کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی سەدی ٥ی ئاماری مردنی موعتادەكان لە ئێران

07:32 - 14 گەلاوێژ 2715

عەلیڕەزا جەزینی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ستادی بەربەرەكانیی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر ڕایگەیاند كە ئاماری مردنی موعتادەكان لە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەچاو ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو سەدی ٥ زیادی كردوە. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە 13ی گەلاوێژ لە كۆبوونەوەیەكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا ٥٩٦ كەسی گیرۆدەبوو بە مادەی هۆشبەر گیانیان لە دەست داووە، لە نێو ئەم كەسانەدا ٧٠ کەسیان ژن بوون. جەزینی هۆكاری مردنی ئەم كەسانەی بۆ ژەهراویبوونی مەترسیدار، بەكارهێنانی لە رادەبەدەری مادەی هۆشبەر، بوونی مادەی هۆشبەر لە نێو زگدا، لێدانی دەرزی‌و تووش بوون بە نەخۆشییە عفوونییەكانی وەك ئێدزو هێپاتیت‌و، هەروەها بەكار هێنانی ڕەوانگەردانەکان گەڕاندۆتەوە. بابەك دین پەرەست، یەكێكی دیكە لە كاربەدەستانی ستادی بەناو بەربەرەكانی لەگەڵ مادەی هۆشبەر، دەڵێ کە لە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، مردن بەهۆی ئیعتیاد لە ئێران سەدی 6 و لە تاران تا ئاستی سەدی ٣٠ زیادی كردوە. بەوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ستادی بەربەرەكانی لەگەڵ مادەی هۆشبەر لە ساڵی ڕابردووشدا ٣ هەزار كەس لە ئێران بە هۆی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر گیانیان لە دەست دا كە ٣٠٠ كەس لەوان ژن بوون. عەلیڕەزا جەزینی هەروەها ئیدیعای کردوە کە لەمساڵدا ٨٣ هەزار و ٦٠٠ قاچاغچیی ماددەی هۆشبەریان دەسبەسەر کردووەو ٣٨ هەزار و ٦٠٠ كەسی تووشبوو بە مادەی سڕكەریش لە ناوچە جیاکانی ئێران گیراون‌و لە بەندیخانە خراون. بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی موعتادەكان لە حاڵێكدا ڕاگەیەندراوە كە هەموو ساڵێك كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵکی ئێران بە تاوانی قاچاغی مادەی هۆشبەر یان تاوانە پێوەندیدارەكانی دیكە ئێعدام دەكرێن، بەڵام چالاكانی مافەكانی مرۆڤ دەڵێن لە دا درانی ئەم كەسانە ڕێگە چارەی بەربەرەكانی كردن لەگەڵ مادەی هۆشبەر نییە، چونکی لەگەڵ ئەوەشدا بەڵام هەم حەشیمەتی موعتاد لە ئێران زیادی کردوەو هەم خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی پێوەندیدار بەو دیاردەیە پەرەیان سەندوە.