کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و تۆمارکردنی رێکۆردێکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی

14:03 - 31 گەلاوێژ 2715

لە چەند رۆژی رابردوودا دامەزراوەی "کاتۆ" لە واشینگتۆن راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر پێوەرەکانی ئازادیی مرۆڤ بڵاوکردەوە و وەک هەمیشە ئێران کەوتە کۆتایی خشتەی هەڵسەنگاندنەکە. پێوەری ئازادیی مرۆڤ، گشتگیرترین پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادییە کە تا ئێستا لە جیهاندا بۆ هەڵسەنگاندنی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان داهێنراوە. دەسەڵاتی یاسا، ئەمنییەت و تەناهی، ئازادیی مەزهەبی، کۆمەڵگای مەدەنی، ئازادیی دەربڕین، قەبارەی دەوڵەت، مافی خاوەندارێتی، دەستڕاگەیشتن بە پوڵ، ئازادیی بازرگانی و ... بەشێکن لەو پێوەرانەی لە وڵاتانی جیهاندا هەڵسەنگێندراون و بە پێی رێژی ئازادیی مرۆڤەکان لە هەرکام لەم بوارانەدا و لە هەرکام لە وڵاتەکاندا، رێژەی پابەندبوونی وڵاتان بە ئازادیی مرۆڤ تێیاندا تاوتوێ کراوە و پلەی وڵاتانی جیهان لە خشتەیەکدا دیاری کراوە. بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە هۆنکۆنگ و سویس و فینلاند لە سەرووی خشتەکە و، میانمار و کۆماری دێموکراتیکی کۆنگۆ و ئێران لە خوارەوەی خشتەکە هەڵکەوتوون. ئەگەرچی لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەت لەم مانگانەی دواییدا پەروەندەی ئەتۆمیی ئێران و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەم گرفتە لە سەرووی هەموو مەسەلەکانەوە بووە و وڵاتانی جیهان و تەنانەت رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش فۆکوسی سەرەکییان لەسەر ئەم پەروەندەیە و چارەسەرکردنی بووە و مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ کەوتۆتە پەراوێزەوە و، سەرەڕای داوا و فشارەکانی چالاکان و حیزب و لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ پشتگوێ نەخرانی ئەم پرسە گرنگە و قوربانی نەکردنی مافەکانی مرۆڤ لەپێناو سازان و رێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە ئەگەرچی بەشێوەیەکی کەمڕەنگ و بێ دەنگدانەوەیەکی بەرین لە راگەیەنە جیهانییەکانیش‌دا بێ، بیانوویەکە بۆ ئاوڕدانەوەیەکی کوردت لە کارنامەی رەشی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ‌دا. کاتێک چاو لە کارنامەی ٣٦ ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خەڵکی ئێران‌دا دەکەین دەبینین زیندان و گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدام وڵامی رێژیم بووە بۆ جیابیران و هەموو ئەو کەسانەی وەک رێژیم بیرناکەنەوە. ئەوە جگە لەو تیرۆر و کوشتن و بێدەنگ‌کردنانەشە کە بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم بە بێ‌دەنگی بەڕێوەدەچن. منداڵان لە ژێر تەمەنی قانوونی‌دا لەسێدارە دەدرێن و لاوان و ژنان لە هەموو ماف و ئازادییەکانیان بێ‌بەشن. رێژیم شێوازی جلوبەرگ و ژیانی تایبەتیی خەڵک دیاری دەکا و ژن و منداڵی خەڵک لە شەقامەکان‌دا بەهۆی جلوبەرگەوە دەکەونە بەر سووکایەتیی بەسیجی و هێزە ئینتیزامییەکان. مەئموورەکانی رێژیم لە زیندانەکان‌دا دەستیان ئاوەڵایە بۆ هەموو جۆرە سووکایەتی و ئەشکەنجەیەک دەرهەق بە گیراوان بۆ ناچارکردنیان بە داننان بەو تاوانانەی نەیانکردوون. کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە مافەکانیان بێ‌بەشن و مافی خوێندن بە زمانی خۆیان و بەڕێوەبردنی شار و دێهاتی خۆیان نیە و کەمایەتییە ئایینییەکان و رێوڕەسمەکانیان لەگەڵ بێ‌ڕێزی و بەربەستی مەئموورانی رێژیم بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەوانە و سەدان هێندەی ئەوانە بەشێکن لەو هەڵسوکەوتە زاڵمانە و نائینسانییانەی کە رێژیم بە پێی یاسا و بنەما فکری و عەقیدەتییەکانی خۆی لەدژی خەڵکی ئێران بەڕێوەیان دەبا و نیشاندەری ماهییەتی مەترسیداری رێبەران و بەڕێوەبەرانی ئەم رێژیمەن. پاش هەڵبژێرانی حەسەن رووحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران، دوای ئەو دروشمانەی بۆ پەرەپێدانی ئازادییەکان و چارەسەرکردنی گرفتی ئەتۆمی و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک دەیدا، هیوایەک کەوتبووە دڵی خەڵکەوە کە کەشوهەوای سیاسیی ئێران کرانەوەیەکی کەم بەخۆیەوە ببنینێ و بڕێک لە قورسایی کەشی ئەمنییەتی و داخراوی کۆمەڵگا کەم ببێتەوە. بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە دەسبەکاربوونی رووحانی دەبینین کارنامەی مافی مرۆڤی رێژیم نەک باشتر نەبووە بەڵکوو تەنانەت لە هێندێک بواردا خراپتریش بووە. رێژەی ئێعدامی دژبەرانی رێژیم و بە تایبەت زیندانیانی سیاسیی کورد جێی نیگەرانیی زۆری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانە. ئەگەرچی دەوڵەتی رووحانی توانی بە مڵ راکێشان بۆ ویست و داوای کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بە رواڵەت پاشەکشە لە زۆربەی بەرنامە و پڕۆژە ئەتۆمییەکەی رێژیم، لەگەڵ رۆژئاوا بگا بە رێککەوتن و، بەشێک لە نیگەرانییەکانی رۆژئاوا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کەم بکاتەوە و لە بەرامبەردا بەڵێنی لابردنی گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکان وەرگرێ و هیوای باشترکردنی بارودۆخی ئابووری لای خەڵک دروست بکا (کە بەکردەوە تا ئێستا هیچ شتێک لەم بوارەدا نەکراوە) بەڵام بەردەوامیی پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤ تەنانەت لەم سەردەمەدا کە رێژیم لەژێر زیاترین گوشارەکان‌دا بوو، ئەو نیگەرانییانەی زیاترکردوە کە رێژیم دوای رەوینەوەی تەواوی نیگەرانییەکانی لە هەڕەشە و مەترسیی رۆژئاوا و بە تایبەت گرنگی نەدانی رۆژئاوا بە مافەکانی مرۆڤ لە بەرانبەر چارەسەری کێشەی ئەتۆمی‌دا، گوشارەکان بۆسەر ئازادیخوازان و خەڵکی ئێران زیاتر بێ و جگە لە خراپتربوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ، باشتربوونی باری ئابووریش زیاتر خزمەت بە دامودەزگا و بنیاتە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی‌ رێژیم بکا کە هەموو جومگە ئابوورییەکانی وڵاتیان بە دەستەوە گرتوە.