کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکارەکانی پشت هێرشی تورکیە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان

03:06 - 16 گەلاوێژ 2715

شکاندنی ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٣ و بە ئامانج گرتنەوەی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، و هاوکات پەیوەست بوونی یارمەتیدەرانەی بە هاوپەیمانی دژ بە داعش، نیشانەی دەستپێکی وەرزێکی نوێیە لە سیاسەتوەرزی حکوومەتی تورکیە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا. ئەو سیاسەتە نوێیە بەرهەمی چەند هۆکاری سەرەکییە: یەکەم ،گۆڕانی نەخشەی سیاسی و بەڕێوەبەریی تورکیە لەسەر بنەمای ئەنجامی دوایین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو هەڵبژاردنەدا، دەنگەکانی ئاک پارتی بەهۆکاری جیاواز بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کرد، بەتایبەت لە سندووقەکانی باکووری کوردستان کە زۆرینەی دەنگەکان ئەوجارە بۆ پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک، هەدەپە، بوون. ئەو شکستە نە تەنیا کۆتایی بە سێ دەورە دەسەڵاتداری تاک حیزبی ئاک پارتی هێنا، بەڵکوو خولیای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیەی بۆ دامەزراندنی سیستمی کۆماری و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە بۆ داهاتوویەکی نادیار حەواڵە کرد. لەلایەکی دیکە، براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکە هەدەپە بوو کە دەنگی رەوتی نەتەوەیی و میانڕەوی کورد و بەشێک لە چەپە گۆڕانخوازەکانی تورکی بەدەست هێنا. هەدەپە بە پشت بەستن بە دەنگی جەماوەر بووەتە هێزێکی جەماوەری گەورە کە لە رووی سیاسی و یاسایی و تەنانەت بەڕێوەبەریش‌دا دەتوانێ ئاستەنگێکی گەورە بێت بۆ ئاکەپە، بۆیە ئاکەپە دەیەوێ بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی زەبر و زەنگ و زاڵکردنی کەشی ئەمنی و شەڕ، بنکە جەماوەری و یاساییەکەی هەدەپە بکاتە ئامانج. هەمیش دەیهەوێ دەنگە لەدەستچووەکانی لە دەنگدەری ناڕازی تورک وەربگرێتەوە. دووەم، شکست هێنانی پرۆسەی ئاشتییە لەنێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیە ئیستارتی شکستی ئەو پرۆسەیە ئەو کاتە لێدرا کە حکوومەتی تورکیە لەگەڵ پەسەندکرانی یاسایەکی تایبەت بە چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە دژایەتی کرد کە لەلایەن هەدەپەوە ئامادەکرابوو و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردایەتی پەکەکەش قبوڵیان کردبوو. ئەو کاتەی قۆناغی پرۆسەی ئاشتی لە دروشمەوە گەیشتە قۆناغی کردەوە، حکوومەتی تورکیە تووشی کێشە بوو، چونکە نەیویست پرۆسەی ئاشتی بخاتە چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی و زیاتر لە روانگەی ئەمنییەوە سەیری دەکرد کە ئەوەش بۆ لایەنە کوردییەکان جێی قبوڵکردن نەبوو. ئاکەپە دەیهەوێ کوشتنی دوو پۆلیس و ئاگرتێبەردانی چەند ئۆتۆمبێلێک لەلایەن ئەندامانی پەکەکەوە بکاتە بیانوویەک بۆ لابردنی ئۆباڵی شکستی پرۆسەی ئاشتی لەسەر شانی خۆی. هەرچەندە ئەو هەنگاوەی پەکەکەش جێی تێڕامان و رەخنەگرتنە بەڵام هۆکاری شکانی ئاگربەست و تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی نییە. هۆکارێکی دیکە پەیوەندی بە سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی تورکیەیە. ئاکەپە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستنەهێناوە و پێویستی بە هاوپەیمانە بۆ پێکهێنانی حکوومەت. جەهەپە و مەهەپە کە دوو هێزی گەورەی پەرلەمانی تورکیەن، دژی پرۆسەی ئاشتین و لەوانەیە تێکدانی ئەو پرۆسەیە یەکێک لە مەرجەکانیان بێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت. لەوانەشە ئاکەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان بیریان لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن کردبێتەوە و پێیان وابێ ئەگەر سیاسەتی توند بەرامبەر پەکەکە بگرنە بەر و لە شەڕی دژی داعشیشدا رۆڵ ببینن، دەنگدەران زیاتر روویان تێبکەن. جگە لە هۆکارە ناوخۆییەکان، هۆکارە دەرەکییەکان و بەتایبەت بەهێزبوونی رەوتی سیاسی و سەربازی نزیک لە پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، بە یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی ئەو سیاسەتە نوێیە دادەنرێن. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لێدانی بنکەکانی پەکەکە، تورکیە سیاسەتی خۆی بەرامبەر داعشیش گۆڕی و رایگەیاند وێڕای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بنکە و پێگەکانی داعش دەکاتە ئامانج، بەڵام وێدەچێ ئەو سیاسەتە رواڵەتی بێ و زیاتر سێرەی لە وەرگرتنی دوو پوان گرتبێ. بە پێی ئەو سیاسەتە نوێیە؛ تورکیە رێگە بە ئەمریکا دەدات کەڵک لە بنکە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ لێدانی داعش وەربگرێ و لە بەرامبەریش‌دا ئەمریکا و ناتۆ یارمەتیدەری تورکیە دەبن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دروستکردنی هەرێمی ئارام و ئەمن لەنێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لەسەر خاکی باشووری کوردستان بێدەنگی هەڵدەبژێن. بەو پرۆژەیە تورکیە هەوڵی بەرتەسک کردنەوە و لاوازکردنی بزووتنەوەی کوردی نزیک لە رەوتی پەکەکە دەدات لە رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت باڵی سەربازییەکەی، یەپەگە، کە زیاتر لە ساڵێکە، هێزێکی مەیدانی کاریگەر بووە لە شەڕی دژی داعشدا و ئەوەش ئیعتبارێکی سیاسی و سەربازی گەورەی بۆ پەیەدە و یەپەگە پەیداکردووە. تورکیەش لەو ئێعتبارە سیاسییە و هەروەها بەهێزبوونی سەربازی رەوتەکانی نزیک لە پەکەکە نیگەرانە و هەوڵدەدات بە بیانووی مەترسییەکانی داعش، رێگری لە بەهێزبوون و جێگیربوونی دەسەڵاتی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان بکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سیاسەتە نوێیە، تورکیە لە سێ بەرە شەڕی دژ بە کورد دەستپێکردووە. لەلایەک بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و خەڵکی مەدەنی لە ناوچە سنوورییەکان کردووەتە ئامانج و لەلایەکی دیکەش لە نێوخۆی باکووری کوردستان شەپۆلێکی دەستگیرکردن و بەندکردنی چالاکوانانی سیاسی و کردنەوەی دۆسیەی دادگایی کردن بۆ پەرلەمانتارانی کوردی دەستپێکردووە. هەروەها هەوڵدەدات هێزی سەربازی و سیاسی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان زاڵ بکات و رێگە لە پێشڕەوی و سەقامگیربوونی دەسەڵاتی پەیەدە بگرێت. هەموو ئەوانەش لەپێناو قورس کردنی پێگەی تورکیە لە پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچە و وەدیهێنانی خەونی ئیمپراتۆری عوسمانی نوێ و بەهێزکردنی پێگەی جەماوەری ئاکەپە و زاڵکردنی دەسەڵاتی تاک حیزبی لە تورکیە و پێشگرتن لە پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە باکووری کوردستان دەکات. لە بەرامبەردا، پارتی کرێکارانی کوردستان کە مەیدانی سەرەکی سیاسەتکردن لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی حکوومەتی تورکیەی بەدەستەوەیە، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکات. ئەو حیزبە سەرەتا دەبێ رێگە لەو هەوڵە ناوخۆییانە بگرێ کە دەیانەوێ پرۆسەی ئاشتی تووشی گرفت بکەن. هەروەها دەبێ ببێتە سەکۆیەک بۆ کۆبوونەوەی زیاتری هێز و کەسایەتی و لایەنەکانی باکووری کوردستان، چونکە وەک لە کۆبوونەوەی رۆژانی رابردووی ئەحمەد داود ئۆغڵووی سەرۆک وەزیران لەگەڵ ژمارەیەک لایەن و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد دەرکەوت، حکوومەتی تورکیە دەیەوێ کەلێن بخاتە نێوان بزووتنەوەی شاخ و شاری باکووری کوردستان. هەروەها لە رۆژئاوای کوردستانیش لایەنەکانی نزیک لە پەکەکە پێویستە کۆتایی بە زاڵبوونی تاک حیزبی و تاک دەسەڵاتی بهێنن تا بتوانن بە یەکگرتووییەوە کار لەسەر رووبەڕووبوونەوەی پرۆژەکانی تورکیا بکەن لە ژماره‌ ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌