کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانكی ناوەندی: ٢٩ میلیارد دۆلاری بلۆكەكراو بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێندرێتەوە

14:42 - 5 گەلاوێژ 2715

لە حاڵێكدا كاربەدەستانی ئامریكا باس لە ئازادکردنی بڕی ١٠٠ میلیارد دۆلار لە داراییەكانی ئێران دەكەن، سەرۆكی گشتیی بانكی ناوەندیی ئێران دەڵێ، لە داراییە بلۆكەكراوەكانی ئێران ٢٣ میلیارد دۆلاری پێوەندیی بە بانكی ناوەندییەوە هەیەو ٦ میلیارد دۆلاریش هی دەوڵەتە كە سەرجەم دەبێتە ٢٩ میلیارد دۆلار. وەلیوڵڵا سەیف لەبارەی دەنگۆی ئازادكرانی ١٠٠ میلیارد دۆلار، ڕوونی كردەوە كە ٣٥ میلیارد دۆلار لەم پووڵە پێوەندییان بە چەند پرۆژەی نەوتەوە هەیە و ٢٢ میلیارد دۆلاریش وەك بارمتەی پڕۆژەکان لە بەر دەستی وڵاتی چین دایە. سەرۆكی گشتیی بانكیی ناوەندی هەروەها گوتی بەپێی پێشبینییەكان بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆكانی بانك دەبێ ٤ تا ٥ مانگی دیکەش چاوەڕوان بن. جێی باسە دژبەرانی ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران وەك نەتەنیاهوو و بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرەی ئامریكا دەڵێن ئەستاندنەوەی داراییە ڕاگیراوەكانی ئێران، ئەم هەلە بۆ ئەو وڵاتە دەڕەخسێنێ كە یارمەتیی ماڵیی زیاتر بخاتە بەر دەستی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕێكخراوی حەماس، جیهادی ئیسلامی و دەوڵەتی بەشار ئەسەد.