کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزاوتی مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان شایانی گرنگی پێدانی زیاترە

15:10 - 27 رەزبەر 2715

بزاوتە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای کۆسپە جۆراوجۆرەکانی سەر رێگای و تەنانەت ئەو باجە قورسەش کە زۆر جار دەکەوێتە سەر شانی چالاکانی ئەم بوارانە، لە گەشەکردن دایە. ئەزموونەکانی ساڵانی رابردوو دەریانخستوە کە ئەم بزاوتە، هەرچەند نەگەیشتۆتە ئاستی بزووتنەوەیەکی مەدەنی، بەڵام دەتوانێ لەلایەک بوونی خۆی بپارێزێ و لەلایەکی دیکەشەوە دەرفەتی نوێ بۆ گەشەی زیاتر وەدەست بێنێ. بەشێک لەم بزاوتە توانیەتی لە چوارچێوەو بەستێنی داخوازە سینفی و مافە فەرهەنگییەکان دا خۆی دەربخا. لەم بەستێنەدا چالاکانی مەدەنی و چالاکییە مەدەنییەکان هەم لە ئاستی ناڕەزایەتییە سینفیەکانی وەک مامۆستایانی قوتابخانەو هەم لە ئاستی هێنانە گۆڕی داخوازە فەرهەنگییەکان روو لە دەسەڵات لە تێکۆشان دایە. ئەم بەشە لە چالاکییە مەدەنییەکان لە زۆر حاڵەت دا لە پشتیوانی و هاوهەنگاویی سەرانسەری یان ناوچە نەتەوەییەکان بەهرەمەندە. ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە پێناوی مافە زەوتکراوەکانیان و داخوازیی چالاکانی فەرهەنگی و تارادەیەک چالاکانی سیاسی لە پێناوی دابین کردنی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی، دەتوانن دوو نموونەی چالاکییەکانی ئەم بەشە لە بزاوتی مەدەنی کوردستان بن. ئەم بەشە لە بزاوتی مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا تێچووی قورسیشی بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی ئەم بەستێنە بەدواوە بوە، بەڵام هەم لە گەشەکردن دایەو هەم هێندێک دەسکەوتی لێکەوتۆتەوە. نموونە... بەشی دووەمی چالاکییەکانی ئەم بزاوتە لە راستی دا بریتییە لە بەستێنسازیی فەرهەنگی و مەدەنی لە نێو کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەک و کارکردن بە ئامانجی پاراستنی زمان و وێژەی کوردی دا. لەم پێوەندییەدا ئامانجی چالاکانی نێو ئەم بزاوتە بریتییە لە جێخستنی کلتوری مۆدێرن و پێشکەوتوانە لە کۆمەڵگەداو بڵاوکردنەوەی وشیاریی مەدەنی و فەرهەنگی. لەم بەستێنەش دا ئەم توانیویەتی هەنگاوی باش بەرەو پێشەوە بهاوێژێ و ببێتە خاوەنی کۆمەڵێک دەسکەوت کە دەکرێ وەک دەسمایەی گۆڕانی فەرهەنگی و پەلوپۆهاویشتنی زیاتری خودی بزاوتەکەش چاو لێبکرێن. تێکۆشان لە پێناوی پاراستنی ژێنگەداو برەوپێدان بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی، پێکهێنانی کۆڕو کۆمەڵی ژینگەپارێز، ئەدەبی و فەرهەنگی و چالاکییە جۆراوجۆرە وەک کۆڕو کۆبوونەوە ئەدەبییەکان، فستیڤالگەلی فۆلکلۆر، منداڵان، شێعرو ئەدەبیات، شانۆ، فیلم و تەنانەت کۆڕو کۆبوونەوە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی نێو ماڵان و تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی گرنگی هونەری و ئەدەبی، بەشێک لەو چالاکییانەن کە هەم بەردەوامن و هەم تا دێ ژمارەیەکی زیاتر لە چالاکان بەشدارییان تێدا دەکەن. بەم پێشینەیەوە دەکرێ بڵێین کاتی ئەوە هاتوە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان پێویستە بە چاوێکی کراوەترەوە بڕوانێتە ئەم بزاوتە. ئەم بزاوتە مەدەنی و فەرهەنگییە لەگەڵ ئەوەدا پێویستە لە چوارچێوەی شوناسی تایبەت بەخۆی دا هەنگاو هەڵێنێتەوە، بەڵام بەحاڵەش بە هۆی دۆخی بێمافیی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا هەڵگری بارێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی قووڵیشە. تەنانەت ئەم بزاوتە لە هەلومەرجێک دا کە دەرفەتی تێکۆشانی زیاتری هەبێ دەتوانێ نوێنەرایەتیی بەشێکی بەرچاو لە ئامانج و داخوازەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بکا. ئەم بزاوتە بەم نێوەرۆکەوە شایانی ئەوەیە وەک سەرمایەیەکی بەنرخی نەتەوەیی چاوی ڵێبکرێ، هان بدرێ و پشتگریی لێ بکرێ. چونکە بە پێی ئەم ئامانجانە ئەم بزاوتە گرتوونیەتە بەر هەم دەکرێ وەک هێزێک بۆ هێنانە دی لانیکەمێک لە ئامانجە نەتەوەییەکان و هەم وەک هێزێک کە دەیهەوێ کار لە سەر گۆڕینی فەرهەنگی کۆمەڵگا بکا، لێی بڕوانرێ. لە بەر ئەوە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان جگە لە ئامانجە سەرەکییەکانی واتە وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکان، دەبێ خاوەنی ئامانجی دوارۆژیش بێ. دیارە ئەویش جگە لە چوارچێوە سیاسی و ئابوورییەکەی، لە چوارچێوەی بەرنامەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دا خۆی دەبینێتەوە.