کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرپەرستی گڕووپی کاریی ڕزگارکردنی کانی‌بڵ: هەواڵی رزگارکردنی کانی‌بڵ ناڕاستە

19:17 - 8 گەلاوێژ 2715

سەرپەرستیی گڕووپی کاریی ڕزگارکردنی کانی‌بڵ بەبۆنەی سەفەری حەسەن ڕوحانی بۆ سنە لە وتووێژێکدا لەگەڵ حەوتوونامەی " ڕۆژان" دەڵێ داوای سەرەکیی خەڵک ئەوەیە کانی‌بڵ دەستی لێنەدرێ‌و وەک خۆی بمێنێتەوە. دوکتور سەید موختار هاشمی دەڵێ کارفەرمای بەنداوی داریان کە باس لە ڕزگاربوونی کانی‌بڵ دەکا قسەکەی ناڕاستەو بۆ گۆڕینی زارکی کانییەکە ئەو کانییە لە فەوتان ڕزگاری نابێ. ئەو دەڵێ داوایان لە خەڵکی کردوە داوای خۆیان بە ژمارەی 111 بۆ سەرۆک کۆماری بنێرن، بەڵام ئێمە دەیان هەزار ئیمزای خەڵکمان کۆکردەوەو ناردوومانە، کەچی ئەو داوایەی خەڵک نابیندرێ‌و دەنگی خەڵک نابیسترێ. دوکتور هاشمی ڕەخنەی لە کاربەدەستانی پارێزگای سنەش گرتوە و دەڵێ ئەوانیش هیچ بەرنامەیەکیان بۆ ڕزگارکردنی کانی‌بڵ نەبوە، دیارە ئەوان هاوسۆزیی کەمپەینی ڕزگارکردنی "کانی‌بڵ"یان کردوە، بەڵام هەر هاوسۆزی هیچ بە هیچ ناکاو دەبێ هەنگاوی کردەیی لە پشت بێ. ناوبراو بە ئاماژە بە وردەکاریی دۆخی کانی‌بڵ دەڵێ کارفەرمای پڕۆژەکە ئێستاش لە سەر دەستپێکردنی عەمەلیاتی ئیجڕایی داخستنی زارکی کانییەکەو گواستنەوەی ئاوی کانییە بۆ سەرچاوەیەکی دی مانۆڕ دەدا، بەڵام قسەکانی ناڕاستن‌و بەوە کانی‌بڵ ڕزگاری نابێ. "کانی‌بڵ" کانییەکی سروشتییە لە نزیکیی گوندی ھەجیج کە لە کێوەکانی شاھۆوە سەرچاوە دەگرێ و یەکێ لە پڕئاوترین کانییەکانی کوردستانه‌. کانی‌بڵ لە چرکەیەکدا سێ تا چوار ھەزار لیتر ئاوی ھەیە و دەتوانێ ئاوی خواردنەوەی دوو میلیون کەس دابین بکات. ئەم کانییە بۆ خەڵکی ناوچەی ھەورامان گرینگیی تایبەتی ھەیە و بە گوێرەی تاقی کردنەوە زانستییەکان لە پاکترین ئاوەکانی جیھانە. ئەو چەمەی کە لە ئاوی کانی بڵ دروست دەبێ درێژایی ١٥ مەترە و بە کورتترین چەمی عالەم لە قەڵەم دەدرێ و دەڕژێتە نێو ڕووباری سیروان کە یەکێ لە پڕئاوترین چەمەکانی کوردستانە. ئه‌و کانییه‌ به‌نرخه‌ به‌هۆی هه‌ڵبەستنی بەنداوی داریان دەخرێتە ژێر ئاو و نوقم دەبێت. لە ئێستادا پڕۆژەی بەنداوی داریان لە قۆناغە کۆتاییەکانی دایە و ژمارەیەکی زۆر له‌ چالاکانی کۆمەڵایەتی و پارێزەرانی ژینگە و بەرپرسانی ناوچە داوای ڕاگرتنی ئاوگیری بەنداوەکە و ڕزگار کردنی ئەم کانییە بەنرخە دەکەن. ئه‌وان ده‌ڵێن فه‌وتانی " کانی‌بڵ" به‌ مانای فه‌وتانی شارستانییه‌ت و ژیاری هه‌ورامانه‌.