کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆكردنەوەی ڕۆژانە ٢ هەزار كارتۆن خەو لە تاران

15:01 - 15 گەلاوێژ 2715

جێگری شارەداریی تاران دەڵێ لە ماوەی وەرزی هاویندا ڕۆژانە نزیكەی ٢ هەزار كارتۆن خەو لە ئاستی شاری تاراندا كۆ دەكەنەوە. مەیسەم ئێمروودی، جێگری شارەداریی تاران دەڵێ دەبێ باقی ناوەندو ڕێكخراوە ئەرکدارکراوەکانی ئەم بوارە کە لە ژێر چاوەدێریی وەزارەتی نێوخۆدا کار دەکەن، هەموو هەوڵی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بخەنە گەڕ. بەقسەی ناوبراو لە وەرزی هاویندا ڕۆژانە ٢ هەزار كەس‌و لە زستانیشدا ڕۆژانە نزیكەی ٦ هەزار كارتۆن خەو لە ئاستی شاری تاراندا كۆ دەكرێنەوە. لە لایەكی دیكەوە جێبەجێكاری گەڵاڵەی یارمەتیدان بە کۆکردنەوەی سواڵکەرەکانی ڕەشت گوتی توێژینەوەكان دەریدەخەن ئاماری ژنانی كارتۆن خەو كە لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا سەردانی ناوەندی "بازپەروەری"یان كردووە لە سەدی ٢٢ڕا گەیشتۆتە سەدی ٨٠. شایانی باسە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران گەیشتە سنووری قەیران، بەڵام سەرەڕای وریا كردنەوەی خەسارناسان، قەیرانی ئەتۆمی بیانوویەک بووە لە بەردەم هێنانە بەر باسی گیرو گرفتە كۆمەڵایەتییەكان‌و پێڕاگەیشتن بەم بابەتانە لەلایەن کاربەدەستانەوە پشتگوێ خراوە.