کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەدڕەزا ڕەحیمی لە دوای مردنی ژنەکەی نەگەڕاوەتەوە بۆ زیندان

14:59 - 15 گەلاوێژ 2715

لە حاڵێكدا لەگەڵ تاقە ڕۆژێك مەرەخەسی بە زیندانییەكی سیاسی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی ئەندامانی بنەماڵەكەی نادرێ، محەممەدڕەزا ڕەحیمی، جێگری یەكەمی دەوڵەتی دەیەم پاش سێهەمین‌و دوایین مەرەخەسیی خۆی، ئێستاش نەگەڕاوەتەوە بۆ زیندان. محەممەدڕەزا ڕەحیمی، جێگری یەكەمی دەوڵەتی ئەحمەدینژاد كە لە دادگا دزینی چەندین میلیارد تمەنی لەسەر ساغ کرایەوەو بەو هۆیەوە بە زیندان مەحكووم كرا، پاش سێهەمین‌و دوایین مەرەخەسیی خۆی لە ڕێكەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٤ەوە لە دەرەوەی زیندانەوەو تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە زیندان. جێگری یەكەمی ئەحمەدینژاد بە تاوانی بەرتیلخۆری بە 5 ساڵ و ٩١ ڕۆژ زیندان حوكم دراوە، ڕەحیمی جگە لە دوایین مەرەخەسیی خۆی لە مانگی جۆزەردان، پێشتریش دوو جاری دیكە مەرەخەسی پێدرابوو. محەممەدڕەزا ڕەحیمی ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٣ بۆ زیندان گوازرایەوە و حەوتوویەک دوای گواستنەوەی بۆ زیندان بۆ یەكەم جار مەرەخەسی وەرگرت، ئەوە لە حاڵێكدایە كە " بە ناو عیداڵەتی دەزگای قەزایی" ڕێگەی نەداوە تا زیندانییانی دیكە كە بە تۆمەتی سیاسیی و عەقیدەتی بەند كراون لە مافی مەرەخەسی‌و باقی مافە سەرەتاییەكانی خۆیان كەلك وەربگرن. پێدرانی سێهەمین مەرەخەسیی بەم دز و گەندەڵكارە ئابوورییە‌و نەگەڕانەوەی ناوبراو بۆ زیندان لە ڕێكەوتی 25ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە لە حاڵێك دایە كە جێگری فەرهەنگیی دەزگای قەزایی پێشتر ناوبراوی بە "تاوانباری خۆمانە" ناوبردبوو. شایانی باسە محەممەدڕەزا ڕەحیمی وێڕای ڕەخنە گرتن لە ڕاگەیەندرانی حوكمی دادگای خۆی گوتی: من هەر بە تەنیا محەممەدڕەزا ڕەحیمی نیم، ئەمن جێگری یەكەمی ئەم نیزامەم، من پێشینەی ٣٤ ساڵ خزمەت كردن بە كۆماری ئیسلامیم هەیەو، هەر بۆیە نابێ وا بە ئاسانی سەیری ئەم مەسەلە بكەن.