کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێناسەی رێکخراوە مەدەنییەکان لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا

17:00 - 31 گەلاوێژ 2715

رێکخراوه‌‌ ناحوکمییەکان یان " ئێن جی ئۆ" کان زیاتر وه‌ک دیاردەی دونیای مودیڕن دێنه‌ ئه‌ژمار به‌ڵام مرۆڤ به‌ درێژایی مێژوو بە هەست پێ‌کردن بەو راستییەی کە خۆی بە تەنیا دەرەقەتی کێشە و گرفتە سرووشتییەکان وەک سێڵاو، بوومەلەرزە یان مه‌ترسی ئاژەڵە دڕنده‌کان نه‌هاتوه‌ بە ناچار پەنای بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەلێکی بچووکی چەند کەسی هێناوە تا بتوانێ ژیانی خۆی بپارێزێ. ئەم رێکخستنە سەرەتاییانە دەتوانێ نموونەیەکی سادە و سەرەتایی لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە شێوەی ئەمڕۆیی بێ. ئەویش لە بەر ئەوەی کە تاکەکان بە ویست و خواستی خۆیان بەشدارییان لەم چەشنە گرووپانە‌دا کردووە. له‌ یه‌ک پێناسه‌دا ریکخراوه‌ی مه‌ده‌نی پێکهاتوە‌ له‌ که‌سانێک وا له‌ چوارچێوه‌ی سازمانێکی ناحوکمی و به‌ پێی به‌رنامه‌ و ئه‌ساسنامه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان له‌ بواری غه‌یره‌ سیاسی که‌ مەبەستی ئابووری و سیاسی لە پشتەوە نییە چالاکی دەکەن. چالاکییەکانیان له‌ چوارچێوه‌ی کاری هاوبه‌شدایە کە‌ تاک به‌ خواستی خۆی تێیدا بەشدار دەبێ. لێرەدا ویست ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕێ. له‌ پێناسه‌یه‌کی تردا که‌ زیاتر لایەنی سیاسییەکەی بەرچاوە، رێکخراوه‌ی مه‌ده‌نی سازمانێکی غه‌یره‌ حوکمییه‌ که‌ پیوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نییه‌ و له‌ کاروباری ده‌وڵه‌تداریدا بەشدار نابێ. ئاشکرایە لێرە زۆرتر لایه‌نی ناحوکمی بوونه‌که‌ی دیاره‌. دامەزراندنی رێکخراوە مەدەنییەکان لە ئەساسدا لە سەر سێ بنەمای سەرەکی پێکهاتووە: خۆبەخشانە، غەیرە سیاسی بوون و بێ لە بەر چاوگرتنی ئامانجی ئابووری و ماڵی. بە شێوەیەکی ئاشکراتر ئێن جی ئۆ رۆڵی دەس ئەنداز دەگێڕێ لە بەرانبەر خێرایی لە بڕیار دان، جێبەجێ کردن و داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەتاندا و زیاتر پردێکە لە نیوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵا‌تدا. رێکخراوە مەدەنییەکان زیاتر بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی تەرخان کراون واتا گەرچی ئەوان بە پێی شوناس و پێناسەیەک کە هەیانە ناتوانن و نابێ راستەوخۆ لە کاروباری سیاسیدا بەشداری بکەن، بەڵام دەتوانن لە سەر بابەتە سیاسییەکان ببنە گوشار و هۆکارێ بن بۆ گۆڕانێکی سەرەکی لە کۆمەڵگادا. بە واتایەکی دیکە شۆناسی رێکخراوە مەدەنییەکان لە سەر ئەساسی کارگەلێکی کۆمەڵایەتی داڕێژراوە کە بە پێی یاسا و عورف ناتوانن راستەوخۆ لە کاروباری سیاسی دا بەشدار بن بەڵام دەبینین بە هۆی جه‌ماوه‌رێ کە لە بەر دەس هەندێ لە رێکخراوەکاندا هەیە بۆ نموونە سەوزەکان لە ئاڵمان و ژینگەپارێزان لە کوردستاندا دەتوانێ کاریگەری فراوانی لە سەر دەوڵەت و بڕیارە سیاسییەکان هه‌بێ. بەم پێیە لە ئێراندا مێژووی پێکهێنانی ئەم رێکخراوانە زیاتر خۆی لە چوارچێوەی مزگەوت، تەکیە, خانەقا, کۆڕە زیکرییەکان و شوێنگەلێ ئایینی دا دەبینێتەوە کە دواتر وەک سێنف و رێکخراوە مەدەنییەکان دەردەکەوێت. لە کوردستانیش بە هەمان شیوە بەڵام هاوکات بە جورگەلێکی دیکەش رێکخراوە مەدەنییەکان بوونیان هەر چەند بە شیوەی کلاسیک بووە. بۆ نموونە روڵ و بایەخێک کە بە ژنان لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دراوە و رێگا دان بە پێکهێننانی یەکیەتی ژنان بە سەرپەرەستی میناخانمی قازی نیشان لەوەیە کە پێشەوای نەمر هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە بە پەرۆشەوە چاوی لە دێمۆکراتیزە کردنی کۆمەڵگا لە رێگای رێکخراوە مەدەنییەکانەوە بوو. نموونەکانی دیکەش وەک لاوان نیشان لەو هەست بە بۆشاییەی ئەو کاتی کوردستانە. دواتر کە رێکخراوەکانی خوێندکاران و منداڵان دامەزران ئەو راستییە سەلما کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان چ لە سەردەمی پێشەوا و دواتر و هەتا ئێستەش بە باشی ئەو لایەنەی خەباتی بەرنەدواوە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دا بووه‌ کە چ لە ناوخۆی حیزب و چ لە دەرەوەی حیزب رێکخراوەگەلێکی سینفی و مەدەنی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و به‌ پێی زه‌رووره‌تی زه‌مانی پێک بێنێت. ئەگەر بە شێوەی درووست و راست بۆ ئەم بابەتە بڕوانین دەبینین حیزبی دێمۆکراتی کوردستان وێڕای هەموو ئەو گوشارانەی کە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی خۆیدا هەیبووە توانیویە پەرە بە خەباتی جەماوەری و کۆمەڵگای مەدەنی بدات. هاوکات دەبێ بزانین کارکردن و چالاکی ئەم رێکخراوانە بێ کەم و کوڕی نەبووە. کەم بوونی ئامووزش، بە لاڕیدا بردنی ئەم رێکخراوانە بە مەبەستێ سیاسی یان هەر مەبەستێکی دیکە، نەبوونی لێکۆڵینەوە‌ی زانستی لە بوارگەلی جیاواز و هتد چەند نموونە لەو رەخنانەیە کە جێگای باسە. یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی رێکخراوە مەدەنییەکان کە لە ئەساسنامە و بنەمای هەر رێکخراوەیەک هاتوە و دەبێ کردەوەیی بکرێتەوە ئاموزش و زانیاری دانە بە خەڵک بە شیوەگەلێکی جیاواز وەک کردنەوەی خولی تایبەت و هتد. تا چ رادەیەک رێکخراوەکان وەک ژنان و لاوان و منداڵان لەم بوارە سەرکەتوو بوونە؟. بە دڵنیاییەوە ئەو چالاکیانە کەم بوون و لە قەدەر ناوی رێکخراوەیەکدا نین. بە تایبەتی رێکخراوەکانی لەم چەشنە کە دەرفەتیان هەیە لەم بوارە چالاکتر بن. باسێکی گرینگی دیکە کە جێگای ئاماژه پێی کردنە چەکدارکردنەوە و راهێنانی نیزامییە بە هەر مەبەستێک. دیارە ئێمە لە حیزبێکی سیاسیی دژ بە حکوومەتێکین کە هەموو کردەوەیەکی قیزەون لە بەرانبەر خەڵک و دژبەرانی وەک ئێعدام تێرۆر، بۆمباران دەکا و ئێمەش لە بەرانبەر حکوومەتێک کە بە هیچ شێوەیەک ئەخلاقی سیاسیی لە بەر چاو ناگرێ دەبێ خۆمان ئامادە بکەین و بۆ بەرەنگاربوونەوە و پارێزگاری کردن لە خۆمان. بەڵام بە تێگەیشتن لەو خاڵە سەرەکییەی کە چەکداربوون ناتەبایە لە گەڵ کاری مەدەنی و ڕێکخراوەییدا دەبێ بە شێوەیەکی قووڵتر و بە تێبینیەوە لەم بابەتە بکۆڵینەوە و وشیاری دوارۆژی حیزبێک بین کە خاوەنی نزیک بە سێ چارەگە سەدە تێکۆشانی سیاسیە و تا ئێستا کردەوەیەکی دژە مرۆڤی نەکردوە کە کونوانسیۆنە نێودەوڵەتیەکان و پرینسیبە ئەخلاقییەکان لە ژێر پا بنێت و وەک بەڵگە لە سەری بێ. پەروەردەی نیزامی و خولی فێرکاری لەم بوارە دەتوانێ بە شێوەیەکی دیکە بە دەر لە رێکخراوەیەکی مەدەنی بکرێت. هاوکات بە کار هێنانی منداڵان بۆ ئەم مەبەستە و چەکدار کردنیان دەتوانێ خاڵێکی نەرێنی زەق و بە رچاو بێ کە جگە لە ناتەبا بوون لە گەڵ کونوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان وەک کونوانسیۆنی مافی منداڵان رێک بە پێچەوانەی پێناسەو شوناسی سازمانێکی مەدەنییە. ئەمە دەتوانێ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بداتە دەس نەیارانەوە و کە دواڕۆژ دژ بە ئێمە کەڵکی لێ وەربگرن. پرسیارێکی دیکە ئەوەیە ئایا تاکی نیو رێکخراوەیەکی مەدەنی دەتوانێ لە ریزی پارێزەر یان شەڕکەری چەکدار بێ؟ واتا پێشمەرگەیەک دەتوانێ لە چوارچێوەی سازمانێکی مەدەنیشدا چالاکی بکات؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێ پیناسەی دوو چەمکی پێشمەرگە و ئەندامی رێکخراوێکی مەدەنی بزانین. ئاشکرایە کە تا چ رادەیەک لە یەک دوورن و هەر کامیان چ دەور و رۆڵێکی تایبەت دەگێڕن. باس لە چەکدار کردنەوەی ژنان، لاوان یان هەر تاقمێکی‌تر بە ناوی رێکخراوەیەکی مەدەنی دەگەڕێتەوە بۆ لێ تێنەگەیشتن لەم بابەتە و دەبێتە خاڵێکی نگاتیڤ لە سەر حیزبێک وا گشت کات بە وریاییەوە ئاگای لە رەفتاری سیاسی و کردەوە و دژ کردەوەی خۆی بووەو شانازی بە رابردوویەکەوە دەکات کە چ نەیاران و چ دۆستانیش ناتوانن قامک لە سەر خەیانەت یان هەڵەیەکی ساختاری ئەو حیزبە دابنێن. لە لایەکی دیکەوە بایه‌خ دان به‌ روڵ و کارگه‌ریی خوێندکاران له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا و پێکهێنانی رێکخراوه‌یه‌ک بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا ئه‌و راستییه‌مان پێی ده‌ڵێت که‌ ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌کانی مێژوودا خوێندکاران توانیویانه‌ ده‌وری سه‌ره‌کی له‌ شۆڕشه‌کاندا بگێڕن، بەڵام له‌ کوردستان له‌ رێگای به‌ رێکخراو کردنی خویندکارانه‌ که‌ هه‌ست و خواستی گه‌ل له‌ زمانی ئه‌وانه‌وه‌ داوا دەکرێت و هەموو کات خوێندکاران پێشەنگی شێوە جوراوجۆرەکانی خەبات بوونە. بەڵام نابێ ئەوەمان لێ شاراوە بێ کە زیاتر بایەخ دان بە خوێندکاران و ئەرک و نەخشیان لە کۆمەڵگایە کە دەتوانێ ئاراستەی سەرهەڵدانەکان دیاری بکات. هاوکات دەبینین کە جۆرێ لە ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی لە کرداری رێکخراوەیی خوێندکاراندا وەدیار دەکەوێت و لە چالاکیگەلێکدا بەشدار دەبن کە زیاتر کاری حیزبێکی سیاسییە و نەک رێکخراوەیەک تایبەت بە خوێندکاران. بێ دەنگ بوون لە بەرانبەر کوشتنی گوماناوای چەند خوێندکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک شەیدا حاتەمی، سەحەر چووینی و هتد بۆ رێکخراوەیەکی خوێندکاری خاڵێکی نەرێنییە. لە کۆتایدا دەبێ بزانین ئێستا کە لە دونیادا قەیرانی ژینگەیی لە ئارادایەو لە کوردستانیش بە هەمان شیوە و رێکخراوەگەلێکی تایبەت بەم بوارە بەرپرسانە کار دەکەن وەک " ئەنجومەنی سەوزی چیا "ی مەریوان وا باشە کە وەک هەمیشە پاڵپشتیان بین.