کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارکردی خەبات بە دژی گەندەڵی لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا

15:28 - 19 رەزبەر 2715

بە قەولی جان دالبرگ (John Dolberg) "دەسەڵات مەیلی گەندەڵبوونی هەیە و دەسەڵاتی رەها مەیلی گەندەڵبوونی رەهای هەیە." دەسەڵات ئەگەر پێشی نەگیرێ مەیلی ئەوەی هەیە بەرەو گەندەڵی بڕوا. گەندەڵی فورمێکە لە نادادپەروەری کە لەودا ئەو هاووڵاتییانەی لە پێگەی دابینکەر و بەرهەمهینەر دان، هاووڵاتیانێک کە لە پێگەی بەرخۆر دان فریو دەدەن. کەوایە گەندەڵی دەکرێ لە پیشە و پێگەی جۆراوجۆر‌دا بەدی بکرێ؛ کەسی گەندەڵ دەتوانێ ماموستا، دووکاندار، بەرهەمهێنەر، دادوەر و سیاسەتمەدار بێ. کەوایە هەرچەشنە پێوەندی‌یەکی ناتەندروست لە نێوان دابینکەر (فرۆشیار) و بەرخۆر (کڕیار) دەچێتە خانەی گەندەلی. گەندەلی دەتوانێ لە ئاستی بچووک دا بەدی بکرێ. بۆ نموونە کاتێک کارمەندێک لە کاتی ئیداری دا بەجێگەی ڕاپەراندنی کارەکەی سەرقالی فەیس بووک دەبێ. هەروها گەندەلی دەکرێ ئاستی زۆر بەرفراوان بەخۆوە بگرێ. بۆ نموونە کاتێک یاسادانەرێک بەجێگەی ئەوەی یاسا لە بەرژەوەندی گشتی و خەڵک دا پەسەند بکا، بەرژەوەندی کۆمپانیا یا گرووپێک دەکاتە پێوەری کارەکەی. گەندەلی وەک خراپ بەکارهێنانی پێگەی خزمەتگوزاری دەتوانێ لە بەش و پیشەی جۆراوجۆر دەربکەوێ بەڵام ئەوەی زۆرتر ناسراوە، گەندەلی سیاسەتمەداران و بازرگانانە. لەو وتارەدا جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکرێتەوە کە گەندەلی لە ئێران دا هەم لە ئاستی تاکەکەسی و هەم لە ئاستی سیستماتیک دا بە شێوەی بەرفراوان بوونی هەیە. گەندەڵی دەوڵەتی گەندەڵی دەوڵەتیی لە ئێران لە ئاستێکی زۆر بەربڵاو دایە. لە دوای هاتنەسەر کاری دەوڵەتی روحانی لە سالی ٢٠١٣، یاریدەدەرانی پایەبەرزی سەرۆک کۆماری پێشوو بە تاوانی گەندەڵی دادگایی کران و بە زیندان مەحکووم بوون. دادگای بەرزی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری پێشوو واتە محەممەد رەزا رەحیمی بە ٥ سال زیندان، جەریمەی ٣٠٠،٠٠٠ دۆلار و قەرەبووی ٨٠٠،٠٠٠ دۆلاری مەحکووم کرد. رەحیمی پایەبەرزترین بەرپرسی دەوڵەتی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی دا بووە کە بە تاوانی گەندەڵی دادگایی و زیندانی کرابێ. لە حاڵێکدا رەحیمی بە هۆی وەرگرتنی رشوە و دانی رشوە بە پارلمانتاران خراوەتە زیندان کە ئەحمەدی نژاد لە سەردەمی سەرۆک کۆماری خۆی، دەوڵەتەکەی بە پاکترین دەوڵەت لە دوای شۆرشی ئێران دەزانی. بەشێک لە پەروەندەکانی تایبەت بە گەندەڵی بەرپرسانی پایەبەرزی دەوڵەتی بە هۆی ململانێ و کێشەی نێوان باڵەکانی نێو رێژیم ئاشکرا کرا. لە فەوریەی ساڵی ٢٠١٣، ئەحمەدی نژاد ڤیدیۆیەکی لە پارڵمانی ئێران نیشان دا کە لەودا فازل لاریجانی لە دەسترۆیشتووی و دەسەڵاتی براکانی واتە عەلی و صادق لاریجانی کە سەرۆکی پارڵمان و سەرۆکی دەزگای دادوەری بوون، کەڵکی وەردەگرت تا لە پرۆژەکانی دەوڵەتی سوودمەند بێ. برایانی لاریجانی واتە عەلی، سادق، جەواد، باقر و فازل لە کۆماری ئیسلامی دا پۆستی جۆراوجۆری دەوڵەتییان بەدەستەوە بووە. برایانی لاریجانی لە ئێران، سەمبۆلی هاوپێوەندی گەندەڵی بنەماڵەیی (nepotism) و گەندەڵی دەوڵەتین. دوو هەفتە دوای نیشاندانی ڤیدیۆی گەندەڵی فازل لاریجانی، میلیۆنێرێکی ئێرانی بە ناوی ئەمیر مەنسووری ئاریا لەسێدارە درا؛ ئەو لە ساختەکاری‌یەکی بانکی ٢.٦ میلیۆن دۆلاری (نزیک ٣ میلیار تمەن)‌دا بەشدار بوو کە بە گەورەترین کەیسی ساختەکاری لە مێژووی ئێران لەقەڵەم دەدرێ. سادقی لاریجانی، بەرپرسی دەزگای دادوەری، ئەو کەیسەی ئاشکرا کرد کە لەودا چەند بازرگانی گەورەی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کران. بەشێک لە هاورێ و هاوکارانی ئەحمەدی نژاد وەک محەممەد رەزا رەحیمی لە پەروەندەیەدا بەشدار بوون بەڵام هەتا دوای تەواوبوونی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نژاد نەتوانرا دادگایی و زیندانی بکرێن. بەو پێیە زۆرێک لە فایلەکانی گەندەڵی وەک بەشێک لە کایە و ململانێی سیاسی نێوان باڵەکانی نێو رێژیم ئاشکرا دەکرێن. شێوازێکی بەرچاو کە سیاسی‌یەکانی ئێران بۆ گەندەڵی بەکاری دێنن ئەوەیە کە خۆیان راستەخۆ گەندەڵی ناکەن بەڵام پشتگیری خزم و دۆستانیان دەکەن تا گەندەڵی بکەن. نموونەی بەرچاوی گەندەڵی ناراستەوخۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەکبەری رەفسەنجانی‌یە کە لە ساڵانی ١٩٨٩ تا ١٩٩٧، سەرۆک کۆمار بووە؛ کوڕی رەفسەنجانی واتە مەهدی رەفسەنجانی لە گەندەڵی ماڵی گەورە بەشدار بووە. لە ساڵی ٢٠١٣، کۆمپانیای ستات ئویل ئاسا (Statoil ASA) کە کۆمپانیایەکی نەوت و گازی نوروێژی‌یە، رەزامەندی لەسەر ئەوە دەربری کە جەریمەی ٢١ میلیۆن دۆلاری بدا بە هۆی ئەوەی یاسای دژە گەندەڵی ئەمریکای نەپاراستبوو و بۆ بردنەوەی قەراردادی بازرگانی بەرتیلی بە مەهدی رەفسەنجانی دابوو (Nooryani, 1). بەو پێیە ئاشکراکردنی فایلەکانی گەندەلی بەشێک لە ململانێی سیاسی نێو بالەکانی رێژیم بووە. سیسته‌می نادێموکراتیک و گەندەڵی کارێکی زۆر دژوارە کە گەندەلی لە ئێران بە شێوەیەکی بنەرەتی و سیستماتیک چارەسەر بکرێ چونکە سیستمی سیاسی و یاسایی نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامی خۆی بەستێنی پەرەسەندنی گەندەلی خۆش کردوە. حەسەن رووحانی لە سمینارێک کە لە ژێر سەردێری "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" لە تاران گیرا، ڕایگەیاند کە هەر شتێک کە ڕکابەری نەبێ و بەرێوەبردنەکەی قۆرخ کرابێ، شتێکی خراپە." زۆر کەس وتەکانی رووحانی یان وەک ڕەخنەگرتن لە سوپای پاسداران لێکدایەوە کە لە سەرەتای شۆرشی ئێران وەک رێکخراوێکی نیزامی هاوتەریبی ئەرتەش دامەزرا بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان تێکەل بە ئابووری و سیاسەتی ئێران بووە. سوپای پاسداران چەند لقی هەیە کە لە بواری جۆراوجوری ئابووری دا چالاکن کە دەکرێ ئاماژە بە بونیاد و خاتەمول ئەنبیا بکەین. تەنیا خاتەمول ئەنبیا، کە لقی بیناسازی و موهەندیسی سوپای پاسدارانە، نزیک ٠٠٠، ٢٥ کارمەندی هەیە کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٧٥٠ پرۆژەیان لە بوارگەلی وەک رێگەوبان، سەدسازی و خەتی لوولەی گاز وەرگرتووە (گرووپی رند). سوپای پاسداران لەژێر دەسەڵاتی عەلی خامنەیی دایە؛ خامنەیی جگە لە دەسەڵاتێکی یاسایی یەکجار زۆر، هەروەها فەرماندەی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، سەرۆکی دەزگای دادوەری و دەزگای دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامیش دیاری دەکا. شورای نیگابان کە وەک فیلترێک بۆ رێژیم کار دەکا تا چاوەدێری بە سەر کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکان بکا، وەک ئامرازێک لە دەستی رێبەری دایە. عەلی خامنەیی شەش ئەندامی شورای نیگابان راستەوخۆ دیاری دەکا و شەش ئەندامی دیکەش لە رێگەی سەرۆکی دەزگای دادوەری، کە لە لایەن خامنەیی دیاری کردوە، دەستنیشان دەکڕێن. دەسەلاتی ئیداری و یاسایی زۆری خامنەیی وادەکا کە هەر کات بیانهەوێ گۆشار بخەنە سەر نارازیان و بەشداری سیاسی زۆر کەم بکەنەوە. محەممەد جەوادی زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کونفرانسێک لە سوئیس لە ٢٣ ژانویەی ٢٠١٥، ڕایگەیاند کە هێندێک گرووپ لە نێو ئێران و دەرەوەی ئێران لە گەمارۆکانی سەر ئێران بەهرەمەند دەبن (Karami). بێگومان گەمارۆکان قازانجی بە سوپای پاسداران گەیاندوە چونکە بە هۆی گەمارۆکان، کۆمپانیا دەرەکییەکان بە تایبەت کۆمپانیاکانی ئوروپایی ناچار بوون بازاری ئێران چۆل بکەن. بەشێکی زۆری رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و رۆژئاوا دەکرێ لە دەلاقەی شەڕی ئابووی و گەندەڵی نێو باڵەکانی نێو رێژیم سەیر بکرێ. ئاکام گیری چەندین سەرمایەدار و سیاسەتمەداری ئێرانی بە هۆی گەندەلی دادگایی و سزا دراون. زۆربەی ئەو فایلە گەورانەی گەندەلی بە هۆی ململانێی سیاسی نێو باڵەکانی رێژیم ئاشکرا بوون. بە هۆی ئەوەی یاسا و سیستمی سیاسی ئێران نادێموکراتیکە دەرەتانی ئەوە نیە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە دژی گەندەلی خەبات بکرێ. سیستمی سیاسی ئێران، لە لایەک بە هۆی دانی دەسەڵاتی زۆر بە کەسانێک وەک رێبەر و گرووپگەلێک وەک سوپای پاسداران و لە لایەکی دیکە بە هۆی لاوازبوونی دەنگ و خواستی خەڵک لە ساختاری سیاسی، پۆتانسیەلی گەندەڵبوون و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی زۆرە. Sources: The Rand Corporation. “The Rise of the Pasdaran,” published on 2009 by National Defense Institute. E.Torbat, Akbar. “Financial Corruption in Iran,” published on March 2, 2013 by “Information Clearing House”. Sadjadpour, Karim. “The Supreme Leader,” published 20 June, 2015, Web. Rezaian, Jason. “Iran hangs key figure in banking scandal,” published on May 24, 2014 on the Washington Post. Karami, Arash. “Zarif: Some in Iran don’t want sanctions to end,” published on February 2, 2015 on the al-Monitor. Ansari, Ali. “Moral crisis threatens Iran’s Revolutionary Guards,” published on 11 June, 2010 on the Guardian. Merat, Arron Reza. “Iran’s webs of corruption prevalent, but hidden,” published on September 30, 2014 on al-Monitor. Nooryani, Bunny. “Statoil Admits Iran Bribe; U.S sets $21 Million Fine,” published on October 13, 2006 on www.bloomberg.come لە ژماره‌ ٦٦٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌