کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ ساڵ بەسەر تیرۆری د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی‌دا تێپەڕی

03:06 - 26 خەرمانان 2715

٢٣ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ١٧ی سێپتامبردا، كە هێشتا برینی تیرۆر كردنی رێبەری مەزن «دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو» لای خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سارێژ نەببوو، «دوكتۆر سادقی شەرەفكەندی» سكرتێری حیزبی دیموكرات لە ریستورانتی میكۆنووس لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێیانی تیرۆر كرا. ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١١٣٧ ( ١٧ی سیپتامبر ساڵی ١٩٩٢) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە ریستورانتی میكۆنوس «دوكتۆر سادق شەرەفكەندی» كە دوای تیرۆری «د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو» بوو بە سكرتێری حیزبی دیموكرات لە گەڵ «فەتاح عەبدولی»، ئەندامی كومیتەی ناوەندی و «هومایون ئەردەڵان» نوێنەری حیزب لە ئەڵمانیاو هەروەها «نووری دێهكوردی» كەسایەتیی ئێرانی و دۆستی حیزبی دیموكرات لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆر كران. شەرەفكەندی لەگەڵ وەفدی هاوڕێ بۆ بەشداری كردن لە كۆنگرەی ئەنترناسیۆنالی سوسیالیست‌دا چوو بووە ئەڵمانیا و ئەو شەوەی كە تیرۆر كرا بڕیار بوو لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و هیزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری ئێران لە ریستورانتی میكۆنووس كۆ ببێتەوە. لەو كاتەدا دادگای ئەڵمانیا بە دواداچوونی بۆ بابەتەكە كرد و ساڵێك دواتر كەسێكی بە ناوی «كازم دارابی» كە ئەندامیی سوپای پاسداران بوو و لە ئەڵمانیا دادەنیشت لەگەڵ چوار لوبنانی دیكە دەستگیر كرد و كاری دادگا لە سەر ڕووداوی ١٧ی سێپتامبری ریستورانتی میكۆنووس دەستی پێكرد. دادگایی كردنی تاوانبارانی ئەم دۆسیە نزیكەی پێنج ساڵی خایاند و لەو ماوەیەش‌دا دادگا ٢٤٧ جار لەسەر ئەم دۆسیەیە كۆبووەوەو لە سەرجەم كۆبوونەوەكانی دادگاییەكەدا زیاتر لە ١٧٠ كەس بەشدار بوون. لە مانگی مارسی ١٩٩٧دا دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكە دەركرد. بەپێی بڕیارەكە «كازم دارابی» ئەندامی سوپای پاسداران و «عەباس رەحیل» خەڵكی لوبنان، زیندانی هەتا هەتاییان بۆ بڕایەوە و «یوسف محەمەد ئەمین» ١١ ساڵ و «محەمەد ئەتریس» ٥ ساڵ زیندان بۆ بڕایە و هەر دووكیشیان لوبنانی بوون. هەروەها دادگای ئەڵمانیا «عەلی خامنەیی»، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی و «هاشمی ڕەفسەنجانی»، سەركۆماری ئەو كاتی ئێران و «عەلی فەلاحیان» وەزیری ئەو كاتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی و «عەلی ئەكبەر ویلایەتی»، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئێران بە تاوانبار و بڕیاردەرانی سەرەكی تیرۆرەكە ناساند. و لەو كاتەوە هیچ كام لەو چەند كەسە جگە لە وڵاتانی دراوسێ، نەیانتوانیوە سەفەری دەرەوەی ئێران بكەن. ئەم دادگاییە لەو كاتەدا نۆ ملیۆن «فرانك»ی تێچوو. بڕیاری دادگای ئەڵمانیا لەسەر ڕووداوی تیرۆری د.سادق شەرەفكەندی و هاوڕێیەكانی كە بە «كارەساتی میكۆنووس» ناسراوە و یەكەم بەڵگەی نێودەوڵەتییە لە سەر تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی و كاتێك ئەو بڕیارە دەرچوو كێشەیەكی قووڵ كەوتە پێوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەڵمانیا و یەكیەتیی ئورووپا و ئەڵمانیا باڵوێزی خۆی لە تاران بانگ كردەوەو چوار دیپلۆماتی ئێرانیشی لە وڵاتەكەی دەركرد. هەروەها سەرجەم وڵاتانی ئورووپایی باڵوێزەكانی خۆیان لە تاران بانگ كردەوە و باڵوێزخانەكانیان بۆ ماوەیەك داخست. لە بەرامبەریش‌دا كۆماری ئیسلامی باڵوێزەكانی خۆی لە وڵاتانی ئورووپایی بانگی تاران كردەوە. ئەم بڕیارە كە بە بڕیارێكی مێژوویی دادەنرێ و بۆ یەكەمین جار بوو لە جیهان‌دا كە سەركردە باڵاكانی وڵاتێك لە لایەن دادگای وڵاتێكی دیكەوە بە تاوانبار بناسێندرێن لە ئاكامدا ناكۆكییەكی گەورەی لە نێوان تاران و ئورووپا دروست كردوەو دوای تێپەڕینی چەند مانگ بە سەر هاتنە سەركاری «محەمەد خاتەمی» سەركۆماری ریفۆرمخوازی ئێران لە ساڵی١٣٧٦(١٩٩٧) پێوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ئورووپایی و كۆماری ئیسلامی ئێران وردە وردە گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی. كازم دارابی، كە تاوانبارێكی دۆسیەكە بوو دوای ١٥ ساڵ زیندان ساڵی ٢٠٠٧ رادەستی كۆماری ئیسلامی كرایەوە و كاتێك گەیشتەوە تاران رایگەیاند كە قسە لەسەر ئەڵمانیا و دەزگای دادوەری ئەو وڵاتە دەكات. تیرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی تا هەتا هەتایە وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی پڕشەرمی کۆماری ئیسلامی‌دا دەمێنێتەوە و هاندەرێکی بەردەوامە بۆ خەباتی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کورستان.