کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕزگار كرانی شاری "سرین" لە دەستی داعش لەلایەن هێزە كوردییەكانی سووریەوه‌

08:19 - 6 گەلاوێژ 2715

هێزە كوردییەكانی سەر بە "یەكینەكانی پاراستنی گەل" له‌ خۆراوای کوردستان توانییان، شاری سرین لە چنگی هێزه‌کانی داعش ڕزگار بكەن. شاری سرین لە نزیك چۆمی فورات لە باكووری سووریەو لە سنوورەكانی توركیە هەڵكەوتووە. چاوەدێری مافەكانی مرۆڤی سووریە له‌ بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە هێزە كوردییەكان ئەم شارەیان پاش مانگێك شەڕو پێكدادانی قورس لەگەڵ میلیشیاكانی داعش لەم ناوچەیە ئازاد كردوه‌و بەمه‌ش هێڵە تەداروكاتییەكانی ئەم گرووپە تێرۆریستییەیان پچڕاندوه‌. ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆكی چاوەدێریی مافەكانی مرۆڤی سووریە ده‌ڵێ عەمەلیاتی ڕزگار كردنی شاری سرین لەلایەن هێزە كوردییەكان بە پشتیوانی‌و هاوكاریی هەوایی فڕۆكە شەڕكەرەكانی بەرەی هاوپه‌یمان بە سه‌رۆکایه‌تیی ئامریكا کراوه‌. حەوتووی ڕابردووش هێزە کورده‌کان بە پشتگیری كۆمەڵێك لە گرووپە دژبەرە سوورییەكان توانیان سەركەوتنی بەرچاو لە مەیدانەكانی شەڕ بەدژی داعش لە پارێزگای ڕەقە لە باكووری سووریە وەدەست بێنن.