کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەباتی ناوخۆ و خەباتی دەرەوە

14:29 - 2 خەرمانان 2715

زۆر جار حیزبە کوردیەکان بە چاوێکی گومانەوە سەیری هەڵسووکەوتی چالاکانی ئاشکرای ناوخۆیان کردووە، ئەوان لایان وابوە کە چالاکی سیاسیی لە ناوخۆی کوردستان و لە ژێر سێبەری دڕندەترین حکوومەتی سەردەم کارێکی محاڵە یان لە بنەڕەتڕا گومانی لەسەرە. بۆیه‌ زۆر جار یان بەئاشکرا یان لانیکەم لە ڕێگای ئەندام ولایەنگرانیانەوە ئەوەندەی بۆیان کرابێ گومان و دڕدۆنگیان خستۆتە سەر ئەو جۆرە چالاکیانە بە تایبەتی ئەگەر ئەو چالاکیانە لە جۆری پێک هێنان و دروستکردنی رێکخراو و حیزب و تەشکیلاتێکی سیاسیی بووبێ. ئەو ڕوانگەیە کە گەورەترین زەبری لە بیرو هزری تاک وکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە ئەو راسیتەمان پێ دەسەلمێنێ کە رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان یان ترسیان لە سازبوونی رەقیبێکی سیاسییە یان لە خەراپترین حاڵەتی دا ئەوا متمانەیان بە چالاکانی ناوخۆی وڵات لەدەست داوە. با لێرەوە ئەو ئاماژەیە بکەین کە گومان له‌وه‌دا نییە کە رێژیم ئەگەر ئیزنی وەها رێکخراوێکی سیاسیی مەدەنی دەدات ئەوا هەموو چوارچێوەی قازانج و زەرەرەی کارەکەی لێکداوەتەوە جا ئەو کات ئیزنی دروست بوونی رێکخراوێکی سیاسیی دەدات. بەڵام لێرەوە یەک پرسیاریش دروست دەبێ ئەدی خەڵک و ئەدی کۆمەڵگای مەدەنی و رووناکبیران و هەوڵ و تێکۆسانی ئەوان لەم نێوەدا دەبێ پشت گوێ بخرێ و بەهێند وەرنەگیرێ؟ ئەدی نابێ پێمان وابێ ئەو خەڵکەی ناوخۆ هەر هەمان کوڕ و برا و خوشک و دایک و بابی ئەو کەسانەن کە ئێمە ئیدیعای دەکەین کە دەگەڵ هێزه‌ سیاسییه‌کانن؟ کەواتە با تۆزێ روحی شۆڕشگێری و خەمخۆری کوردانە بۆ ئەوانیش لەبەر چاو بگرین و بە هێند بگرین. بە خۆشیەوە لەو بارەوە ماوەیەکە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئاوڕی لەو پرسە گرینگە داوەتەوە لە هەموو بۆنەکاندا وەک دڵگەرمیش بێ به‌ڕێز سکرتێری ئه‌م حیزبه‌ کاک خالید عه‌زیزی بۆ چالاکانی ناوخۆ ئەو بابەتە باس دەکات، ئاڵوگۆڕی ڕاوبۆچوونە کۆنەکان لەسەر هەر پرسێک بێ بە تایبەتی پرسەگرینگەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردەواری دەبێ وەک دەسپێکی حەڕەکەتێکی تازە سەیربکرێ و دەکرێ بەو پێیە مرۆڤ هیوادار بێ کە خەباتی ناوخۆ و خەباتی دەرەوە لە جیاتی لێکترازان و دوورکەتنەوە، ئەمجارە بە ئاراستەیەکی نوێ و بەحەق دا هەنگاو دەنێ و متمانە و باوەڕ بە خۆبوون وبە خەڵکی خۆ و بە خەڵکی ناوخۆ دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی هەبێ و ببێتە دڵگەرمیەکی زیاتر بۆ چالاکانی ناوخۆ کە وەک سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند جار بە دروستی ئاماژەی پێکردووە چالاکی سیایی ناوخۆ و دەرەوە بەیەکەوە دەتونن ئاسۆیەکی روون بخه‌نە بەر دیدەی گەلە ستمەلێکراوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.