کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایە خەدیجە قادری، دایکی شەهید قادر ئیفتیخاری لە پیرانشار

15:24 - 14 گەلاوێژ 2715

دایە خەدیجە قادری، دایکی شەهید قادر ئیفتخاری کۆچی دوایی کرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی گەلاوێژ دایە خەدیجە قادری، ناسراو بە داخەج، دایکی فەرماندەری شەهیدی هێزی ئاوارە، قادر ئیفتیخاری، کۆچی دوایی کرد. داخەج ، هاوسەری رەوانشاد کاک عەلیی ئیفتیخاریی چەشمەگۆل‌و، لە بنەماڵەی بەناوبانگی قادرییەکانی “سەروکانێ” ی پیرانشار بوو. برازای نەمر کا حەمەدی سەرۆکانی (محەممەد قادری) ناسراو بە کاپیتان بوو، کە لە بەندییە سیاسییە ناسراوەکانی سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی‌و لە تێکۆشەرانی لە مێژینەی حیزبی دیموکرات بوو. سەرهەنگ ئیرەج قادرییش کە لە تێکۆشەران‌و کەسایەتییە دیارەکانی حیزبی دیموکراتەو بە خۆشییەوە لە ژیان دایە، برای داخەجە. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران‌و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، بنەمالەی کاک عەلیی ئیفتیخاری، وەک زۆر لە بنەمالە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان، ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان بۆ خەبات لە پێناوی مافەنەتەوەییەکانی گەلی کورد هەڵبژارد. مام قادر، لە هیزی ئاوارە، چەکی بەرگری لە نەتەوەکەی کردە شان. کوڕو کچەکانی دیکەی ئەو بنەماڵەیە وێرای دایە خەدیجەو کاعەلی دایک و باوکیان، ژیان و تێکۆشان لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی پێشمەرگەیان هەڵبژارد‌و لە چوارچیوەی ڕێکخراوە سینفییەکان‌و دامەزراوە فەرهەنگییەکانی حیزبدا، دەست بە کار بوون. مام قادر ئیفتیخاری سەرئەنجام بە دوای نیشاندانی ئازایەتیی زۆرو لێهاتوویی جۆراوجۆر لە بەڕێوەبردنی کارو بەرپرسایەتیی پێشمەرگانە دا، بە فەرماندەری هیزی گەورەی ئاوارە هەڵبژێردرا. ئەو فەرماندە لێهاتوویەی هیزی پێشمەرگە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٢، لە عەمەلیاتێکی هاوبەش لە گەڵ هیزی شەهید سمکۆ کە لە نێو شاری شنۆ دا بەڕێوەیان برد، بە داخەوە شەهید بوو. داخەج و کاک عەلیی هاوسەری بە دوای شەهید بوونی کوڕە قارەمانەکەیان، ناچار بوون بگەڕێنەوە سەر ژیانی پێشووی خۆیان لە ئاوایی”دربکە”ی پیرانشار. داخەج بڕیاریدا خۆی بۆ پێڕاگەیشت‌ و پەروەردەکردنی مندالەکانی شەهید قادری ئیفتیخاری تەرخان بکا. ئەو دایکە بەڕێزو خۆڕاگرە یادگارەکانی قارەمانی شەهید قادر ئیفتیخاریی سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بەو جۆرەی شیاوی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانە، پەروەردە کرد. دایە خەدیجە قادری، هەر لەو کاتە دا، لە سەردان و پێوەندی پیوەگرتنی هاوسەنگەران‌و دریژەدەرانی کوڕە شەهیدەکەشی غافڵ نەبوو. ئەو کە ڕووی دەکردە بنکەکانی حیزب‌و لە کۆڕی پێشمەرگەکان میوان دەبوو، وەک دایکێکی مێهرەبان‌و شۆڕشگێڕ پێشوازی لێ دەکرا. ئەو دایکە لە هاندان و دڵگەرمیدان بە ڕۆڵەکانی، خۆی نەدەپارست‌و هانی دەدان ڕێگا و خوێنی شەهیدان لە بیر نەکەن و هەتا وەدیهێنانی ئامانجی رزگاری لە خەبات نەوەستن. سەرئەنجام ڕۆژی ١٢ی گەلاویژی ئەمساڵ، ئەم دایکە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە، ماڵاوایی لە ژیان و خۆشەویستانی کردو لە نێو بەدرەقەی گەرمی ئازیزان‌و خەڵکی قەدرزان‌دا لە پیرانشار بە خاک سپێردرا. ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی “دایە خەدیجە قادری”، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەمالەکانی قادری‌و ئیفتیخاری، خەڵکی ئاواییەکانی سەرۆکانی، چەشمەگۆل و دربکەو هەموو خەڵکی پیرانشارو شنۆ دەکا. یادی داخەجی خۆراگر و پێشمەرگە پەروەر هەر بەرز و بەڕێز بێ.