کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ ساڵ بەرگری لە ئامانجەکانی رێبەرێکی کورت‌بین و خەیاڵاوی

17:40 - 31 خەرمانان 2715

وەرگێڕان بۆ کوردی: مەسعود رەواندوست رۆژی ٣١ی خەرمانان، ساڵڕۆژی دەسپێکی درێژترین شەڕی سەدەی رابردوو دوای شەڕی ڤییەتنامە. وەهم و خەیاڵی زێدەخوازانە و دوژمنایەتیی نێوان خومەینی و سەددام حوسێن وێڕای ناکۆکییە سنوورییەکان بواری شەڕێکی ٨ ساڵەیان رەخساند، کە جگە لە ماڵوێرانی و کوژران و برینداربوونی زیاتر لە یەک میلیۆن ئینسان هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نەبوو. بێگومان ئەگەر رێبەرانی ئێران و عێراق مرۆڤی ئاشتیخواز و دوور لە وەهم و خەیاڵ و ئیدئۆلۆژی بوایەن، دەیانتوانی کێشەکانیان لە رێگەی ئاشتیخوازانە چارەسەر بکەن. سەددام حوسێن خولیای دەسبەسەرداگرتنی تەواوی جیهانی عەرەب و دواتریش دەوری زلهێزگێڕانی لەسەردا بوو و خومەینیش خولیای حکوومەتی ئیسلامیی لە سەرانسەری جیهانی هەبوو. لە مێژوودا کەم نیە نموونەی ئەو کەسانەی لە پلانە بەرزەفڕانەکانیان‌دا ئەوەندە لە خۆبایی دەبن کە لە لێکدانەوەکانیان‌دا تووشی هەڵە بوون، وەک هێرشی هیتلێر بۆسەر یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو، بێ وەبەرچاوگرتنی ئەگەری یەکگرتنی یەکیەتیی سۆڤییەت و ئەمریکا و بریتانیا ، هەروەها بە کەمزانینی سپای گەورەی یەکیەتیی سۆڤییەت و هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵکەکەی. سەددام حوسێنیش بەجۆرێک تینووی دەسەڵات و دەستبەرداگرتنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی عەرەب‌دا بوو کە سپای بەهێزی ئێران و هەستی مەزهەبیی شوێنکەوتوانی دەمارگرژی خومەینی و بە کەمزانیی کە تازە وەجۆش هاتبوون و ئامادەبوون بۆ پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی خومەینی گیانی خۆیان فیدا بکەن. دوای ئەوەی هێزەکانی ئێران توانیان سپای عێراق لە خوڕڕەمشار وەدەرنێن، عەرەبستان پێشنیاری ئاگربەس و دانی غەرامەتی بە ئێران دا، بەڵام ئێران قەبووڵی نەکرد! داخوا خومەینی دوای لێکدانەوەیەکی ورد و دروست ئەم بڕیارەی دا؟ سەددام حوسێن دوای تێکشکانی هێزەکانی لە خوڕڕەمشار تێگەیشتبوو کە شەڕ سەرەنجامێکی باشی نیە و ناتوانێ بە خولیاکانی بگا، لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت عەرەبستان ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرەی نێوان ئێران و عێراقیان تەنیا بە قازانجی ئیسرائیل دەزانی و هەر بۆیە وێڕای ئەوەی یارمەتیی عێراقیان دەدا، خوازیاری کۆتایی هێنان بە شەڕ بوون، بەڵام خومەینی جۆرێکی دیکەی بیر دەکردەوە. ئەوەیکە داخوا بڕیارەکانی خومەینی بە پێی لێکدانەوەی وردی سیاسی، ئابووری و نیزامی بوون یان نا، لەم وتارەدا بە کورتی تاووتوێی دەکەین. دوای شکستی عەمەلیاتی بەدر، وڵاتی عێراق وێڕای پاشەکشەی هێزەکانی دوولایەن بۆ سەر سنوورە نێونەتەوەییەکان داوای ئاگربەسی کرد، بەڵام خومەینی دیسانیش رەتی کردەوە! ئەگەرچی ئێران بۆ رەت کردنەوەی داوای ئاگربەس بە رواڵەت هۆکارێکی مەعقووڵی هەبوو کە ئەویش بە رەسمی ناسینی دەستدرێژیکەر بوو، بەڵام لە دنیای سیاسەت‌ و پێکهاتەی سیاسیی جیهان‌دا شتێک بەناوی دادپەروەری بوونی نیە و ئەوە هێزی (ئابووری، نیزامی، سیاسی و فەرهەنگی)ـە کە قسەی یەکەم و کۆتایی دەکا نەک هەست و سۆز! هەرچەند وتارەکانی خومەینی و بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەو سەردەم‌دا نیشان دەدەن کە ئێران خولیای گەیشتن بە کەربەلای لەسەردا بوو نەک دوورخستنەوەی دەستدرێژییەکەی عێراق و بە رەسمی ناساندنی دەستدرێژیکەر لە ئاستی جیهان‌دا! خومەینی و ستراتێژی: هەر کەسایەتییەکی سیاسی کە شارەزای پێکهاتەی سیاسیی جیهان بێ باش دەزانێ کە گۆڕینی نەخشەی وڵاتان یان داگیرکردنی وڵاتێک لە لایەن وڵاتێکی دیکەوە بێ پشتیوانی یان هەماهەنگیی یەکێک لە زلهێزەکان بە تایبەت ئەمریکا و رووسیە مەیسەل نابێ و ئەگەر بەرژەوەندی زلهێزەکان بکەوێتە مەترسییەوە بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پاشەکشە بە دەستدرێژیکەر تەنانەت کەڵک لە هێزی نیزامی وەردەگرن، هەر ئەوجۆرەی لە هێرشی عێراق بۆسەر کوەیت بینرا! خومەینی هەر لە سەرەتای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات، دروشمی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی بۆ جیهان دا و شەڕی ئێران و عێراقی بە دەرفەتێک دەزانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی وڵاتی عێراق، جیا لەوەکە داخوا ئیمکاناتی ئابووری، نیزامی، تەکنۆلۆژی و سیاسیی ئێران ئیمکانی داگیرکرانی عێراقی بە رێبەرانی ئێران دەدا یان نا، دەبوایە خومەینی ئەم مەسەلەی تاووتوێ کردبا کە دژکردەوەی وڵاتانی جیهان و بە تایبەت ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤییەت و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە بەرامبەر نزیکبوونەوەی هێزەکانی ئێران لە بەغدا چ دەبێ، بەداخەوە خومەینی نە خۆی توانا و زانستی لێکدانەوەی ئەم مەسەلانەی هەبوو و نە بە قسەی کەسی دەکرد. بێ‌گومان ئەگەر بڕیاربوایە ئێران سپای عێراق تێک‌بشکێنێ و لە بەغدا نزیک بێتەوە، لەگەڵ دەستێوەردان و دژکردەوەی راستەوخۆی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بە تایبەت عەرەبستان رووبەڕوو دەبۆوە و تەنانەت ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤییەتیش رێگەی داگیرکردنی بەغدایان بە ئێران نەدەدا چونکە هاوسەنگیی ناوچەکە تێک دەچوو. تێگەیشتنی هەڵە و خەیاڵەکانی خومەینی بووە هۆی ئەوەی شەڕی ئێران و عێراق دوای عەمەلیاتی سەرکەوتوانەی بەیتولموقەدەس و پێشنیاری ئاگربەس و دانی غەرامەت لە لایەن وڵاتانی عەرەب بە ئێران بۆ ٦ ساڵی خوێناویی دیکە دێژەی کێشا و سەرەنجام لە خراپترین دۆخ‌دا ئاگربڕ قەبووڵ بکا و بە وتەی خۆی جامی ژەهر بخواتەوە. ئەو نامەیە رایچلەکاند: دوای ئەوەی موحسین رەزایی فەرماندەی سپا لە نامەیەکدا پێداویستییەکانی پێنج ساڵی داهاتووی هێزە چەکدارەکانی بۆ تێکشکاندنی سپای عێراق بۆ خومەینی نارد کە ئەو نامەیە خومەینیی راچڵەکاند! داچڵەکینی خومەینی لە نامەکەی رەزایی نیشاندەری بێ ئاگایی رێبەری ئێران لە مەسەلە نیزامی و ئابوورییەکانی ئێران بووە، چونکە لەو نامەیەدا هیچ شتێکی سەیر و سەمەرە باس نەکراوە و تەنانەت لیستی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان کە لەو نامەیەدا نووسرابوو بۆ داگیرکردنی عێراق زۆر کەم بوو و، چونکە ئێران توانای ئابووری و سیاسیی کڕینی ئەم کەلوپەلانەی نەبوو ناچار بوو ئاگربڕ قەبووڵ بکا. بۆ وێنە لە کۆتایی شەڕدا عێراق ٤٠٠٠ تانکی هەبوو لە حالێکدا کە ئێران ١٠٠٠ تانکی هەبوو و، ئەوە لە حاڵێک‌دا بوو کە موحسین رەزایی لە نامەکەیدا گوتبووی کە تا پێنج ساڵی داهاتوو بۆ گرتنی عێراق پێویستمان بە ٢٥٠٠ تانک هەیە. هەروەها ئێران لە کۆتایی شەڕدا ٥٠ فرۆکەی شەڕکەری ئامادەی هەبوو کە توانای شەڕکردنیان هەبوو لە حاڵێکدا کە عێراق ٦٠٠ فرۆکەی شەڕکەری هەبوو و، رەزایی لە نامەکەی‌دا داوای کردبوو تا ٥٠ ساڵی داهاتوو ٣٠٠ فرۆکەی شەڕکەریان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن عەمەلیاتی سەرتاسەری بەڕێوەبەرن. سەرنجڕاکێشتر ئەوەبوو کە رەزایی چەند ساڵ پێشتریش لە نامەیەکدا داوای وەرگرتنی کەلوپەل و ئیمکاناتی نیزامیی کردبوو بۆ درێژەدان بە شەڕ، بەڵام چونکە لە نامەکەدا هیچ ژمارە و رێژەیەک دیاری نەکرابوو، خومەینی کە رێبەری وڵات بوو توانای تێگەیشتن لە نامەکەی نەبوو چ بگا بە لێکدانەوە و تاوتوێ کردنی! موحسین رەزایی چەند ساڵ لەوەپێش لە وتووێژێکدا لەگەڵ رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی رێژیم‌ لەبارەی نهێنییەکانی شەڕ و نامەی ئاماژەپێکراو لە وڵامی یەکێک لە میوانانی بەرنامەکەدا کە چۆن دەتانویست پێداویستییەکانی شەڕ دابین بکەن، وڵامێکی دایەوە کە نیشاندەری ئاستی نزمی تێگەیشتنی لە تەکنۆلۆژیی و زانستی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی نیزامی بوو و، دەبێ پرسیار بکەین بە وەبەرچاوگرتنی ئاستی زانستی ئێستای ناوبراو و تێگەیشتنی لە مەسەلە نیزامییەکان لە ٣٠ ساڵ لەوەپێش‌دا کە فەرماندەی سپا بوو لە چ ئاستێک‌دا بووە؟ رەزایی لە وڵامی پرسیارەکەدا وتی کە هەر ئەوجۆرەی ئاڵمانییەکان لە شەڕی جیهانی‌ لە ماوەیەکی کەمدا چەند هێندەی ئەم کەلوپەلانەیان بەرهەمهێنا، ئێمەش دەمانتوانی لە پێنج ساڵی داهاتوودا پێداویستییەکانمان دابین بکەین. ئەوە لە حالێک‌دایە کە کەلوپەلی پێشکەوتووی دەیەی ٨٠ی زایینی و بەرهەمهێنانی پێجەڵاوپووچییان لە دەیەی ٤٠دا زۆر جیاوازبووە. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە عێران دوای تێپەڕینی ٣ دەیە لە کۆتایی شەڕ هێشتا توانای بەرهەمهێنان و کڕینی کەلوپەلی نیزامی لەو ئاستەدا نیە کە لە نامەکەی موحسین رەزایی‌دا نووسرابوو!!! بە لێکدانەوەی قسە و بڕیارەکانی خومەینی و بەرپرسانی دیکەی رێژیم بە تەواوی دەردەکەوێ کە زانست و زانیاریی زۆر کەمتریان لە ئاستی بەرپرسایەتی و پۆستەکانیان هەبووە و بە وەهم و خەیاڵ بوونە هۆی وێرانیی ئێران و رژانی خوێنی سەدان هەزار مرۆڤ. داخوا باشتر نەبوو خومەینی لە قوم خەریکی گوتنەوەی وانە دینییەکان بوایە نەک رێبەریی وڵات؟! لە ژماره‌ ٦٦٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌