کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بڕیاری دادگا دەست و لاقی دزێك لە مەشهەد پەڕێندرا

07:35 - 14 گەلاوێژ 2715

كەسێك كە بە هۆی دزی لە بانكێكی مەشهەد، بە شەڕ لەگەڵ خودا تۆمەتبار كرابوو، بە بڕیاری دادگا دەستێك‌و لاقێكی پەڕێندرا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی خۆراسان "ڕەحمان ـ ك" و "مێهدی ـ ر"، تۆمەتبارانی ئەم پەروەندەیە ساڵی ڕابردوو بە چەک هەڵیانكوتابووە سەر لقی بانكی میللیی لە مەشهەد و دزییان لێ كردبوو. دوای دەسبەسەرکرانی ئەو دوو کەسە ئەوان لە دادگای شۆڕش‌دا بە مەحاریب ناسران‌و دادگا حوكمی پەڕاندنی "دەستی ڕاست‌و لاقی چەپ"ی ئەم دوو کەسەی دەرکرد کە ڕۆژی دووشەممە 12ی گەلاوێژ حوكمی "ڕەحمان ـ ك" جێبەجی كرا. پەڕاندنی دەست‌و لاقێکی ئەو هاووڵاتییە لە حاڵێک دایە کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیش حوكمی پەڕاندنی دەستی دوو زیندانیی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد جێبەجێ كرا. تاوانی ئەم دوو كەسەش هەر دزی كردن بووە. ئەو دوو کەسە گوتبوویان بەهۆی بێكاری ناچار بە دزی كردن بوون. شایانی باسە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام باس لە پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران کراوە، بەڵام ئەو دیاردانەی وەک دزی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەی دوای تێکچوونی بارودۆخی ئابووریی ئێران زیاتر بووە.