کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی پرۆژەی ڕێگەی شەمەندەفەری مەراغە ـ ورمێ بە ته‌رخانکردنی ٤٠٠ میلیارد تمەن

08:18 - 6 گەلاوێژ 2715

پاش ١٥ ساڵ هێشتا پڕۆژەی ڕێگەی شەمەندەفەری ورمێ ـ مەراغە تەواو نەبووە‌و هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە بە ئاکام گه‌یاندنی ئەم پرۆژەیە پێویستی بە ٤٠٠ میلیارد تمەن بوودجەی دیکه‌ هەیە. پرۆژەی ڕێگەی شەمەندەفەری ورمێ ـ مەراغە بە درێژایی ١٨٤ كیلۆمیتر لە ساڵی ٨٠ وە لە ٥ به‌ش‌دا ده‌ستی پێکردوه‌. لێدانی ئەم ڕێگەیە لە مەراغەوە دەست پێ دەكاو شارەكانی میاندواو، مەهاباد و نەغەدە پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌و ده‌گاته‌ ورمێ، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ١٥ ساڵ هێشتا بەشێكی گەورە لەم پرۆژەیە بە هۆی نەبوونی بوودجە بە نیوەچڵی ماوەتەوە. چالاكانی مەدەنی پارێزگای ورمێ دەڵێن ساڵانێكە تەكمیلكرانی پرۆژەی لێدانی ڕێگەی ئاسنینی مەراغە ـ ورمی یەكێك لە ویست‌و داوا جیددییەكانی خەڵكی پارێزگای ورمێ‌یە، بەڵام هەموو ساڵێك بەڵێنییە بێ كردەوەكانی كاربەدەستان سەبارەت بە تەواوكرانی ئەم گەڵاڵەیە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام خەڵك ئیدی هیچ هیوایەكیان بەم بەڵێنییانە نەماوە. جێی باسە بوونی ڕێگەی ئاسن‌و ئوتووبان لە پارێزگای ورمێ بەهۆی هاوسنوور بوونی لەگەڵ 3 وڵاتی بیانی بە تواناییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەكان بابه‌تێکی زۆر پێویست و تەنانەت ژیانەكییە، بەڵام كاربەدەستانی پێوەندیدار تا ئێستاش لەو باره‌یه‌وه‌ كەمتەرخەمن.