کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانووستانی ڕووسیەو ئامریكا لە بارەی سووریە

15:14 - 15 گەلاوێژ 2715

سێرگێئی لاورۆف وەزیری دەروەی ڕووسیە، لە كۆتایی دیداری خۆی لەگەڵ جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئامریكا، لە مالیزی گوتی ئەم دوو وڵاتە سەرەڕای ڕێككەوتنیان لە سەر پێویستیی شەڕ لەگەڵ گرووپی داعش، بەڵام لە بابەت چۆنیەتیی ئەم شەڕە لەگەڵ یەكتر ڕێك نەكەوتوون. ئەوە دووهەمین جارە كە وەزیرانی دەرەوەی ئامریكاو ڕووسیە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بابەت قەیرانی سووریە لەگەڵ یەكتر دادەنیشن. سێرگێئی لاورۆف، لە كۆتایی دیداری ئەم جارەی‌دا لە مالیزی لەگەڵ جۆن كێری، گوتی: ئەم دوو وڵاتە لە سەرە ئەوەی كە داعش مەترسی‌و بەڵایەكی هاوبەشە بە یەكەوە هاودەنگن، بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕووبەڕوو بوونەوەی خێراو كاریگەر لەگەڵ ئەم مەترسییە نەیانتوانیوە ڕێك بكەون، لە نموونەی هۆكارەكانی ئەم ڕێكنەكەوتنەش ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزە جۆراوجۆرەكانی سووریە لەگەڵ یەكتر وەك گرووپە چەكدارەكانی دژبەری بەشار ئەسەدە. ڕووسیە لە هەوڵ دایە بۆ پێك هێنانی بەرەیەكی بەربڵاو بەدژی گرووپی داعش، حكوومەتی بەشار ئەسەدو زلهێزەكانی ناوچە وەك توركیە و عەرەبستان لێك نزیك بكاتەوە. لاورۆف هەروەها گوتوویەتی دەبێ توندترین دژبەرانی بەشار ئەسەدیش بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گرووپی داعش، هاوكاریی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بكەن، کە ئەمریکا دژ بەو بۆچوونەیە.