کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی بەڕابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی هەوشار

15:33 - 15 گەلاوێژ 2715

محەممەد ئوستادی، تێکۆشەرێکی بەڕابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی هەوشار کۆچی دوایی کرد. محەممەد ئوستادی کوڕی فەیزوڵلا، لە ساڵی ١٣١٥ لە ئاوایی قۆزڵو لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش چاوی بە دونیا هەڵێناو لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و شەڕفرۆشتن بە گەلی کورد دەستی دایە چەک‌و هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەوشار. محەممەد ئوستادی مرۆڤێکی شۆڕشگێڕو خەباتکار بوو، و لە نێو خەڵکی هەوشاردا زۆر خۆشەویست بوو. ئەرکە حیزبیەکانی بە گیان‌و بەدڵ ڕادەپەڕاند. لە زۆربەی زۆری تێکهەڵچونەکان لە ناوچەی هەوشار دژ بە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بەشدار بوو. ئەو لە زستانی ١٣٦١ لە شەڕێکی دەستەو یەخەدا لەگەڵ پێنج پێشمەرگەی دیکە بەدیل گیران‌و نزیکەی ٥ ساڵ لە بەندیخانەی ڕژێم‌دا لە ژێر ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر دا بوو. لە دوای دەرکردنی بڕیارێک لە لایەن حکومەتەوە بە بۆنەی ٢٢ بەهمەن بۆ زیندانیانی سیاسی، کەوتە بەر لێبوردنی گشتی‌و لە بەندیخانە ئازاد کراو گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی. محەممەد ئوستادی لە دوای ئازاد کردنیشی هەر لەژێر چاوەدێری‌دابوو، هەر ئەوەش بوو بە هۆکاری کۆچکردنی لە گوندی مەمەرەوە بۆ شاری مەهاباد، بەڵام ناوبراو لە درێژەدان بە ڕێبازەکەی‌و لایەنگری لە حیزبەکەی بەردەوام بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری کاک محەممەد ئوستادی دەکاو خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.