کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو دەرفەتانەی لە کیس دەچن

18:20 - 31 خەرمانان 2715

و: ئاڵەشین پارتێکی سیاسی لە کۆمەڵە کەسێک پێکدێ، کە هەوڵ دەدەن شوێن لە سەر هەلومەرجی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە و شیرازەی سیاسی ئارایی دابنێن. هەل ڕەخساندن یا قواستنەوەی ئەو هەل و دەرفەتانەی لە دەرەوەی ئیرادەی ڕەوت و پارتی سیاسییەوە دەخوڵقێن؛ سەرەکیترین مکانیزمە کە هەموو پارت و ڕەوتێک دەبێ بۆ پێش‌خستن و دابین‌بوون و وەدیهێنانی خواست و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاری بهێنی. ئەگەر بروانینە مێژوو و کارکردی پارتە سیاسییەکانی کورد، دەبینین هەل و دەرفەتێکی زۆر هەندێک جار رەخسان و وەک بەرزەکی هەڵدانی پارتە کوردییەکان بە ئاراستەی پێشخستنی ئامانجەکان بەکار هاتوون، بەڵام کەمیش نین ئەو دەرفەتە بەبایەخانەی کە بە هۆکار و تەنانەت بیانووی جۆراوجۆر پشتگوێ خراون. دانوستانی ناوکی ئێران و ئەو رێککەوتنەی پاش دانوستانەکان کراوە؛ یەکێکە لە باشترین نموونەی ئەو دەرفەتانە. ئەو دانوستان و رێککەوتنانەی پارتە کوردییەکان نەیانتوانی بیقۆزنەوە و نەیانکرد بە چالاک بوون لەو بوارەدا و ئەو کەشەی لە ئاکامی دانوستانەکان کەوتەوە ڕۆڵ و دەوری کاریگەری تێدا بگێڕن. پرسیارێکی ژیرانە و بەجێ کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە و یا شڕۆڤەکارێکی سیاسی دەتوانێ بیکا ئەوەیە کە؛ هۆکاری کارکردی لاوازی پارتە کوردییەکان لە بابەت پرسی ناوکی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چپیە؟ بۆچی ئەم چەشنە دەرفەتانەی کە سیستمی دەسەڵاتداری ئێران و وڵاتانی زلهێزی دنیا دەیانەوێ کەڵکی خۆیانی لێوەرگرن، لەلایان پارتە کوردییەکانەوە کە هەرکامیان رابردووی چەند دەیە خەباتیان هەیە زۆر سووک و ئاسان پشتگوێ دەخرێ و تەنیا وەک هەواڵ و شرۆڤەیەکی رووکەش خۆی تێهەڵدەقورتێنن؟ بۆ روونتر بوونەوەی بابەتەکە و دادوەری دروستتر، چاوێک بە شێوازی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا و پارت و لایەنە سیاسییە سەراسەرییەکانی ئێران لە پێوەندیی دەگەڵ پرسی ناوکی و پاشهاتەکانیدا دەخشێنن. دوویەمین خولی سەرکۆماری ئەحمەدینژاد، سەردەمی هەڕەشە و یاخی بوونی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پرسی ناوکی بوو، ئەو قۆناخەی کە لەودا گوشار و گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا پەسەندکران و داسەپان و کۆماری ئیسلامی و خەڵکی ئێرانی گەیاندە قۆناخیکی قەیراناوی. زاراوەی «محور شرارت» (چەقی ئاژاوەگێڕی ) کە جورج دەبلیۆ بوش، ٢٩ی ژانویەی ٢٠٠٢ بە سێ وڵاتی ئێران، کۆریای باکوور، و عێراقی وت و هۆکارەکەشی پشتیوانی ئەو وڵاتانە لە تیروریزم و هەوڵدان بۆ بەدەست خستنی چەکی کۆکوژ ڕاگەیەندرا، ئەوە لە خولی دوویەمی سەرکۆماری ئەحمەدینژاددا بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بوو بە راستی‌یەک، قەیرانەکە هێند قووڵ بوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر ئاسان هەڕەشەی سەربازییان دەکرد و بژاردەی شەڕی دژی ئێرانییان دەهێناوە بەر باس و ئەزموونی دەسوەردانی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێڕاق و رووخاندنی رێژیمی بەعسیش ئەگەری ڕوودانی ئەو سیناریۆیەیان بەهیزتر دەکرد. کێشە نێوخۆییەکانی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی و ململانێ و رکەبەری رەوتە جۆراوجۆر و جێی متمانەی رێژیم و هەروەها هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بوون بە هێزێکی گرینگی ناوچەیی، هەموویان لە ژێر چەتری پرسی ناوکی بە فۆڕم و شێوەی جۆراوجۆر خۆیان نیشان دەدا. گوشار و گەمارۆ نێونەتەوەییەکان و پێویستی گۆڕینی هێڵی سیاسی و مامەلە و هەڵسوکەوت دەگەڵ دنیا بوو بە هۆی ئەوەی کە پرسی ناوکی بتوانێ ببێ بە کارتێکی زێرێن بە دەستی حەسەنی روحانییەوە تا رێگەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا بۆ خۆش بکا. پاش هەڵبژێردرانی رووحانی، پرسی ناوکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان هەروا سەرەتی کاری دەوڵەتی رووحانی بوون و کەنگەشە و قسە و باسێکی زۆر لە میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا هاتە گۆرێ. لە لایەکی دیکەشەوە باسی بە پیت کردنی ئۆرانیوم لە ئێران و تیکنولۆژی ناوکی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لەو زاراوە سەرەکییەیانەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا له‌ لایەن سیاسەتوانانی رۆژئاواییەوە بەکار هاتوە و میدیا نێونەتەوەییەکان بە چەندین کاتژمێر لەو بابەتە دواون. زۆربەی وڵاتان و تەنانەت هەندێکی زۆری پارتە سیاسییەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناڤین بە گوێرەی بەرژەوەندی و پۆزیشینی خۆیان لە سەر ئەو بابەتە رای خۆیان دەربریوە و سیاسەتی خۆیان دووبارە پێناسە کردۆتەوە، رەوت و لایەنە سیاسی و تەنانەت مەدەنییەکی زۆری نێوخۆی ئێرانیش بە روانگەی لەم چەشنەوە لە پێناو پێشخستنی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەوڵیان داوە و بەرنامەیان داڕشتوە و ئەو دەستە ئوپۆزسیونەی کۆماری ئیسلامیش کە هەڵگری دروشمی سەراسەرین و زۆربەشیان بە جۆرێک پان ئێرانیستین، هەمیشە هەوڵیان داوە لە کاروانی کاریگەری و گۆڕانکارییەکان دوانەکەون و تا ئەو جێیەی بۆیان دەکرێ ئەو دەرفەتە بە خێروبێری خۆیان بقۆزنەوە. ئەو دەستە ئوپۆزسیونە سیمینار، وتار، فایلی قسەکردن، وتووێژ و ڤیدیۆی فێرکاری زۆریان بە چەندین زمانی زیندووی دنیا ئەنجام داوە و بەرێوە بردوە و هەروەها هەمیشە هەوڵیان داوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کۆنگرەی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆر دامەزراوی هەستیارو شوێنداری نێونەتەوەیی دیکە پشتیوان بۆ خۆیان ببیننەوە و ئەو هەلە رەخساوە لە کیس نەدەن و لە پێناو پێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان تێبکۆشن. بە تێفکرین لەو بابەتانەی باس کران، ئەگەر بروانینە دژکردەوە و هەڵوێستی پارت و رەوتە سیاسییە کوردەکان لە سەر پرسی ناوکی ئێران، باشتر لە خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوی نەتەوەیی کورد دەگەین. کۆمەڵگە و نەتەوەی کورد لە پرسی ناوکیدا نەیتوانی خاوەن وێژار و دیسکورسێکی کوردستانی بێ. ویژار و تێکۆشانێک کە نیشاندەری هەڵوێست و خواست و داخوازییە نەتەوەیی-دێموکڕاتیکەکانی کورد بەرابەر قەیرانی ناوکی بێ، پارت و لایانە سیاسییە کوردییەکان دەیانتوانی پرسی ناوکی وەک ئامرازێک بۆ یەکگرتوویی، بەشداری و یەکریزی خۆیان بەکار بێنین و پێوەندییەکی زیندوو و ئەکتیڤ دەگەڵ خەڵکی کوردستان دابمەزرێنن. پارتە کوردییەکان دەیانتوانی کۆمەڵگەی کوردستان بە روانگەیەکی ناسیونالیستییەوە سەبارەت بەو بابەتە گرینگانە ئامادە و وشیار بکەنەوە و هەروەها لە بەرابەر ڕەوتە ناکوردی و ناوەندییەکان و هەروەها سیستمی دەسەڵاتدارانی ئێران وێژاری تایبەتی نەتەوەیی خۆی هەبێ. بە سەرنجدان بەو گرینگییەی کۆمەڵگەی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناڤین بە پرسی کوردی دەدا، کوردی رۆژهەڵات دەتوانێ ئەو کەش و دەرفەتە بقۆزێتەوە و پشتیوان و دۆستی تازە بۆ بزووتنەوەی کورد پەیدا بکا و گەرموگوڕی و پەرە بە پێوەندییەکانی پێشووی خۆی بدا. پرسی ناوکی و هەڵوێست گرتن و کارکردی دروستی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کورد دەیتوانی یارمەتی کەم کردنەوەی مەودای نێوان نەتەوەکانی دیکەی ئێران و پارتە ناکوردییەکان دەگەڵ کورد بدا و ئەو ئەزموونانەی دەست کەوتوون دەیانتوانی وەک پەروەندەی میکۆنووس دوورەدیمەنێکی دۆستایەتی و بەشداری هەمەلایەنە و کۆمەڵگەتەڤەر لە لە ژماره‌ ٦٦٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌