کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێعر هەموو کەسی شێرکۆ بوو

02:59 - 16 گەلاوێژ 2715

شێعر جیهانێکی تژی لە جوانییە، چوارچێوەیەکی تایبەتی نییە و سەر بە هەموو لایەنێکی ژیان دا دەکا و هەموو ڕاستییەکانی ژیان هەست پێدەکا و بە شێوازێکی کە دەڕوانێتە جیهان و گشت بوونەوەرێک. يه‌کێک له‌م ديارده‌ دەگمەنانەی که له جيهاندا هيچ ياسا و پێناسه‌يه‌کى تۆکمه هەڵناگرێ، ئه‌گه‌ريش پێناسه‌ هه‌ڵگرى ئه‌به‌دى نييه. ڕه‌نگه شێعر بێ، به واتايه‌کى‌تر شێعر کارى خۆى ده‌کا. هەر وەک ڕوون و ئاشکرایە شێعر لە وڵاتی ئێمە واتە کوردستان میژوویەکی تایبەتی هەیە و لە سەرتاوە تاوەکوو ئێستا گەلێ کەڵە شاعیری باش و بەئەزموون و تا ڕادەیەک جیهانی لێ‌هەڵکەوتووە و بە گشتی تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی زەفەر بەرێتە ناو خەڵک و کۆمەڵەوە و ببێتە بەشێک لە ژیان و جیهانی ئەوان. شیرکۆ بێکەس یەک لەو شاعیرە مەزنانەی مێژووی ئەدەبی کوردە کە سامانێکی دەوڵەمەند و بە شکۆی لە شێعری کوردی بۆ کتێبخانی کورد مسۆگر کرد. شاعیرێک کە شێعرەکانی لە گەڵ هەموو زام و ئێشێکی نەتەوەی هەنگاوی هەڵدێناوە و باڵی بە سەر هەموو برینەکانی گەل دادێنا. شێرکۆ بێکەس هەوارێکی ئاوەدان و کوێستانێکی سێحراوی شێعر بوو. دەستی وشەی دەگرت و لە جوانترین مەنزڵگەی ئەوینی شێعریدا نیشتەجێی دەکرد. شیرکۆ شکۆیەکی هەرمان و رازاوەی بە شێعر بەخشی، لە پەنجەرەیەکی ترەوە دەیڕوانییە خاک و وڵات و مێخەکبەندەکانی نیشتمان. سیلەی لە نێوچاوانی تاریکی دەگرت و بەرەنگاری دووکەڵ و دێوەزمەی وێرانی دەبۆوە، شێعرەکانی بەردەوام دەبوونە پێشمەرگە و وڵاتی پێ دەلاواندەوە. شێرکۆ تەنیا شێعری نەنووسی، بەڵکوو لە تەنیشت شێعرنووسینەوە شۆڕشگێڕێکی راستەقینە بووە و چەکی بەرگری لە وڵاتیشی لە شان کردووە. شێعرەکانی شیرکۆ وێنەیەکی راستینمان بۆ دێنێتە بەرچاو کە هەموو چەرمەسەرییەکانی کوردی تێدا دیارە، دەتوانی شۆڕشەکانی کوردی تێدا ببینینەوە، سەرکەوتنەکان، شکستەکان، پێکەنین و گریان. شێعری شیرکۆ گیڕانەوەی خەفەتەکانی دایک و هەنیسکی مناڵانی چاو بە گریان و چارەنووسی گەلێکی چەوساوە و ژێر دەستە کە لە هەوڵ و خەبات بۆ ئازادی نەوەستاوە. شێعری شیرکۆ بە زمان و بە فۆڕمێکی نوێوە بە وێنەی مەلە کۆچەرییەکان، ئاسمانی گەرمیانی شەهیدی بە سەر دەکردەوە، بە دەم شنەی ئازادییەوە دەگەیشتە کرماشان و سنە، لە موکوریان پشووی دەدا و لە سەر درختەکانی دیاربەکر دەنیشتەوە، هێلانەکانی قامیشلووی ئاوەدان دەکردەوە و بۆن و بەرامەی ئاشتی و جوانی و تیشکەکانی ئەبەدییەتی بۆ هەموو کون و قوژبنێکی کوردستان دەبرد. بە دڵنیاییەوە شیرکۆ بێکەس دەورێکی کارای بووە لە ناساندن و زەق کردنەوەی ژێنۆساید و جینایەتەکانی نەیارانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان. چ لە کیمیابارانی هەڵەبجە، چ لە ئەنفال و هەروەها هەموو نەهامەتییەکانی گەلی کورد، گۆڕستانی چراکان، دەربەندی پەپوولە و چەند کتێبە شێعری کەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەو بابەتە، هەمووی ئەو کتێبانەش سەرچاوەیەکی گرینگ و بە بایەخە، هەم بۆ ژێنۆسایدی گەلی کورد، هەمیش لە رووی جوانکاری و نوێبوونەوەی شێعری نوێی کوردی کە پەنجەرەیەکی تری بە ڕووی جیهانی شێعری کردوە. بە دڵنیاییەوە هەتا کورد بمێنێ شیرکۆی شاعیر و شۆڕشگێریش هەرمانە و هەموو دەم سێبەری بە سەر مێژوو و کلتوور و زمانی ئێمەوە قورسایی دەکا. شێرکۆ بەشێکی دانەبڕاوە لە زام و ئێشەکانی گەل، هاوڕێی خەم و خۆشییەکانمان بوو، هاوکات لە گەڵ نەتەوەکەی هەم دەگریا و هەمیش پێدەکەنی. شێرکۆ لە ژیانی ئەدەبی و سیاسی خۆیدا هیچ کات خۆی لە کۆمەڵگا و کێشەکانی سەردەمی خۆی جیا نەکردەوە و هەموو کات لێی بە خاوەن دەردەکەوت. لە کۆتاییدا دیسانەوەش دەڵێن کە: شێرکۆ بێکەس: شۆڕشگێڕی شێعر و نەتەوە بوو لە ژماره‌ ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌