کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«خۆشەویستی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان بۆ حیزبی دێموکرات هەوێنی مانەوەو بەردەوامیی ئەم حیزبەن»

03:30 - 16 گەلاوێژ 2715

لە وتووێژێکی تایبەتی رۆژنامەی کوردستان لەگەڵ قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئارەش لۆرستانی: حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕوانگەیەکی ناسیۆنالیستییەوە خەبات لە پێناوی گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کردوە بە ئامانجی خەباتی ٧٠ ساڵەی خۆی. ئایا درێژ بوونەوەی ئەم خەباتە، نیشانەی نادروستبوونی ئەم ئامانجە نیە؟ قادر وریا: درێژبوونەوەی خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە هیچ جۆر بە مانای نادروستبوونی ئامانجی خەباتەکەی نییە. مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەیەک ئەویش نەتەوەیەکی چەندین میلیۆنی کە خۆی‌و نیشتمانەکەی بە سەر چەند وڵات دا دابەش کراون، مافێکی ڕەوا‌و ئامانجێکی دروست ‌و پیرۆزە. ئەم ئامانجە‌و ئەم مافەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ نەتەوەکەی داوای دەکا ‌و خەباتی بۆ دەکا، لە گەڵ پەسندکراوە جیهانییەکان نەک هەر هیچ دژایەتییەکی نییە، بەڵکوو بە مافیکی بێ ئەملاو ئەولای هەر نەتەوەیەک، دادەنرێ. نە شتێکی ناڕەوای تێدایە‌و نە زێدەڕۆیی. کەوایە ئەوە دروست یا نادروستبوونی ئامانجی خەباتەکە نییە کە بووە بە هۆی درێژبوونەوەی، بەڵکوو ئەوە زاڵبوونی دیکتاتۆری و حکوومەتی سەرکوتکەر‌و دڕندە لە ئێران لە لایەک‌ و لە لایەکی دیکە هەلومەرجی دژواری خەباتی ئەم حیزبە ‌و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە وای کردوە ئەم خەباتە لە ماوەیەکی کورت دا نەگاتە ئاکام‌ و هەر وا درێژەی هەبێ. ئەگەر سەرنج بدەینە خەباتی نەتەوە‌و چین و توێژەکانی دیکەی خەڵکی ئێران کە تەنانەت ئامانجی بچووکتریشیان لە ئامانجەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان هەبووە، دەبینین ئەوانیش زۆریان خایاندوە‌ و کەمتر بە ئاکام گەیشتوون. ئارەش لۆرستانی: گرنگترینی ئەو هۆیانەی وایان کردوە حیزبی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای درێژبوونەوەی خەباتەکەی بۆ ماوەی ٧ دەیە، هەر وا درێژە بە ڕێگاکەی بدا، چین؟ دەتوانی بە کورت باسیان بکەی؟ قادر وریا: بە بڕوای من هۆیەکان ئەمانەن: یەکەم، پەیبردن بە بێبەشیی نەتەوەی کورد لە سەرەتاییترین مافەکانی‌و دڵنیابوون لەو ڕاستییە کە ئەم گەلەش وەک گەلانی دیکە شایانی ئەوەیە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێ. دووهەم، پابەندبوون بە ریسالەت‌و ئەرکێکی مێژوویی کە ئەم حیزبە هەر لە سەرەتایی دامەزرانییەوە کەوتووەتە سەرشانی کە ئەویش بریتتە لە رزگار کردنی ئەو گەلە لە بندەستی و بێبەشی. سێهەم، وەفاداری بەو قوربانییە زۆرەی کە نەسلەکانی پێشوومان لەم حیزبە دا‌و هەروەها خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی خەباتی ئەم حیزبە‌و لە پێناوی ئامانجەکانی ئەم حیزبە دا، پێشکەشیان کردوە. دەست هەڵگرتن لە خەبات‌و بەردەوامنەبووبی ئەم حیزبە لە سەر ڕێگاکەی خۆی، بێ ئەوەی ئامانجەکانی هاتبێتە دی، یانی بە فیڕۆدانی ئەو قوربانی‌‌و تێچووە زۆرەی حیزبی دیموکرات و گەلی کورد داویانە. چوارەم،: درێژەی ژێردەستی و بێمافیی نەتەوەی کورد لە لایەن ڕێژیمەکانی ئێران لە لایەک ‌و لە لایەکی دیکەوە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ئامانجەکان ‌و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە‌و خەباتەکەی، وایان کردوە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەر ڕێگاکەی خۆی بەردەوام بێ‌ و هەمیشە زەمینەیەکی لە بار بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێگاکەی خۆی، بەدی بکا. ئارەش لۆرستانی: خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی پێشمەرگەکانی حیزب لە سێ قۆناغی جیاواز (کۆماری کوردستان، بەرگریی چەکدارانە لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و پێشمەرگە لە سەردەمی ئێستا) دا کامانەن؟ قادر وریا: بەرگری چەکدارانە لە گەلی کورد لە بەرامبەر هێرشی دوژمنانی ئەو گەلە‌و پاراستنی دەسکەوتەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان، یەک لەو خاڵە هاوبەشانەیە کە پێشمەرگە لە هەر کام لەو قۆناغانە دا، هەڵگریان بووە. خاڵێکی هاوبەشی دیکەی پێشمەرگە لە هەمووی ئەو قۆناغانە دا ئەوە بووە کە هەر تەنیا هێزێکی چەکدار نەبووە بەڵکوو مرۆڤێکی بە بیروباوەڕ بووە کە نەک بۆ پلە‌و پایە و سامان، بەڵکوو بۆ بردنە پێشی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی، تێکۆشاوە. هەر وەها پێشمەرگە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بووە کە وایان کردوە لە نێو نەتەوەکەی دا ڕێزو خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبێ. قبووڵی ماندوویی بێسنوور، لە خۆبردوویی‌و خەڵکدۆستی‌و فیداکاری‌و ڕێزدانان بۆ خەڵک‌و بوونی ڕەوشتی بەرز‌و هەڵسوکەوتی جوان لەو تایبەتمەندیانەن کە پێشمەرگەی هەموو قۆناغ‌و سەردەمەکانی پێ دەناسرێتەوە. بەڵام ئەگەر بمەوێ باس لە خاڵە جیاوازەکان بکەم، پێویستە بەر لە هەر خاڵێک ئاماژە بکەم بە کاریگەریی قۆناغ و سەردەمەکان لە سەر هێزی پێشمەرگە لە ڕووی پێکهاتە، لە ڕووی بیرکردنەوە و ڕوانین، لە ڕووی ئامادەیی بۆ بەشداری لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا. هەر وەها لە ڕووی چاوەڕوانییەکانیان لە حیزب‌و بزووتنەوە‌و ڕادە‌و ئاستی فیداکاری‌و خۆ تەرخانکردنیان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی‌و بۆ حیزب. بۆ وێنە هێزی پێشمەرگە لە سەردەمی کۆمار دا، هیزێکی تەواو پیاوانە بووە‌ و ژنانی پێشمەرگە لەو ڕۆژگارەدا نابینین. پێکهاتەی هێزی پێشمەرگە بە زۆریی خەڵکی لادێ بوون ‌و کەمتر وەک تاک بەڵکووزیاتر وەک بەشێک لە عەشیرەتێک ‌و لە ژێر ئەمری سەرۆک عەشیرەت ‌و ئاغای گوندەکەی خۆیان دا، بوون بە پێشمەرگە. ژمارەیەکی زۆر کەمیان خوێندەوار بوون‌ و خوێندەوارییەکەشیان لە ئاستێکی نزم دابووە. بەڵام پێشمەرگەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، هەم خەڵکی لادێیان زۆر تێدابووە هەم خەڵکی شار. ژنان بەرە بەرە دێنە نێو ڕیزی پێشمەرگە. ئاستی خوێندەواری ‌و ژمارەی خوێندەوار لە نێو هێزی پێشمەرگە دا، ئاڵوگۆڕی بەرچاوی تێدا پێک دێ. مەیدانی تێکۆشانی پێشمەرگەش زۆر بەربڵاو دەبێ‌و لە سەرووترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا خوارووترین ناوچەکان، واتە هەر چوار پارێزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. جۆری کەرەستە‌و چەکیش کە لەو سەردەمە دا پێشمەرگە شەڕی پێ دەکا، زۆر جیاوازە لە چەک و کەرەستەی سەردەمی کۆماری کوردستان. جیاوازییەکی دیکە کە لە نێوان نەسلی ئەمڕۆ پێشمەرگە و نەسلەکانی پێشوو دا دەیبینم، ئەوەیە کە نەسلی دەیەی ٦٠‌و ٧٠ی هەتاوی لە نەسلەکانی ئیستا، پشوودرێژتر‌و خۆڕاگرتر بوون، لە گەڵ ئەوەی پتر لە نەسلەکانی ئێستا لە شەڕ و تێکهەڵجوون دابوون، پتر لە گەڵ مەترسی بەرەوڕوو بوون‌و هەلومەرجی پێشمەرگایەتییەکان سەختتر بوو، بەڵام زۆر بە زەحمەت دەستیان لە پێشمەرگایەتی هەڵ دەگرت‌و پتر لە سەنگەر و لە ڕیزی پێشمەرگە دا دەمانەوە. ئارەش لۆرستانی: لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ئایا حیزبی دیموکراتی کوردستان خۆی بە حیزبێکی شۆڕشگێڕ دەزانێ یا ڕیفۆرمخواز؟ قادر وریا: حیزبی دیموکراتی کوردستان هەم خاوەنی ئامانجی شۆڕشگێڕانەیە، هەم لە زۆربەی قۆناغ‌و سەردەمەکانی تەمەنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆی دا شێوە و شێوازی شۆڕشگێڕانەی بۆ خەبات و تێکۆشان گرتووەتە بەر. ئەو ئامانجانەی ئەم حیزبە خەباتی بۆ کردوون، زۆر لەوە گەورەتر بوون کە لە چوارچێوەی دوو ڕێژیمی شایەتی‌و کۆماری ئیسلامی دا ئیمکانی وەدیهاتنیان هەبێ. هەر کاتێکیش ئەو ئامانجانە وەدی بێن، گۆڕانی بنەڕەتی لە ژیانی سیاسیی خەڵکی کوردستان دا پێک دێنن. هەر بۆیە دەتوانین بە ئامانجی شۆڕشگێڕانەیان ناوبەرین. شێوازەکانی خەباتی ئەم حیزبەش، شۆڕشگێرانە بوون. ڕاوەستان بە دژی سیاسەتەکانی دوو ڕێژیمی شایەتی ‌و کۆماری ئیسلامی ‌و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمە ناوەندییەکان ‌و بە چەک ‌و خەباتی چەکداری، بەرەنگاربوونەوەی هێڕش‌ و پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەکانی ئێران، بە شێوازی شۆڕشگێڕانە دێنە ئەژمار کە دیارە هەڵبژاردنی ئەم جۆر‌و شێوازانەی بەرەنگاری‌ و خەبات، بە سەر ئەم حیزبە دا داسەپاون ئەگینا هەر کات مەجالی سوود وەرگرتن لە شێوازەکانی هێمنانە بووبێ، ئەم حیزبە پێشوازیی لێ کردوە. بەڵام شۆڕشگێڕبوونی حیزبی دیموکرات هیچ کات نەبووە بە هۆی دژایەتیی ئەم حیزبە لە گەڵ پەنابردنی خەڵک بۆ خستنە رووی داخوازی ڕێفۆرمخوازانە‌ و سوود وەرگرتن لە شیوازی هێمنانەی خەبات و تێکۆشان. هەر حەرەکەتێک ‌و بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازانە لە ئێران‌ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵ دابێ، حیزبی دیموکراتی کوردستان لە جیاتی ڕەتکردنەوە‌و دژایەتیکردنی، هەوڵی داوە هەم رەخنەی لێ بگرێ هەم خەڵک بۆ بەشداری تیداکردن‌و بەرەوپێشبردن‌و رادیکاڵتر کردنی، هان بدا. ئارەش لۆرستانی: حیزبی دیموکراتی کوردستان سیاسەت‌و پیوەندییەکانی خۆی لە دوو بواری ئێرانی‌و کوردستانی (بەرامبەر پارچەکانی دیکەی کوردستان) چۆن دادەڕێژێ و بەڕێوەیان دەبا؟ قادر وریا: حیزبی دیموکراتی کوردستان هەر لە کۆنەوە، دوو سیاسەتی شانبەشانی یەک بردوەتە پێش‌و هەوڵی داوە بە رادەی پیویست گرنگی بە هەر دوویان بدا‌و یەکیان بۆ ئەوی دیکە وەلا نەنێ. لە لایەکەوە خۆی وەک حیزبێکی کوردستانی ‌و، خەباتی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک بەشێک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بۆ ڕزگاری لە بندەستی پێناسە کردوە. هەر بۆیەش هیچ کات لە سیاسەتی پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە‌و پێوەندیی دۆستانە لە گەڵ هیزە سیاسییەکانیان غافڵ نەبووە. لە لایەکی دیکەوە، چونکە ڕووی داخوازەکانی ئەم حیزبە ‌و خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بووە‌ و دروشمی ستراتیژیکی ئەم حیزبە پێوەندیی بە وڵاتی ئێرانەوە هەبووە، تێ کۆشاوە لە گەڵ هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران ‌و لە گەڵ بزووتنەوە سەرانسەرییەکانی ئەو وڵاتە، پێوەندیی دۆستانەی هەبێ و لە گەڵ گەلانی ئێران لەخەبات بە دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی دا، هاوخەبات بێ. ئارەش لۆرستانی: بە سەرنجدان بەوە کە لە کوردستان پەیڕەوانی ئایین‌و ئایینزای جیاواز هەن، حیزبی دیموکراتی کوردستان لە چ میتۆدێک بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نەتەوەی کورد سوود وەردەگرێ؟ قادر وریا: حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، حیزبی هەموو نەتەوەی کورد بووە. ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە هەر چین‌و توێژێک یا لە هەر ئایین‌و ئایینزایەک بووبن، بە هەر دیالێکت‌‌و زاراوەیەک قسەیان کردبێ، بەو مەرجەی ئامادە بووبن لە ڕیزەکانی ئەم حیزبە دا بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەیان لە بندەستی و بێمافی خەبات بکەن، حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە خۆشحاڵییەوە باوەشی بۆ کردوونەوە. لە ڕاستیدا هەموو ئایین‌و ئایینزاکان، لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە ڕێزیان لێ نراوە‌و بێڕێزی بە هەر کامیان، لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە پێشی پێ گیراوە. پەیڕەوانی ئایینێک یا ئایینزایەک، لە وانی‌تر هەڵناوێردراون، یەکیان لەوانی دیکە پتر بایەخی پێ نەدراوە، یا پەیڕەوی کردن لە ئایینێک ‌و بە پێچەوانەیشەوە نەبوونی باوەڕی ئایینی، نەبووە بە هۆی بەدەستهێنانی ئیمتیاز. بە کورتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەو بڕوایە دایە کە جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، یا جۆراوجۆریی دیالێکت، ڕاستییەک‌و تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگەی کوردە‌و دەبێ ڕێگە نەدرێ هیچ پێكهاتەیەک لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوانی دیکە دابێ. هەمووانیش دەبێ بە جیاوازییەکانیانەوە لە سەر ئامانج وداخوازە نەتەوەیی و گشتییەکان، یەکگرتوو‌و هاوخەبات بن. ئارەش لۆرستانی: حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی سیاسیی بە ئەزموون، لە ڕەوتی خەبات لە پێناوی دیموکراسی‌و مافی دیاریکردنی چارەنووس‌دا، چ ڕۆڵ و ئەرکێک بۆ خۆی‌و چ ڕۆڵ و ئەرکێک بۆ کۆمەڵگەی کوردستان، دادەنێ؟ قادر وریا: ئەرکی حیزبێکی سیاسیی پێشڕەو، ڕێبەری کردنی خەباتی خەڵک لە ڕووی سیاسی‌و، ڕێکخستنی خەبات ‌و تێکۆشانی ئەوان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو خەڵکەیە. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ ئەوەی لە مێژووی خۆی دا لە گەڵ کەم‌ و کووڕی‌و لاوازیی جۆراوجۆر‌و ڕەخنەی جیددی بەرەوڕوو بووە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی کەمتەر خەم نەبووە. خوێندنەوە‌و لێکدانەوەی واقیعبینانەی داوای خەڵکی کوردستان ‌و فۆرمۆڵەکردنی ئەو داوایانە لە بەرنامەکەی خۆیدا، گرتنەبەری سیاسەت‌و هەڵوێستی دروست لە قۆناغ ‌و سەردەمە جیاوازەکان، درێغ نەکردن لە قوربانیدان‌و شێلگیربوون لە سەر خەبات‌و تێکۆشان بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ‌، کاری سیاسی بە ئاراستەی پێکهێنانی یەکگرتوویی‌و کۆدەنگی لە نیوکۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندی، وەدەستهێنانی متمانە ‌و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەو ڕۆڵ‌ و ئەرکەیە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان جێ بەجێی کردوە. دیارە ڕۆل‌و ئەرکێکیش کە دەکەوێتە سەر خەڵک، هەوڵدان‌و تێکۆشانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە کە ئەم حیزبە‌و ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا، ٧٠ ساڵە خەباتی بۆ دەکەن. ئەرکی خەڵک قۆستنەوەی ئەو هەل‌و دەرفەتانەیە کە بۆ خستنەرووی داخوازەکانی خۆیان بۆیان دێتە پێش. نابێ پێیان وابێ خەباتکردن تەنیا ئەرکی حیزبی دیموکرات و ئەندامەکانیەتی و ئەوانیش دەبێ لە دوورەوە بینەر‌و تەماشاچیی رووداوەکان بن، بە پێچەوانەوە دەبێ ئەوان بۆ خۆیان چەقی خەبات‌و بەرخۆدان بن. هاوکات پێویستە پشتیوان‌ و چاوەدێڕیی خەبات‌ و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە بن کە بە نوێنەر‌و ڕێبەری داواکانی خۆیانی دەزانن. بە هەموو تواناوە‌و لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی بکەن، هاوکاری تێکۆشەرانی بن، کاتێکیش پێویست بوو پێشنیاری پێ بکەن، ڕەخنەی لێ بگرن و وای لێ بکەن حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەو ئامرازە کاریگەرە بێ کە دەتوانێ خەباتی ئەوان لە پێناوی دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بە ئاکامی دڵخواز بگەیەنێ. لە ژماره‌ ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌