کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوربانعەلی سەعادەت: كوردەكانی عێراق هۆی دواکەوتوویی ئابووریی پارێزگای ورمێ

15:02 - 15 گەلاوێژ 2715

پارێزگاری ورمێ ئیدیعای كردوە كە كوردانی باشووری كوردستان بوونەتە هۆی گەشەنەكردنی ئابووریی ئەم پارێزگایە. قوربانعەلی سەعادەت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆكانی ورمێ وێڕای ئاماژە بە کەمیی سەرمایەگوزاری لە پارێزگای ورمێ، دەوڵەت هۆكاری گەشەنەكردنی ئابووریی ئەم پارێزگایەی بۆ هاتنی ئاوارەکانی هەرێمی كوردستان گەڕاندنەوە. ناوبراو گوتی قەبووڵمە كە سەرمایەگوزاری لەم پارێزگایەدا نەكراوە، بۆ نموونە تا ساڵی ١٣٦٨ بە هۆی شەڕ گیروگرفتێکی زۆر لە بواری سەرمایەدانان هاتە پێشێ. سەعادەت لە درێژەدا دەڵێ ساڵی ١٣٧٠ كە هەرێمی كوردستان بۆمباران کرا، بە هەزاران كەس لە کوردەکانی عێڕاو پەنایان بۆ پارێزگای ورمێ هێناو ئەمە هۆكاربوو بۆ دواکەوتنی سەرمایەگوزاری لەم پارێزگایە. پارێزگاری ورمێ لە حاڵێكدا كوردانی باشووری كوردستان بە هۆكاری دواکەوتنی سەرمایەگوزاری لە پارێزگای ورمێ دەزانی كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان بە سەدان میلیارد تمەنیان لە شارەكانی ورمێ و تەورێزدا سەرمایەگوزارییان كردوە. قوربانعەلی سەعادەت لە درێژەی قسەكانیدا ڕەخنەی لە دەوڵەتی نۆیەم‌و دەیەمی ئەحمەدی‌نژاد گرت كە لەو ماوەیەدا سەرەڕای داهاتی زۆری نەوت سەرمایەگوزارییان لەم پارێزگایەدا نەكردو تەنانەت كۆمەڵێك پەسندكراو هەبوو كە ئەگەر جێبەجێ‌كرابان ئەم پارێزگایە تا ڕادەیەك لە بارەی ئابوورییەوە گەشەی دەكرد، بەڵام ئەوانیش جێبەجێ نەکران. هەڵبەتە ئەو چاوپۆشی لەم مەسەلەیە كرد كە ئێستا پاش كۆتایی شەڕو گەڕانەوەی ئاوارە كوردەكانی عێراق و تێپەڕینی چەند ساڵ بەسەر كۆتایی دەوڵەتی ئەحمەدینژاددا، دەوڵەتی ڕووحانی چ بیانوویەكی بۆ سەرمایەدانەنان لە كوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای ورمێ هەیە.