کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەردە بە زمانی کوردی لە ئێران دا

00:32 - 17 خەرمانان 2715

حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، له سەفەری خۆی بۆ پارێزگای سنه باسی وتنەوەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی له سەرەتای سالی 1395 و هەروەها کردنەوەی بەشی کوردی هەوالدەری دەوڵەتی ئیرنای کرد. ساڵی ڕابردووش له مانگی رەشەمەی ساڵی1393، بۆ یەکەم جار له مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، کتێبی (وانەی کوردی (تایبەت بە خۆلی یەکەمی ناوەندی له قوتابخانەیەکی شاری سەقز بە سەر قوتابیان دا بڵاو کرایەوە. به پێی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی ئێران، لەگەڵ ئەوەدا زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی وڵات دەستنیشان کراوە بەڵام کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایکی چ وەک وتنەوە لە قۆتابخانەکان و چ وەک بەکارهێنان لە گۆڤار و بڵاوکراوەکان بۆ نەتەوە غەیرە فارسەکان رێگە پێدراوە. حەسەن ڕووحانی لە کەمپەینی هەڵبژاردنی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری بەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەو مافانەی دابوو کە لە یاسای بنەڕەتی ئێران دا هاتوون، بەڵام پشت گوێ خراون. باسی وتنەوەی زمانی کوردی یا پەروەردە بە زمانی کوردی لە ئێران‌دا شتێکی تازە نیە و لە سەردەمی خاتەمیش ئەو باسە هاتە ئاراوە؛ لە کابینەی دووهەمی خاتەمی، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئیزنی کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دا بەڵام ئەو بابەتە جێبەجێ نەکرا. دژبەرانی پەروەردە بە زمانی دایکی ئەوانەی لە ئێران دژایەتی پەروەردە بە زمانی دایکی دەکەن، باس لەوە دەکەن کە سیستمی پەروەردەی چەند زمانی، ئێران بەرەوە هەڵوەشاندن دەبا و بەستێنی جیایی نەتەوەکان پێکدێنێ. موهەندیس ئەدەب، نوێنەری کوردی پارڵمانی ئێران لە خوڵی پێنچ و شەش، لە ساڵی ٢٠٠٧ و لە وتووێژ لەگەڵ سایتی دویچە ولەی فارسی، وڵامی ئەو ڕوانگە نادێموکراتیک و نامرۆڤی‌یە دەداتەوە. ئەدەب دەڵێ کە لە وڵاتی سوئیس، خەڵک بە چوار زمانی ئیتالی، فەرانسەوی، ئینگلیسی و ئاڵمانی قسە دەکەن، بەڵام ئەو وڵاتە یەکگرتوو دەمێنێتەوە. یاسایەک لە فیزیک دا هەیە کە دەلێ هەر کردەوەیەک، کاردانەوەیەکی لێ دەکەوێتەوە. کاتێک لە وڵاتێک رێز لە کەلتووری جۆراوجۆر دەگیرێ، خەڵکیش ڕازین و لەگەڵ یەکتر دەژین. بەڵام کاتێک هێزێکی باڵادەست و دەسەڵاتێکی دەوڵەتی نکۆلی لە ناسنامەی ئەوان دەکا، خەڵکیش بەرگری دەکەن. ... لە وڵاتی ئێران زمانی عەرەبی و ئینگلیسی (لە قۆتابخانە و زانکۆکان دا) دەوترێتەوە بەڵام بۆ دەبێ زمانی کوردی یا زمانەکانی دیکە پەراوێز بخرێ. ئەوە مافی بێ ئەملاوئەولای مرۆڤەکانە کە کەلتووری خۆیان بپارێزن. زمان دیارترین پێناسەی کەلتووری هەر ئیتنیک و نەتەوەیەکە. باسێکی دیکە کە لە لایەن دژبەرانی پەروەردە بە زمانی دایکی دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئەو زمانانە توانای زانستی پێویسیان نیە. هەموو زمانێک توانای گەشەکردنی هەیە و ئەوە راست نیە کە زمانێک لە بنەڕەتدا لە زمانێکی دیکە لاوازتر یان بە تواناتر بێ. هەر زمانێک کە کاری پێ بکرێ، توانای ئەو زمانەش زیاتر دەبێ. زمانی تورکی کە لە ئێران وەک زمانی ئەقوام لەقەڵەم دەدرێ، لە زانکۆ، میدیا، دەوڵەت و پارڵمانی تورکیە و ئازەربایجان کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. زمانی عەرەبی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زمانی ئەقوام ناوی دەبا لە زیاتر لە بیست وڵات کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. ئێستا زمانی کوردییش لە وەزارەتخانەکانی دەوڵەت، زانکۆکان، قۆتابخانەکان و بڵاوکراوەکان بەکار دێ. هەروەها ئەگەر پێوەری زانستی بوون تەنیا بنەمای هەڵسەنگاندنی یەک زمان بێ، توانای زمانی ئینگلیسی لە زمانی فارسی یەکجار زۆرترە و دەکرێ لە چەند دەیەدا زمانی ئینگلیسی بکرێ بە زمانی هاوبەش و فەرمی ئێران. ئەوەی ئەمرۆ توانای زانستی زمانی فارسی لە زمانی کوردی زیاترە لە لایەک بەرهەمی پشتگیری سیاسی لە زمانی فارسی لە ئێران و تەرخانکردنی سەرمایەیەکی ماددی یەکجار زۆرە و لە لایەکی دیکە بە هۆی پەراوێزخستی زمانی کوردی لە لایەن سیستمی سیاسی زاڵ بەسەر ئێران دایە. زمان وەک بابەتێکی چەند رەهەندی بابەتی پەروەردە بە زمانی دایکی یا بە شێوەیەکی بەرتەسکتر وتنەوەی زمانی دایکی نەتەوەکانی غەیرە فارس لە قوتابخانەکان بابەتێکی چەند ڕەهەندییە. لە ئێران دا زمانی جۆراوجور هەیە کە فێربوون و بەکارهێنانی ئەو زمانانە پێویستی بە تەرخانکردنی کات، سەرمایەی مادی و بوونی فەزایەکی کۆمەڵایەتی لەبار هەیە. بۆ نموونە دەوڵەتی ئێران ساڵانە پوولێکی زۆر بۆ چاپکردنی کتێبی زمانی فارسی و دابینکردنی ماموستای زمانی فارسی تەرخان دەکا. ساڵانە خەرجێکی زۆر دەکرێ تا فیلم، پرگرامی تەلەڤیزیونی و بڵاوکراوەی جۆراوجور بە زمانی فارسی بەرهەم بێ. کەوایە سیستمی پەروەردەی فرەزمانی بەستێنی بەشداری زیاتری نەتەوەکانی ئێران لە ئابووری ئێرانیش دەرەخسێنێ. زمان بەشێکە لە پێناسەی نەتەوەیی و هەر بەم هۆیە باشتربوونی پێگەی زمانی کوردی و زمانی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە ئیران، شۆناسی کەلتووری-سیاسی ئەو نەتەوانەش لە ئاستی ئێران بەرز دەکاتەوە. ئێستا کە لە هەڵبژاردنی پارڵمانی خولی دەهەمی ئێران نزیک دەبینەوە، رەوتە سیاسی‌یەکانی نێوخۆ پێویستە وەبیر ڕووحانی بێننەوە کە ئەو ٥٠،٧١ دەنگەکانی هێناوە لە حاڵێکدا لە پارێزگای کوردستان زیاتر لە ٧٠% دەنگدەران، دەنگیان بە رووحانی‌دا. هەروەها پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە لە وتنەوە یا پەروەردە بە زمانی کوردی پێشوازی دەکرێ، بەڵام داواکاری نەتەوەی کورد لە ئێران بەوە کۆتایی پێ نایە و کورد داواکاری بەشداریی سیاسی-ئابووری-کولتووری زۆر بەرفراوانتری لە چوارچیوەی ئێران دا هەیە. سەرچاوەکان: اهمیت زبان مادری در چیست؟، سایت دویچە ولە اموزش بە زبان مادری؛ فرصت یا تهدید؟، شاهد علوی، سایت روز انلاین گام تازە دولت برای اموزش زبان کردی، ریشەها و واکنش ها، از سایت: http://iranwire.com/features/7863/ با پایان شمارش اراء، کلید پاستور بە روحانی رسید، سایت تابناک لە ژماره‌ ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌