کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێمۆکرات و دەسەڵات

13:40 - 18 گەلاوێژ 2715

حیزبی دێمۆکرات لە دوو قۆناغی مێژوویی جیا لە بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا دەستەڵاتی بەدەستەوە بووە و کارو باری ئەو ناوچانەی بەرێوە بردوە. قۆناخی یەکەم، کۆمار کوردستانە لە ساڵی ١٣٢٤و قۆناغی دووهەمیش دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵێ ١٣٥٧ بوو. قۆناغی یەکەم ئەم قۆناغە لە دەسەڵات لە بەشێک لە رۆژهەڵات دا پێکهات و کەمتر لە سالێک درێژەی بە ژیان داو بەداخەوە لە پاش هێرشی بەربڵاوی لەشکری حکوومەتی ناوەندی بۆ سەر کۆماری ئازەربایجان و تێکشکانی ئەو کۆمارە، کۆماری کوردستانیش سەرەڕای پێداگری پێشەوا قازی محەممەد وهاورێیانی لەسەر دیفاع و بەربەرەکانی لەبەرانبەر لەشکری ئێران، بە هۆکاری جۆراوجۆرکۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات. دیارە زۆر نووسراوە و کتێب لەسەر کۆماری کوردستان نووسراون و بێ گومان لە داهاتووش دا زۆر لە لێکۆڵەران و توێژەڕان لایەنە جۆراوجۆرەکانی کۆماری کوردستان دێننە بەر باس و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی شی دەکەنەوە. ئەوی لێرە دا گرینگە و جێێ باسی ئەم بابەتەیە، ئەوەیە کە کۆماری کوردستان کە لە راستی دا لەسەر دەستی حیزبی دێمۆکرات، وەک تەنیا حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنیا حیزبی دەسەڵاتدار دامەزرا، چۆن دەسەڵاتی خۆی بەکار هێبا و چەندە لە بەرێوە بردنی ئەرکەکانی دا سەرکەوتوو بوو؟ حیزبی دێمۆکڕات و کۆماری کوردستان، سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی بەرێوە بەری وڵات، بە باوەری زۆربەی هەرەزۆری ڵێکۆڵەرانی کورد و غیرە کورد و بی لایەن، لەو ماوەیە کورتە دا و لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە هەرەشەیان لێدەکرا و دەکرێ بڵێن بەردەوام لە شەردا بوون، توانیان کاری زۆر گەورە لە هەموو بوارەکانی دەستەڵات داری دا بکەن. راگەیاندنی دەوڵەت لە چەشنی کۆماروپێکهێنانی کابینە و وەزارەت و دامەزرەوە ئیدارییەکان بۆ ڕاپەراندنی کارو بارەکان، دامەزراندنی سوپای نەتەوەیی لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگە، دابین کردنی پێوەندیی باش لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان وپەرەپێدانی ئەوپێوەنییانە لە هەموو بوارەکاندا، گرینگی دان بە کاری فەرهەنگی و چاپەمەنی وراگەیاندن و رادیۆ و لەچاپ دانی گەلێک گۆڤارو رۆژنامە و تێکۆشانی ئەدەبی، خوێندنی منداڵان و دامەزراندنی رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان و لاوان وچەندەها تێکۆشانی دیکە، نیشان دەدا دەستەڵاتەکە، سەرەرای تەمەنی کورتی ئەو کۆمارە و گەلێک کێشە و کەموکورتی؛ وەک یەکەم دەستەڵاتی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان،سەرکەوتوو بووە. بێ گومان ئەگەر کۆماری ئازەربایجان تێک نەشکابا و سەروک هۆز و عەشیرەتەکان پشتیان لە کۆماری کوردستان نەکردبا و ورەی خەڵکی دانەبەزیبا، دەستەڵاتی کوردی وا بە سانایی تێک نەدەچوو. بەو حالەش بە باوەری زۆر کەس لە شارەزایان،حیزبی دێمۆکرات دەیتوانی بەرگری لە خۆی و لە کۆمارە ساواکەی بکات و نەهێڵێ وا بە هاسانی برووخێ، بەتایبەت کە بارزانییەکان، وەک هێزێکی تۆکمەو بە ئەزموون لە شەردا پشتگیری تەواوی کۆماریان دەکرد و ئامادە بوون گیانی بۆ بەخت بکەن. دەستەڵات لە کۆماردا لە دەست حیزبی دێمۆکرات دابوو کە خۆی لە سەر بناغەی کۆمەڵەی»ژ- ک»دا دامەزرابوو، هەر بۆیەش دەکرێ بڵێین لەگەڵ ئەوەیکە شەش مانگ لەدوای دامەزرانی دا حیزب ، کۆماری کوردستانی راگەیاند، بەڵام خەڵک دەیانناسی و باوەریان پێی هەبوو و دەیانزانی دەستەڵات و چارەنووس و داهاتووی خۆیان دەدەن بەکێ و چ دەکەن، هەربۆیەش حیزبی دێمۆکرات لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەڵقوڵاو و حیزبێکی خەڵکی و رێبەرەکەشی، پێشەوا قازی خەڵک خۆشەویست بوو. خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان لەژێر دەستەڵاتی کۆمار و ئاڵای کوردستان دا تامی سەربەستیان چێشت وهەناسە و هەوای ئازادییان هەڵمژی. پاش رووخانی کۆمار و شەهید کرانی پێشەوا و هاوێیانی هەتا چەندساڵێکیش شادی و پێکەنین ماڵاوایی لە خەڵک کردبوو و بەتایبەت خەڵکی مەهاباد هەر تازیەبار بوون. کەوابوو دەکرێ بڵێین حیزبی دێمۆکرات لە ماوەی تەمەنی کۆماردا، سەرەڕای گەڵێک کەم و کووری کە لە ئیدارەی کۆماردا هەیبوو، دەستەڵاتێکی بە تەواوی خەڵکی و ڕەوا و «مەشرووع»ی لە دەست دابوو. خاڵی هەرە سەرەکی و لاوازی دەستەڵاتداری حیزبی دێمۆکرات و شەخسی پێشەوا ئەوە بوو بەهەر هۆیەک بێ نەیانتوانی پارێزگاری لەو دەستەڵاتە خەڵکییە بکەن و لە جیاتی شەر لەگەڵ سوپای داگیرکەری تاران و تۆمار کردنی داستانی بەرخۆدان و بەرگری، کە بەڕاستی لە توانایان دابوو؛ کۆمارەکەیان بە قیمەتی گیانی خۆیان، بەرەو فەتان برد. بەو حاڵەش گەورەترین شانازی حیزبی دێمۆکرات لە ماوەی ٧٠ ساڵ تەمەنی خۆی دا وەک بەتەمەن ترین حیزبی هەر چوار پارچەی کوردستان،کۆمارە ساواکەی کوردستان و رێبەرە شەهید کراوەکەیەتی. قۆناغی دووهەم ئەم قۆناغە دەگەرێتەوە بۆ ٣٢ساڵ دواتر، واتە دوای شۆرشی گەلانی ئێران و رووخانی بنەماڵەی پەهلەوی و هاتنە سەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی. بەر لە سەرکەوتنی شۆرش، ئەندامان و رێکخستنەکانی حیزب وەخۆ کەوتنەوە وکۆمیتەی زاگرۆسیان بۆ چالاک کردنەوەی حیزب لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا پێکهێناو توانیان پاش جووڵانەوەی چەکداری ساڵەکانی ٤٦و ٤٧ بۆ جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ناو باوەشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. هەر لە حەوتووی یەکەمی رووخانی رژێم دا، پادگان و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی بەشێک لە شارو گوندەکانی کوردستان، بەتایبەت پادگانی شاری مەهاباد کەوتنە دەست حیزبی دێمۆکرات و بە کردەوە ئەو حیزبە وەک سەردەمی کۆماری کوردستان، دەستەڵاتی بەشی هەرە زۆری کوردستانی بەدەستەوە گرت. شک لەوە دا نییە هۆی سەرەکی پێشوازی خەڵک لە حیزبی دێمۆکرات و بە ئەندام بوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان و تێکۆشان لە ناو ریزەکانی حیزب دا، بۆ رابردووی حیزبی دێمۆکرات و خۆشەویستی و جێگەو پێگەی دیاری کۆماری کوردستان لە ناو دڵ و دەروونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا دەگەرێتەوە. دیارە ئەو جارەیان بە تەنیا حیزبی دێمۆکرات ، حیزبی گۆرەپانی سیاسیی کوردستان نەبوو و چەند کەس و حیزب و رێکخراوی دیکەش هاتبوونە نێو مەیدانی سیاسەت و بارتەقای سەنگ و قورسایی خۆیان لە رووداوە سیاسییەکان دا رۆلیان هەبوو. لەو بەینە دا ناکرێ باسی مەرحووم مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسێنی نەکەین کە ماوەیەک وەک سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی خەڵکی کورد بۆ وتووێژ لە گەڵ نوێنەرانی دەوڵەت و وەک کەسایەتییەکی ئایینی، رۆڵی تایبەتی هەبوو لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە خۆ پێشاندانەکانی پێش شۆرش و ڕووداوە سیاسییەکانی دوای هاتنە سەرکاری رێژیم، کەسایەتییەکی شوێن دانەر بوو. سەرەڕای هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ لە شارەکانی سنە و نەغەدە و هێرشی بەربڵاوی رێژیم لە شەڕی سێ مانگەدا کە زۆرێک لە خەڵکی بێ تاوان سەرو ماڵیان تێداچوو و هەروەها پاش بەربەرەکانی بێ وێنەی پێشمەرگەکان و تێکشکانی هێرشەکانی، لە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨دا، خومەینی بە ناچاری پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێی دا باس لە کۆتایی هێنان بە شەرڕو دەست پێکردنەوەی وتوو ێژەکان کرابوو. گرینگ ترین رووداو لەو چەند مانگەی پێش سەرهەڵدانەوەی شەڕ کە پێوەندی بە باسەکەمان»حیزبی دێمۆکڕات ودەسەڵات» ەوە هەیە، بریتی بوو لە هەڵبژاردنی نوێنەڕانی مەجلیسی شورای ملی کە دواتر بوو بە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی. حیزبی دێمۆکڕات و هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە بە هۆی هەڵوەشاوە راگەیاندنیان لە لایەن رێژیمی خومەینی‌یەوە، نەیاندەتوانی ڕاستەوخۆ و بە ناوی خۆیان لە هەڵبژاردن دا بەشدار بن. هەر بۆیەش کاندیداکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردن دیاری کرد و داوایان لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد کە دەنگیان پێ بدەن. رۆژی ٢٤ی رەشەمەی ١٣٥٨خەڵکی کوردستان لە هەموو شارو گوندەکانەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگ دان کە چاودێرانی هەموو حیزب و لایەنەکان و تەنانەت کەسانی سەر بە دەوڵەتیش چاودێرییان دەکرد. لە پاش هەڵبژاردن دەرکەوت کە حیزبی دێمۆکڕات بەتەنیا و بەبێ هاوبەندی لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە توانیوێتی دەنگی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی راکێشی و کاندیداکانی جێی باوەری ئەو حیزبە لە هەموو ناوەندەکانی دەنگ دان، جگە لە شاری مەریوان کە هیچ کام لە کاندیداکان لە دەوری یەکەم دا زۆرینەی دەنگەکانیان مسۆگەر نەکرد، سەرکەوتن وە دەست بێنن. هەرچەند هەر بەدوای هەڵبژاردن دا دیسان شەڕ، بە هێرشی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردەوە و رێژیم هەڵبژاردنەکانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە؛ بەڵام ئەو هەڵبژاردنە بە هەموو لایەکی نیشان دا حیزبی دێمۆکرات چ پێگەو جێگەیەکی لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داهەیە. حێزبی دێمۆکڕات سەرەڕای پەلاماری هێزەکانی رێژیم و گەمارۆی سەختی ئابووری سەرکوردستان، لە ماوەی دەسەڵاتی بەسەر شارو گوندەکانی کوردستان دا، توانی زۆر کاری گەورە و بەنرخ بە ئەنجام بگەیێنی. هێزی پێشمەرگەی بە کەڵک وەرگرتن لە ئەفسەرانی کوردی نێو ریزەکانی شۆرش لە سەر شێوازێکی گونجاو رێکخستەوە، کۆمیسیۆنی کارو باری کۆمەڵایەتی بۆ پێراگەیشتن بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دابین کردنی پێداویستیی نەخۆشخانەکان و دانانی هێندێک رێوشوێنی یاسایی بۆ بەرێوەبەری شار و گوندەکان دامەزراند و دەستی بە دابەشکردنی عادیلانەی زەوی و زار بەسەر»رەشایی» و قەرە و جووت بەندە و جوتیارە هەژارەکان کرد کە تەنانەت رێژیمیش پاش داگیر کردنەوەی ناوچەکان ئەو دابەش کردنانەی «تاپۆ»و قانوونی کرد. بڵاو کردنەوەی رادیو و گۆڤارو چاپەمەنی و دامەزراندنەوەی دووبارەی یەکیەتیی لاوان و رێکخراوی ژنان و برینەوەی مووچە بۆ بنەماڵەی شەهیدان و بەگشتی تەواوی ئەو کارانەی کە دەبێ دەوڵەت و دەستەڵاتێک بیکا، حیزبی دێمۆکرات بە پێی توانای ئەو کاتی خۆی ئەنجامی دان. حیزبی دێمۆکرات لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە بە کردوە دەستەڵاتی کوردستانی بەدەستەوە بوو هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦٤ کە رێژیم هەموو ناوچە ئازادکراوەکانی داگیر کردنەوە. ڕاستە ئەو حیزبە بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خەڵکی، شارەکانی چۆڵ کرد و بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هێرشی سەکوتکەرانەی هێزەکانی رێژیم رووی لە شاخەکان کرد، بەڵام بەوحاڵەش لە شارەکانیش دەستی دەرۆیشت و لە گۆندەکانیش هێزی دەستەڵاتی باڵا دەست بوو. ئێستا پاش ئەو ئاوڕدانەوە خێرایە لە رووداوەکانی ئەو کات و رۆڵی سەرەکیی حیزب لەو سەردەم دا، ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ، بۆ حیزبی دێمۆکڕات لەو هەلە مێژووییە کە بۆی هەڵکەوتبوو کەڵکی وەرنەگرت و دەوڵەتی خودموختاری کوردستانی ڕانەگەیاند؟ ئایا حیزب بە»مەشرووعیەت» وەرگرتن لە هەڵبژاردنی ٢٤ی ڕەشەمە و پشتیوانی هەمەلایەنەی خەڵکی کوردستان، نەیدەتوانی دەستەڵاتە «حەقیقییەکەی»بە «حقووقی»بکات و بیکاتە «ئەمری واقع» ؟ خۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی شەڕی سەرانسەری لە دژی گەلەکەمان ڕاگەیاندبوو و هیچ دەلاقەیەکی ئومێد بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نەتەوەکەمان نەمابوو، تەنانەت ئەگەر حیزبی دێمۆکڕات دەوڵەتی کوردییشی ڕاگەیاندبا، لەوەی کە هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بەسەر گەلەکەمانی هێنا، خراپتری بەسەر نەدەهێناین؛ ئەدی بۆ حیزبی دێمۆکڕات، وەک حیزبی یەکەم و دەستەڵات داری کوردستان، لەو دەرفەتە مێژووییە کەڵکی وەرنەگرت و دەوڵەتێکی ناوچەیی لە ژێر هەر ناوێک، لە چوارچێوەی ئێران دا وەک دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە سالی ١٣٢٤ڕانەگەیاند و مێژووی خۆی و گەلی کوردی پێ نەنەخشاند؟ شک لەوە دانییە حیزبی دێمۆکرات لەو ساڵانەدا و بەتایبەت لە پێش هەڵبژاردنی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٥٨ نە کادر و کەسی لێزانی بە پێی پێویست بۆ ئیدارەکردنی تەنانەت کارو بارەکانی نێوخۆی حیزب هەبوو، نە ڕەنگە ئەو مەشرووعییەتەشی هەبووبێ بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی یاسایی بە ناوی دەوڵەتی خودموختاری کوردستان. بەڵام دەکرا بە کەڵک وەرگرتن لە هێز و لێزانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت ئازادیخوازانی بەشەکانی دیکەی ئێران کە روویان لە کوردستان، وەک تەنیا مەکۆی ئازادی لە ئێران دا کردبوو، ئەو بۆشاییە و کەم و کوورییە پڕ بکرێتەوە. دیارە ئەگەری ئەوەش هەبوو پاش ڕاگەیاندنی چەشنە دەستەڵاتێکی یاسایی لە کوردستان دا، بە هاتن و هاوکاری کردنی ئازادیخوازان و کادر وکەسانی پسپۆر ولێزان، بەتایبەت لە بواری نیزامییەوە، حیزبی دێمۆکرات توانیبای باشتر لە خۆی و لە کوردستان بەرگری بکات و یان رێژیم بە چۆک دابێنی، یان ناچاری بکات بە شێوەی کاتیش بێت واز لەو هێرشە دڕندانەیە بێنێت و بەم جۆرە دەرفەتێک برەخسێ بۆ پشوودان و خۆ رێکخستنەوەی حیزب و دەستەڵاتەکەی. لە کۆتایی دا بە بۆنەی ٧٠ ساڵەی تەمەنی حیزبی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرجەم رێبوارانی رێگای حیزبی دێمۆکڕات دەکەم و هیوادارم بە کارو تێکۆشانی ماندوو نەناسانە، وەدیهێنەری ئاوات و ئامانجی حیزب و شەهیدەکانمان بین. لە ژماره‌ ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌