کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو وێنەیەی دنیای هەژاند!

00:28 - 17 خەرمانان 2715

«پێم وانەبوو ئەم وێنەیە تا ئەم ڕادەیە سەرنجی خەڵکی جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.. سەرەڕای ئەو ئازارەی لە دیتنی تەرمی ئایلان هەستم پی دەکرد، تەنیا شتێکی کە لەوساتەدا بە مێشکم دا دەهات ڕاگوێزتنی ئەو هەستە بۆ لای هەموو خەڵک بوو. بیرم لە شتێکی دیکە نەدەکردەوە. تەنیا شتێکی کە دەمەویست ئەوە بوو ئەم تراژیدیایە پێشان بدەم.»( ماڵپەڕێ بی. بی. سی فارسی) ئەمە بەشێک بوو لە قسەی نیلووفەر دەمیر، ئەو پەیامنێرە تورکەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە کاتی گەشت و گەڕان لە لێوارەکانی «بوودرووم» ی قەراخ دەریای ئێژە، چاوی بە تەرمی بێگیانی منداڵێکی دوو ساڵە کەوت کە لەپەوڕوو کەوتبووە سەر خیزەڵانی لێواری دەریا و شەپۆلەکانی دەریا ناوبەناو بەسەری دەکشان. منداڵەکە، تیشێرتێکی سوورو شەڵوارێکی شینی لە بەردابوو و جووتێک پێڵاوی رەشی لە پێدابوو. نیلووفەر دەڵێ تازە کار لە کار ترازابوو، کارێکمان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ئەو منداڵە لە دەست نەدەهات. تەنیا کارێکی لەم کاتوساتە دا دەمتوانی بیکەم و کردم، ئامادەکردنی کامێراکەم و گرتنی وێنەی تەرمی ئەو منداڵە بوو تا بە ڕێگای نیشاندانی ئەم وێنانە، هاواری تەرمە بێ گیانەکەی بگەیەنمە جیهان. لەم چەند دەیەی دوایی دا، هێندێک وێنە یا وێنەی هێندێک دیمەن بوون بە پێناسەی ژمارەیەک کارەسات. نازانم لە بەر ئەوەی خۆم کوردم و سەر بە نەتەوەی کوردم، زیاتر ئەو وێنە و ئەو دیمەنانەم لە بیرن کە بوون بەلۆگۆی لێقەومان و کارەساتبەسەرداهاتنی نەتەوەی کورد؟ یا کورد لە چاو نەتەوەکانی دیکە، لەم چەند دەیەی دوایی دا، لە لێقەومان و ڕۆژرەشیدا پشکی شێری بەرکەوتووە، بۆیە خاوەنی ئەلبۆمێکی ئەوەندە قەبەیە؟! وێنەی پێشەوا قازی محەممەدی سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی بە پەتی سیدارەوە، ئێعدامی بە کۆمەڵی لاوانی کورد لە فڕۆکەخانەی سنە لە خەرمانانی ١٣٥٨، وێنەی جەستەی لەتوپەتکراوی کوژراوەکانی قەڵاچۆی دانیشتوانی قاڕنێ، وێنەی خەڵکی کیمیایی لێدراوی هەڵەبجە، وێنەی مەینەتییەکانی بەشدارانی کۆڕەوێکی میلیۆنی، وێنەی جەستەی لە خوێنداشەلاڵی د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی لە ناوەندی پێتەختەکانی ئورووپا، وێنەی شارو گوندی خاپوورکراوی باشووری کوردستان، وێنەی پڕ لە حیکایەتی دڵتەزێنی ئیسکوپرووسکی ئەنفالکراوەکان، وێنەی ڕفاندنی ئوجەلان، وێنەی کوشتاری خەڵکی عەفرین و قامیشلوو بە دەست ڕێژیمی سووریا بە دوای شەهیدکرانی مەلامەعشووق، وێنەی کوشتاری بە کۆمەڵی کاروانچییەکانی ڕۆبسکی، وێنەی بە کۆمەڵ کوژران و کۆچی بە کۆمەڵی ئیزەدییەکان لە شەنگال، وێنەی تاوانە گەورەکەی ١ی شوباتی هەولێر، وێنەی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش لە دژی خەڵکی باشوور و خۆراوای کوردستان، وێنەی داڕووخاندنی یەکە یەکەی ماڵ و بیناکانی کۆبانێ و گەمارۆدرانی لە لایەن داعش و ڕاوەستانی چاوبە فرمێسکانەی ژنان و مندالانی ئەو شارە لەو دیوی تەلبەندەکانی سنوور و... ! ئەم وێنانە لە چەشنی فیلمێک ئەو کارەساتانە دەگێڕنەوە کە لەم چەند دەیەی دواییدا بە سەر نەتەوەی کورد هاتوون. هەر کامیان ستەم و تاوانی دوژمنێکی ئەم نەتەوەیە لە بەشێکی کوردستان دەگێڕنەوە. وێنەی ئایلان، کە ئێستا میدیاکانی جیهان وەک هێمای هەزاران مرۆڤی ڕاکردوولە جەهەننەمی شەڕ و توندوتیژی، وێرانی و دڕندەیی، دەمارگرژی و هەژاریی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست بە کاری دێنن، بەر لە هەر واتایەکی دیکە، هەڵگر و هیمای مەزلوومیەتی نەتەوەی کوردە. نەتەوەیەک کە دەیەوێ ئازاد و سەربەست بژی، لە گەڵ ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیان و وێکهەڵکردن و بایەخەکانی دنیای شارستانی و مودێڕن دایە و چاوی تەماحیشی نەبڕێوەتە خاکی هیچ نەتەوە و وڵاتێکی دیکە. نەتەوەیەک کە هەڕەشە نییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی هیچ ناوچەیەکی جیهان. بەڵام لێی ناگەڕێن لە سەر خاکەکەی، دنیایەک لە ڕەنگی هیوا و خەونە لە مێژینەکانی خۆی و گونجاو لە ڕۆحی ئەم سەردەمە بنیات بنێ. بەڵێ ڕاستە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەراستە، ئەوە هەر کورد نییە لە گەڵ شەڕ و توندڕەوی و بێمافی بەرەوڕوویە. ئەوەش هەر ڕاستە کە تاکەکان لەم سەردەمە دا خەڵکی هەر ولاتێک بن و لە هەر شوێنێکی جیهان بژین، ئەمنیەت و ئاشتی و ئازادی و ئاسوودەییان دەوێ و ئەگەر ئەمانەیان لە وڵات و کۆمەڵی خۆیان دا شک نەبرد، لە شوێنەکانی دیکەی جیهان بە دوایان دا دەگەڕێن. کوردەکان لە بەشی زۆری نیشتمانی خۆیان دا، وێڕای ئەم نەبوونیانە، لە گەڵ دەردی بێ کیانی و زۆر کێشە و کارەساتی سەرچاوەگرتوو لە بندەستیی نەتەوەیی بەرەوڕوون. هەر ئەمەشە وای کردوە کۆچ و ڕەو لە نێو کوردانیش دا بە شێوەیەکی جێگای نیگەرانی پەرە بستێنێ. وێنەی ئایلان، بێگومان سۆزی مرۆڤایەتیی بۆ لای لافاوی ئەو ئینسانانە ڕاکێشاوە کە بە ڕێگای دەریا و وشکانی و بە نێو مەترسیی جۆراوجۆر دا لە وڵاتانی ناوچەی ئێمەوە، سەری خۆیان بەرەو ئورووپا هەڵگرتوە. ئێستا ئورووپا لە گەڵ قەیرانی هاتنی شاڵاوی کۆچبەران بەرەوڕوویە و لە بەرەکەتی میدیاکانەوە، لەوانەیە وێنەی مەینەتییەکانی کۆچبەران وەک وێنەکەی ئایلان، کار بکاتە سەر سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی لە ئاست کۆچبەران. ئەم ئاڵوگۆڕە، ئەگەر هاندانی کۆچکردن بەرەو ئورووپاشی لێ بکەوێتەوە، هەرجێگای پێزانین و دلخۆشییە. بەڵام هاسانکاری لە وەرگرتنی کۆچبەران و حاواندنەوەیان لە ئورووپا و وڵاتانی دیکە کە لە ئێستا دا کارێکی پێویستە، ڕێگر نابێ لە دووپاتبوونەوەی شەپۆلی کۆچ لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا بەرەو رۆژاوا. هەتا ئەو کاتەی لەم ناوچانەش تاکەکان نەبن بە خاوەنی ئەو ئەمنیەت و ئاسایش و ئاسوودەییە کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان وەدەستیان هێناون، کۆچ و کۆچبەری بەرەو ڕۆژاوا درێژەی دەبێ. ڕۆژاوا و جیهان ئەگەر دەیانەوێ چارەسەرێکی بنگەهی بۆ کێشە وقەیرانی کۆچبەران بدۆزنەوە، دەبێ لە دابینکردنی ئاشتی ،ئازادی ، ئاوەدانی ، ئاسوودەیی و ستانداردەکانی ژیانێکی ئەمڕۆیی دا، پشتیوان و یارمەتیدەری خەڵکی وڵاتانی ئەو بەشە بەڵالێدراوەی جیهان بن . لە ژماره‌ ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌