سنە بەتایبەت داوای خوێندن بەزمانی زگماکی و پەرەپێدانی کەڵتووری کوردەواریان لە رۆ‌‌حانی هەبوو، پرسێک کە ناوبراو لەبانگەشەکانی هەڵبژاردندا زۆری باس دەکرد، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی بۆ نەهاویشت، هەموو ئەو بەڵێنە بێ وەڵامانەو دۆخی ئابووری و کڵتووری و کۆمەڵایەتی سنە وایکرد، کە پێشوازییەکی یەکجار سارد لە سەرۆکۆماری ئێران، ‌حەسەن رۆ‌حانی بکرێت، بەشێوەیەک کە بنەماڵە ئەمنی و کارمەندەکان و خێزانی "خانەهای سازمانی"یان لەهەموو شارەکانی دەورووبەر هێنابوو، کەچی هەر کەم بوون. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش رۆحانی لەسنە جارێکیتر بەڵێنە بۆشەکانی بۆ باش کردنی بژێوی هاووڵاتیان دووپاتکردەوە، باسی لەو گوژمە بودجەیە کرد، کەبۆ رێگەوبانەکان تەرخانکراوە، و پەنجەی لەسەر پیشەسازی خۆماڵی کوردستان کرد، کەچی پێشووتریش سەرۆکۆمارەکان ئەو قسانەیان کردبوو، و رێژەی بێکاریش قەت دانەبەزی، پێشووتریش ئەو بەڵێنانە درابوون، کەچی قووتابییە کوردەکان هەر بۆیان نیە بەکوردی بخوێنن و دەرفەتی دامەزراندنیان نیە،و لەژێر سێبەری رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا رۆژهەڵاتی کوردستان لەهەژارترین ناوچەکانی ئێرانە،و بەردەوامیش وەکوو ناوچەیەکی ئەمنی و سەربازی سەیر دەکرێت. هەربۆیەش خەڵکی کوردستان هەتا داوا سەرەتاییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لەو رژێمە هەر دردۆنگ دەمێننەوە، و چۆلی شوێنی وتاردانی رۆحانیش ئەوەی سەڵماند، کە ئەوان چیتر باوەر بەو بەڵێنە درۆینانە ناکەن. رۆ‌حانی زۆر ویستی کەڵک لەهەستی نەتەوەیی خه‌ڵکی ئه‌م پارێزگایه‌ وەربگرێت، و بەردەوام باسی لە مافی کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکان دەکرد، و تەنانەت بەناسینی سایکۆلۆژیای تاکی کورد، باسی لەپاراستنی هەولێرو سلێمانیش کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لەتەنیشت خۆی باس لەرێژەی ئەو زیندانییە کوردە سیاسییانە بکات، کە یان لەسێداردراون، یانیش تاکوو ئێستاش لەژێر ئەشکەنجەدان و حوکمی درێژ مەودایان بەسەردا سەپێندراوە. جه‌نابی سه‌رکۆمار ئامادەنەبوو باس لەپاراستنی ئەو گەنجە کوردانە بکات، کەیان بە بەرنامەی پێشوەختە بێکارو بێدەرەتان ماون، یانیش بەشێوەی سیستماتیک گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان کراون. رۆ‌حانی لەکوردستان باسی شەری دژی داعش کرد، بەڵام باس لەوە ناکات کەخۆیان بۆ دابەزاندنی هەستی نەتەوەیی چەندەیان رێگەو مەیدان و ئیمکاناتیان بە سەلەفییەکانی کوردستان داوە، بۆ ئەوەی هەوێنی دووبەرەکی و تووندرەوی بچێنن. بەڵام لەگەڵ ئەوانەش دا سەرۆکۆماری ئێران وەکوو کەسێکی شارەزا لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەوە تێگەیشتووە، کە یەک دەیەی داهاتوو، بێگومان دەیەی کوردە، هەربۆیەش ویستی بەیەوەکەوە لەناڵ و بزمار بدات، بەڵام ‌خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی و هێزه‌سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی لەیەک کاتدا به‌ وشیارییه‌وه‌ و بۆ پاراستنی ئاسایش و کەرامەتی تاکی کورد ئامادەن و پیلانە رەشەکانی رژێم ئاشکراو مایەپووچیان دەکه‌نه‌وه‌. نوخبەی سیاسیی رۆژهەڵاتیش باش نەخشەی داهاتووی ناوچەو ئێرانی خوێندۆتەوە، بەیاوەری جەماوەری کوردستان هەنگاو بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی دەهاوێت.