زانکۆی تاران سیمبۆلی کۆمه‌ڵگه‌ی زانستی ئێرانه، که هه‌موو حه‌وتوویه‌ک ڕێژیم تێیدا نوێژی هه‌ینی به‌ڕێوه ده‌با و، هێڵه گرنگ، ستراتیژی و تاکتیکه‌کانی سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار له لایه‌ن ئیمامانی وتاربێژه‌وه له‌و شوێنه ده‌خرێنه ڕوو. ئه‌و بابه‌ته هێند گرنگه که عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامیش وه‌ک یه‌کێک له‌و وتاربێژانه له‌و شوێنه ئاماده ده‌بێ.
بۆچی زانکۆ؟ ئه‌رێ کۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێ لایه‌نی زانستی به سیاسه‌ت و کارکرده‌کانی خۆی بدا و یا ڕه‌هه‌ندی بیر و باوه‌ڕی حکوومه‌تی و خاڵه لاوازه‌کانی خۆی له به‌رگی زانست و زانکۆ‌دا به بیروڕای گشتی نیوخۆیی و ده‌ره‌کی بفرۆشێته‌وه و پاساوی بۆ بهێنێته‌وه؟ ئایا ئامانجی کۆماری ئیسلامی و به تایبه‌تیش به‌یتی ڕێبه‌ری ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ک نوێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی زانستی وڵات بنوێنێ؟ یان سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار که له ماوه‌ی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا به ڕوانگه‌یه‌کی ئه‌منیه‌تی و ئیتلاعاتی هه‌وڵی بۆ کۆنتڕۆڵ و ئاراسته‌به‌خشینی چالاکییه‌کانی زانکۆ داوه و به دروشمی وه‌ک ئیسلامی کردنی زانکۆ، دانانی بنکه‌ی به‌سیجی له زانکۆ، دیاریکردن و دانانی نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیهـ له زانکۆ، ته‌رخانکردنی بوورسیه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ڕه‌وت و توێژانه‌ی سه‌ر به دامه‌زراوه سه‌ره‌کییه‌کانی حکوومه‌تن، کردنه‌وه‌ی به‌شی ئایینی، دامه‌زراندنی که‌سانی به‌ردڵی سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ک مامۆستا و تێوریسیه‌نی زانکۆ، دامه‌زراندنی زانکۆ تایبه‌ته‌کانی سه‌ر به سپای پاسداران و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌تییه‌کان و.... هه‌میشه هه‌وڵی داوه چه‌قی ئه‌کتیڤیی فه‌زای زانستی و ئاخێزگه‌ی ڕووناک‌بیری کۆمه‌ڵایه‌تی به ئاراسته‌ی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی‌دا به‌رێ و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی بۆ نه‌لوێ، لانیکه‌م ده‌نگه دژبه‌ره‌کانی که‌پ بکا و خوێندکاره سه‌ربه‌خۆکان بخاته لاڕێوه.
زانکۆ یه‌کێکه له گرنگترینی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی که له مێژووی کۆماری ئیسلامی‌دا له به‌رانبه‌ر گوشاری سیستمی ده‌سه‌ڵاتداردا ڕاوه‌ستاوه و هه‌میشه وه‌ک مه‌کۆی ڕه‌وت‌سازی و شێوازناسی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌ده‌نی و مافی مرۆیی ڕۆڵێکی کاریگه‌ری هه‌بووه. دوای شۆڕشی ١٣٥٧ که‌متر بزووتنه‌وه‌یه‌ک له ئێران‌دا ده‌بینین که خوێندکار و زانکۆ ده‌وری سه‌ره‌کی تێدا نه‌گێڕابێ و یان وه‌ک یه‌کێک له گرنگترین ئه‌کته‌ره‌کانی ناڕه‌زایه‌تی و دژکرده‌وه سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌ته‌ییه‌کان، شوێندار نه‌بووبێ. بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و ڕووداوه‌کانی (کوی دانشگاه) ئه‌و نموونانه‌ن که شکست و لاوازی ڕێژیم له سۆنگه‌ی داسه‌پاندنی خواست و داخوازییه حکوومه‌تییه‌کان به ڕوونی ده‌رده‌خا.
هه‌ڵبژاردن له ئێران هه‌میشه که‌سێکی گونجاوی بۆ چالاکی زیاتر و باسی جیدی‌تر له زانکۆکان ڕه‌خساندووه و زانکۆ و توێژی خوێندکار ده‌ورێکی بنه‌ڕه‌تییان له هه‌ڵبژاردن و به تاییبه‌ت له شاره گه‌وره‌کان‌دا هه‌بووه. به سرنج‌دان به‌وه‌ی که هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ڕه‌شه‌مه‌ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه ده‌چێ، ئه‌و باس و خواس و گه‌نگه‌شانه‌ی له سه‌ر ڕێککه‌وتنی ناو‌کی له زانکۆکانی ئێران له گۆڕێ‌دان، زۆرتر و به‌ربه‌رنتر ده‌بنه‌وه. ئه‌و که‌شه ده‌توانێ کێشه و ئارێشه و ته‌نانه‌ت قه‌یرانێکی تازه‌ش بۆ ئێران دروست بکا، یان هێزه دژبه‌ر و ڕه‌خنه‌گره‌کانی سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌توانن به دامه‌زراندنی پێوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ی قووڵتر و کاریگه‌رتر ده‌گه‌ڵ توێژی خوێندکار و تێگه‌یشتن له هه‌ستیاری و خواسته‌کانیان که‌شێکی له‌بار بۆ پێشخستنی داواکانی خۆیان سازبکه‌ن، ئه‌و که‌شه‌ی حکوومه‌تی ناوه‌ندی به خه‌ستی ترسیی لێی هه‌یه، چونکە بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌وڵێکی زێڕینیان بۆ سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه هه‌یه.
لە ژماره ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه