کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی رۆژنامەی کوردستان لەگەڵ عەبدوڵڵا بەهرامی

17:11 - 24 گەلاوێژ 2715

ئاره‌ش لورستانی: حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لەسەر بنەمای رێوشوێن و پێداویستییەک دامەزراو ئایا لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا هەمان ڕێوشوێن و پێداویستی لە گۆڕێ دا ماون؟ عه‌وڵا به‌هرامی: حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە سەر کۆمەڵێک بنەما و بۆ وڵامدانەوە بۆ پێدوایستییەک کە چ لە کۆمەلگەی ئەو کاتی کوردستان و چ لە کۆمەڵگەی ئێستای کوردستان دا هەست پێدەکرا، دامەزراوە. بە م جیاوازییەوە کە بژاردەکانی کۆمەڵگەی دەیەی بیستی هەتاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ زۆرینەی رەهای دانیشتوانی کوردستان تێگەیشتنێکی قووڵتریان لە بارەی دیاردەی حیزبەوە هەبوو. بۆیە پێیان وابوو کاتی ئەوە هاتوە میکانیزمێکی مودێرن بۆ کاناڵیزەو رێبەریکردنی خەبات بدۆزنەوە. لەم روانگەیەوە دامەزرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ئاڵوگۆڕێکی گەورە بوو. گەورە لەمبارەیەوە کە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمی کوردستان و ناوچە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی بوو کە تاکەکان لەودا سەربەخۆییان نەبوو. لە راستی دا حیزب هاتەریب لەگەڵ گۆڕینی شێوازی رێبەرایەتیی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان دەیهەویست هێزێکی نوێی کۆمەڵایەتییش لە کوردستان دروست بکا. هێزێکی پێکهاتوو لە تاکە ئازادەکان. حیزبی دیمۆکراتی کوردستان جگە لە بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە، وڵامێک بوو بۆ پێداوییستیەک کە زۆر پێشتر واتە لە سەردەمی شۆڕشە رزگاریخوازانەکانی کوردەوە لە کۆمەڵگەی کوردستان بەدی دەکرا. واتە فۆرمێکی نوێ بوو بۆ کانالیزەکردنی خەبات و دواتر بەرێوەبەریی وڵات لە دەرفەتە مێژووییەکان دا. بە دامەزرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بەرگێکی نوێ کرایە بەر بزاڤی شوناسخوازانەو ئازادیخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد لەم بەشەی کوردستان سەرەڕای ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان بووتە خاوەنی ئۆرگانیزمێکی ریشەدار کە ئێستاش سەرەڕای هەورازو نشێو و ناکۆکییە نێوخۆییەکان درێژە بە ژیانی خۆی دەدا. لە راستی دا دەکرێ بڵێین ئەم حیزبە بە هەموو کەموکووڕییەکانییەوە بۆتە پێناسە و دینامیزمێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم حیزبە لە ئەزموونە کورتەکانی دەسەڵاتدارییش دا دەریخست کە ریشەی لە شوناس، مێژوو، ویست و ئاواتەکانی کۆمەڵانی خەڵک دایە. بێگومان هەم بەستێن و بنەماو هەم پێداویستییە کاتی و زەمانییەکان ئێستاش و لە داهاتووش دا بۆ درێژەدان بە ژیانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان دەکەن. بەڵام ئەم حیزبە پێویستە وەک ئۆرگانیزمێکی سەردەمیانە بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە. ئاره‌ش لورستانی: کۆماری کوردستان لە ماوەی حەفتا ساڵ خەباتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان دا بە چ تایبەتمەندیگەلێکەوە ناسراوە و چ گرنگیەکی لە بەردەوامیی بزووتنەوە دا بوە؟ عه‌وڵا به‌هرامی: کۆماری کوردستان چڵەپۆپەی ئامانجە بەرزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بوو کە بۆ ماوەیەکی کورت لە بەشێکی بچووکی جوغرافیای کوردستان دا بەرگی راستیی پۆشی. ئەم کۆمارە لە راستی دا مۆدێلیکە کە بە پێی ئەو پێناسە لە دوورە دیمەنی خەبات لە قەوارەیەکی گەورەتر دا دەکرێ. بەم واتایە کە تاکەکانی کوردستان و بزووتنەوە ئامانجە بەرزەکانیان لە چوارچێوەی مۆدێلیک دا پێناسە دەکەن کە حەفتا ساڵ لەوەپێش بەکردەوە پیادە کراوە. ئەم کۆمارە وەک نموونەیەکی هەرچەند بچووک و کورتماوەی دەسەڵاتی نەتەوەیی پوتانسیەلی گەورەی بۆ خەباتی درێژخایەنی بزووتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دروست کردوە. لە راستی دا کۆماری کوردستان لە باری زەینیشەوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد هەستێکی راستەقینەتریان لە ئامانجی بەرز واتە دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێ. ئاره‌ش لورستانی: ئاکاری سیاسی لە مێژووی خەباتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان دا چ واتا و پێگەیەکی هەیە؟ عه‌وڵا به‌هرامی: حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بەو پێیە کە خاوەنی گوتارێکی ئازادیخوازنە و دیمۆکراتیکە و هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمە مێژووییە دەدا کە لە مێژوودا لە نەتەوەی کورد کراوە، لە ناخی خۆی دا هەڵگری ئاکارێکی بەرزی سیاسییە. ئەم حیزبە لەگەڵ ئەوەدا لە ژیۆپۆلیتیکێکی دژواردا درێژەی بە ژیانی سیاسی و خەباتێکی سەخت و خوێناوی داوە، بەوحاڵەش قەت رێگەی بەخۆی نەداوە لە پێناوی بەرژەوەندی تاکتیکی و یان تەنانەت ستراتژیکیش دا ئاکارێکی ناتەبا لەگەڵ گوتارەکەی بگرێتەبەرو زیان بە بەرژەوەندیی لایەنگەلێک، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنێ. بە باوەڕی من ئەم باکگراوندە ئاکارییە یارمەتیدەرێکی باشیش بوە بۆ ئەوەی لە داهاتووش دا ، واتە لە هەلومەرێکی جیاوازتریش دا بە کلتوورێکی سیاسیی پێشکەوتووانەوە بچێتە نێو گەمەی سیاسی لەگەڵ خەنیمە کانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانەوە. ئاره‌ش لورستانی: ئەزموونی رووخانی حکومەتی پەهلەوی و دەسەڵاتدارەتیی ٣٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ هەڵگری چ ئەزموونگەلێک بۆ بزووتنەوەی کوردو بەتایبەت حیزبی دیمۆکرات بێ؟ عه‌وڵا به‌هرامی: بێگومان هەم ئەزموونی رووخانی حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوی و هەم هۆکارەکانی هاتنەسەرکاری حکوومەتی سەرەڕۆی ئیسلامی و رووخانی ئەم حکوومەتەش دەتوانن هەڵگری ئەزموونی جیاوازو بەکەلک بن بۆ بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دیمۆکرات. ئەگەر لە گۆشەنیگای رووخانی حکوومەتی پەهلەوی و هاتنەسەرکاری حکومەتی سەرەڕۆ و مەزهەبیی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئەزموونەکان بڕوانین دەتوانین روانگەیەکی روونترمان لە بەستێن و زەمینەیە هەبێ کە ئەزموونەکانی رووخان و دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی شکڵ دەدەن. بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دیمۆکرات نە لە رووخانی حکومەتی پێشوو و نە هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئێستادا فاکتۆری دیاریکەر نەبوون و، رەنگە لە داهاتووش دا ئەو دەورێکی سەرەکییان نەبێ، هەر بۆیە دەبێ لە پلەی یەکەم دا لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی کوردستان و سەنگی ئەم بزووتنەوەیە لە هاوکێشە سیاسی و نیزامی و ئابوورییەکانەوە خۆی بۆ ئەزموونی دوای حکوومەتی ئێستا ئامادە بکا. چونکە ئەزموونەکانی پێشوو دەریانخستوە بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانەوە تووشی تێچووی زۆرماان دەکا. پێم وایەدەبێ لە روانگەیەکی دیکەوە بۆ ئەم پێوەندییە بچین . ئەگەر لە روانگەی هەوڵدان بۆ هێنانە ئارای پێگەیەکی بەهێزی کوردستانییەوە بۆ پرسی دیمۆکراسی لە ناوەند بچین توانیومانە هەم پێگەی خۆمان وەک بزووتنەوەی کوردستان قایم و قورس بکەین و هەم لەم رێگایەوە دەتوانین ببینە نموونە بۆ ئازادیخوازان لە ناوەندو نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە. لەم پێوەندییەدا پێویستە ئەوە بگوترێ هێنانە ئارای ئەزموونێکی جیاوازتر لە کوردستان پێویستی بە شێوازی نوێی خەبات و پشتبەستوو بە هەموو شێوازەکانی پاراستنی رەواو مانەوە لە سەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. ئاره‌ش لورستانی: حیزبی دیمۆکراتی کوردستان چ پێوەندییەکی لە نێوان خەباتی مەدەنی و بەرگریی چەکدارانەدا دروست کردوە و لەم نێوەدا چۆن دەڕوانێتە داخوازییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان ؟ عه‌وڵا به‌هرامی: بەداخەوەی هەم لەبەر نەبوونی بەستێنی لەبار بۆ خەباتێکی مەدەنیی بەبڕشت و خاوەن داخوازی روون و هەم لەبەر بەسترانەوەی هاتنەدی ئامانجە سیاسییەکان بە حیزبە سیاسییەکانی نێو بزووتنەوەوە، کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی ئەو شێوازە لە خەبات بێ کە پێی دەگوترێ خەباتی مەدەنی. ئەوەی لە نیوەی دووەمی دەیەی حەفتای هەتاوییەوە لە کوردستان بەدی دەکرێ زیاتر دەتوانرێ لە چوارچێوەی چالاکیی مەدەنی چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان دا پێناسە بکرێ، کە لە زۆر حاڵەت دا شێوازی ناوچەیی هەیە، یان بە گشتی بەرین و سەرانسەری نیە. من پێم وایە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لانیکەم لە دە ساڵی رابردوودا توانیویەتی روانگەیەکی نوێترو روونتر لە پێوەندی لەگەڵ چالاکانی مەدەنی دا و تەنانەت شێوەیەک لە تێکۆشانی سیاسیی نیوە قانوونی کە لە ئاستێکی بەرتەسک دا لە گۆڕێ دایە بێنێتە ئاراوە. بە پێی ئەم روانگە نوێیە، دەبێ لە هەرچەشنە هەل و دەرفەتێک بە قازانجی بەجەماوەریکردنی خەبات و بەرینکردنەوەی بەستێنی خەباتی مەدەنی کەلک وەرگیرێ. روانگەیەک کە شوێنەوارەکانی لە نێو چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان دا زیاتر هەست پێدەکرێ، نەک لە نێو حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا. ئاره‌ش لورستانی: بە سەرنجدان بە رابردووی ٧٠ ساڵەی حیزبی دیمۆکرات، بزووتنەوەی نەتەوەیی و دیمۆکراتیکی کوردستان بۆ درێژەدان بە تێکۆشان لەگەڵ چ گیروگرفتگەلێک بەرەوڕوویە؟ عه‌وڵا به‌هرامی: راستیەکەی ئەوەیە بە سەرنجدان بە دۆخێکی ئاستەم و دژوار کە حیزبی دیمۆکرات و بزووتنەوەی کوردستانی لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا پێدا تێپەڕیوە، ئەو هەلومەرجە دژوارەش کە ئێستا لە گۆڕێ دایە ناکرێ چاوەڕوان بین کە رەوتی تێکۆشان و بەتایبەت جۆشدانەوەی شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات لە نێو ئەم ژیۆپۆلیتیکەدا کە رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەدوور لە گرفت و دژواری و قوربانیدان بێ. بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دیمۆکرات بۆ ئەوەی بتوانن لە دەسمایەی خەباتی سێ بەرەی رۆڵە خەباتکارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی بنیادنانی داهاتوویەکی جیاواز کەلک وەرگرن پێویستایان بە گەڕانەوەیەکی بە تەواو مانا بۆ بەستێنی راستەقینەی خەبات هەیە. لەم باوەڕە دام لە بەستێنێکی راستەقینەو شوێندانەری خەباتکارانەدا دەکرێ پاشەکشە بە کلتووری پاسیفیسم و پاوانخوازیی نێو حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا بگیرێ