کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێوارە !!!!!

16:31 - 21 گەلاوێژ 2715

کەمی لە خەڵوەتیم پێ بدە، تا هەرچی خەیاڵی ڕوحمە بەسەر پەڕەی بیرەوەری فێنکی تۆدا بە جێی بێڵم. تۆزێک لە هەنگاوەکانی ڕووناکی بخەرە سەر ئەژنۆکانم تا تۆزێک یشوو بدەم. دەستم بگرە، ڕازی ئەم هەموو بێدەنگیەم فێرکە !!! کە وا لە بەژنیت ئاڵاوە. ئەم بێدەنگیە، کە لە سەر تاڵە گەرمەکانی تۆوە دێ و ، هەرچی ساماڵی ڕۆژە دەی چنێ بەدوای خۆیدا. بمەخەوە هەمان شوێن !!!! هەمان سێبەر، هەمان کراس بکەرە بەرم تا بە دڵێکی سەوزەوە بەسەر گزینگی بەر لە ئاوابوونی تۆدا بچمە باوەشی شەو، تۆ و خۆم و هەرچی لە هەگبەی شانمایە هەڵی گرم و بڕۆم،،، بڕۆم لە ئیوارووە بۆ ناو تاڵ تاڵ لە ڕوناکی شەو تا بەرلە دەرکەوتنی مانگ ئێمەش بگەینە ئەوێ ژوانێکی گەرم بمان با، هەرچی پەرەی زەرد هەڵ گەراوی گیانمانە لە بیری کەین لە توانەوەی خەمەوە تا فڕینی گریان، بەسەر باڵە سڕبوەکانی شەودا لە بیر کەین. دەرۆین من و ئێوارە و وڕوناکی تا نهێنی دڵی ئێوە ئەو پیاوانە بدۆزینەوە کە ڕقیان لە فەقیانەی نەنکم و بسکی دایکم و، بەژنی سنەوبەرو کەزیە سپیەکانی بەفرە، تا پێیان بڵین ئێوە بەو هەموو ڕقە رەنگی گەرمی پێکەنینتان لەبیر چووە. فریای ئاوردانەوەی ژیان ناکەون بەسە ئەم ئێوارەیە دەست هەڵگرن . کوێستان عومەرزادە ١٠.٠٨.٢٠١٥ ئۆسلۆ