کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە مامۆستایان، ئەرکێکی گرینگە

14:06 - 23 خەرمانان 2715

کەمتر لە ١٠ رۆژی دیکە قوتابخانە و زانستگاکان و هەموو شوێنەکانی خوێندن و پەروەردە لە ئێران دەکرێنەوە. چەندین میلیۆن کەس لە قوتابی و مامۆستا لە ساڵێکی نوێی زانست و زانیاری دا، بە یەک دەگەنەوە. مامۆستایان لە هەموو بەشەکانی خۆێندن و پەروەردە دا، ئەرکێکی قورسیان لە سەرە. بەشێکی زۆری کەسایەتیی قوتابییەکان- لەهەر رەدەیەکی خوێندن دا بن- کاریگەری لە مامۆستا و وانەکانی خوێندن و چۆنیەتی گواستنەوەی زانیاری لە کتێب و نووسراوەکان، لەوان وەردەگرن. بۆیە مامۆستا دەورێکی گرینگی لە چۆنیەتی پەروەردیی توێژی خوێندکاری دا، هەیە. لە ئێرانی فرەگەلی دا، بەهۆی کێشەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، سیاسی و جوغرافیایی، نەقشی هەر دوو توێژی مامۆستا و قوتابی بەرجەستەتر دەبنەوە. بەڵام مامۆستایان کە رۆڵی گرینگ لە رێنوێنی کۆمەڵگە دا دەگێڕن، پێویستیان بە فەزایەکی ئارام و ژیانێکی تا رادەیەک دابین کراوە و کەسایەتییەکی متمانە پێدراوە هەیە، هەتا بتوانن ئەرکەکانیان باشتر جێبەجێ بکەن. بەڵام، بەداخەوە دوای ماوەیەکی زۆر کەم له‌ خۆسه‌پاندنی کۆماری ئیسلامی به‌ سه‌ر ئێران دا، بەناوی "ئیسلامی کردن" ی خوێندنگەکان، و هێنانی دیاردەی شومی "شۆڕشی فەرهەنگی"، گەورەترین زەبریان لەو بەشە هەرە گرینگ و شوێندانەرەی زانست و زانیاری دانا. مامۆستایان دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە تێپەڕینی ئەو رێژیمە نگریسە، ئێستا لە وەزعێکی زۆر نالەبار دا، بەرەو کرانەوەی ناوەندکانی خۆێندن دەچن. لە ساڵی ١٣٩٤ ی هەتاوی دا، سێ کۆبوونەوەی ناڕەزایتی لە لایەن مامۆستایان ئەنجام دراون. یەکەم: لە ٢٧ ی خاکەلێوە لە لایەن نوێنەرانی پارێزگاکان، دوویەم: بە بانگەوازی کانوونی سینفی مامۆستایان لە، ١٧ ی گوڵان و سێیەم: لە ٣١ ی پووشپەڕ لە لایەن شووڕای ناوەندی کانوونە سینفی یەکانەوە. مامۆستایان خوازیاری، زیادکردنی حەقدەست بۆ سەرەوەی هێڵی هەژاری، بە فەرمی ناسینی رێکخراوە سەربەخۆی یەکانی مامۆستایان؛ ئازادکرانی چالاکانی زیندانی کراو، مافی مامۆستایان لە نووسینی مێتۆدی دەرسی، بەخۆڕایی بوونی ئامووزشی گشتی، راگێرانی بازرگانی لە سیستێمی ئامووزش و پەروەدە دا، و ئیزن دانی ستانداردی متمانە لە قوتابخانەکانن. لابردنی جیاوازی حەقدەستەکان، باشکردنی بیمەی دەرمانی، دامەزراندنی مامۆستاکانی پەیمانی و "حق التدریس" هێندێک بابەت گەلی ترن؛ کە بەشێوەی مەدنی مامۆستایان تێکۆشەر و زاڵە هاتوو، خەباتیان بۆ دەکەن. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە نا فارسەکان دا، خۆێندنی بە زمانی دایک، فەزای نا ئەمنی پتر، بوونی مامۆستایانی ناخۆجێی و بەستراوەییان بە دەسەڵاتی دژی گەلی، و پرسی نەتەوەیی، لەگەڵ داخوازی سەرانسەری مامۆستایان تێکەڵاو دەبن. کە وەزعێکی ناخۆش تریان پێک هێناوە. سەرەڕای ئەو هەموو گیروگرفتانەی لە سەرەوە باسیان کرا؛ گەندڵی ئابووری و هەڵکشانی هێلی هەژاری، نابەرپرسی دەسەڵاتداران و لێ نەپێچینەوەیان لە پەلەی بەرز دا، دیوەزمەی مادە هۆشبەرەکان بەتایبەتی لەنێو قوتابخانەکان دا، مەترسی شەڕ بەهۆی لێدوانی بێ سەرەوبەری نیزامی یەکان، نادیاری چارەنووسی کەیسی ئەتۆمی بە هۆی چەند دەسەڵاتی لە کۆماری ئیسلامی دا، بیری کۆچبەری وەک دیاردەیەکی دڵتەزێن و ژیانی ئاوارەیی بە کۆمەڵ لە ناوچەکە و تراژیدەکانی، بەشێکی دیکەن لە قورساییەکانی دیکەی ژیانی نالەباری مامۆستایان. بۆیە چ لە ماوەی ساڵی خوێندن و چ لە رۆژی ١٣ ی رەزبەر یا(پێنج ی ئۆکتۆبر) دا، کە وەک رۆژی جیهانی مامۆستا لە لایەن رێکخراوی فەرهەنگیی یونسکۆ- لە ساڵی ١٩٩٤ دیاری کراوە-، ویست و داخوازی مامۆستایان دێتە ئاراوە. پشتیوانی لە رەوایی ویستەکانی مامۆستایان و هاوهەنگاوی لەگەڵیان، ئەرکێکی گرینگی هەمەلایەنەیە.