کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەوێکی وەک ئەمشەو دا

00:55 - 17 خەزەڵوەر 2715

"هەرچی دەڵێن بڵێن خەڵکی من دەت پەرەستم ئەی قەڵا.. کە تۆ نەبی لەشی سڕ و باوەڕی چەشنی ئاگرم لە ناو لەپی دەستی کێ دا ڕکە وکێبەرکێ ساز بکەن؟ کە تۆ نەبی ئەمن نیم و کە من نەبم پەڕەسێلکە کۆچەرەکان، بە فرمێسکی خەمی عەشقی کامە دڵدار لە توێی کامە دڵی شەقار شەقار بێن و هێللانە ساز بکەن؟" (برایم جەهانگیری) *** مانگەشەوێکی ساردی پاییزییە و من لەم شەوە دا لە "قەڵا" کێشکم. ئەمساڵ سەرما بە سەر شاباڵی گژەبا دا، زووتر گەڕاوەتەوە. ڕووناکیی ئەم شەوە لە گەڵ هاژەی بایەکی سارد و خشەی لک و گەڵای سنەوبەرە دەسنێژەکانی نەمر کاک سەلامی عەزیزیدا، بوون بە مۆسیقایەک بۆ ڕاژاندنی بێدەنگیی نیوەشەوی ئەم قەڵا ناسراوەی بیست و چەند ساڵێکە لە قووڵایی ئەم گەرمێنەدا ئێمەی گرتووەتە ئامیز. بە ئاسپایی لە ژووری کارەکەم دێمە دەر تا سەردانێکی نیگابانەکان بکەم. نیگابانانی زیت و وریا،کە دەزانن هیچ کەس و هیچ شتێک بە ڕادەی وشیاری و ئامادەیی ئەوان، ناتوانێ سڵامەتیی گیانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان و ئەمنیەتی بنکە و بارەگاکانیان بپارێزێ، لە سەنگەر و شوێنی دیاریکراویان دا، جێگیرن. هی وایان تێدایە دوو دەیە و زیاتریش،پێشمەرگەن، بەو حاڵەش ئەوەندە لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان دا جیددین دەڵێی تازە هاتوون بۆ پێشمەرگایەتی. هێندێکیشیان لاو و تازە لاون، لە مێژ نیە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان کردوەتە بەر. کە دەیاندوێنم و هەست و ڕوانینیان دەخوێنمەوە، دەگەشێمەوە. ئەوان لە بەرامبەر خۆیان پۆرترێتی ڕێبەرانێک دەبینن کە ناو و ناوبانگ و خۆشەویستیان بووە بە هۆی هاتنیان بۆ ئێرە. تێکۆشەرانێک لێرە لە تەنیشت خۆیان دەبینن کە هەر کامیان لە زێد و شار و ناوچەکانی خۆیان و تەنانەت لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵات دا، وەک سەمبولی خۆڕاگری و خۆنەویستی و ماندوویی نەناسی،سەیریان دەکرێ. ئەوان ئێستا ئالای تێکۆشانی حیزبێکیان دراوەتە دەست کە نەتەوەکەیان، بناغەی هیوای خۆی لە سەر هەڵچنیوە. گەشانەوەی ئەم هیوایە لە گرەوی بوونی ئەوان لەم سەنگەرە و بەردەوامبوون لە سەر پێشمەرگایەتی و شەکاوە راگرتنی ئالای خەباتی ئەم حیزبە دایە. بۆ خۆم یەکێکم لەو نەسلەی دەیەی چوارەمی ژیانی پێشمەرگانە و شۆڕشگێڕانە تێپەڕ دەکەن و بڕیاریان داوە ئەم ڕێگایە تا سەرئەنجامەکەی ببڕن، بەڵام بیرم هەر لای ئەو هەست و باوەڕ و ئیرادەیە کە لەم جۆرە لاو و تازەلاوانە دا بەدیان دەکەم. خۆمم لەو تەمەنە دا دێتەوە بیر. تریفەی زێوینی مانگ و هاژە و گڤەی بای ساردی پاییزی بە دەم پیاسەیەکی پێشمەرگانەی نێو حەساری قەڵادا دەمبەنەوە بۆ داوێنەکانی کێلەشین، بۆ نیوەشەوێکی پاییزی ١٣٥٩ی بنکەکەمان لە قەراغ گوندی میراوێی ناوچەی شنۆ ، نیوەشەوێکی وەک ئەمشەو سارد کە نۆرەی نیگابانیم هاوکات بوو لە گەڵ نزیکبوونەوەی مانگ لە سەر کەل و ئاوا بوونی. حەڤدە ساڵم تەمەن بوو، ئەو چەکە "ژێ-٣"یەی بۆ نێگابانی پێم درابوو، بۆ جەستەی باریک و وردیلانەم، قەبە و ناقۆڵا دەهاتە بەرچاو. یەکەم ئەزموونەکانی ڕاوەستانی بە تەنیام لە سەر پۆستی نیگابانی، ئەویش لە شوێنێکی تا رادەیەک دوورە ئاوایی، بوو. هەتا مانگ ئاوا نەببوو، نیگەرانیم کەمتر بوو. لە گەڵ ئاوابوونی مانگ، هاشوهووشی بای ساردی ئەو بنارە و تاریکی و چۆلیی ئەو ناوە،ترس و خۆفیان زیاترکردبووم. کات بە شێنەیی دەڕۆیی و من کەوتبوومە نێو ململانێی هەست و خەیاڵ و بیری دژ بە یەک. ئەم ژیانە پڕ لە دڵەخورپە و مەترسیە درێژە بدەم یا بگەڕێمەوە سەر ژینی ئاسایی خۆم؟ خۆم لەو هێرش و شەڕ و قەڵاچۆیە کە لە دژی نەتەوەکەم دەستی پێ کردبوو گێل بکەم و دەست بە کڵاوی خۆم بگرم یا گوێ بۆ هەستی نیشتمانپەروەرانە و دەنگی ویژدانم ڕابگرم و بەردەوام بم؟ هەمووی چەند ڕۆژێک بوو لە رادیۆی دەنگی کوردستان، گوێم لە ژیاننامە یا وەسیەتنامەی یەک لە دوو لاوی بە تازەیی ئێعدامکراوی مەهابادی: خالید کەریمی یا رەزای شاتری ببوو. هەر چی دەمهێنا و دەمبرد، خۆمم بۆ ڕازی نەدەکرا، بڕیارەکەم بە لای دەستهەڵگرتن لە پێشمەرگایەتیدا بخەم و ناوی ئەو لاوە تازە شەهیدانە و وەسیەتەکەیان لە بیر خۆم بەرمەوە. لەو کاتەوە هەتا ئیستا لە زۆر قۆرت و پێچی ژیانی پێشمەرگانە ، لەپاڵ خۆم دا، بەرەوڕووی ئەم جۆرە ململانێیانە بوومەوە. هەموو جارێ قەناعەتێک بڕیارەکەی پێ نوێ کردوومەوە. هەموو ئەو خوێن و گیان و نرخانەی لە ڕەوتی ئەم مێژووە خوێناوییە دا پێشکەشی ئامانجی ئازادیمان کردوون، بە فیڕۆ دەچن ئەگەر لەسەر ڕێگای شەهیدەکان بەردەوام نەبین و ئالای دەستیان شەکاوە ڕانەگرین. پێشمەرگایەتی‌و تیکۆشانی پێشمەرگانە و خەبات لە سەر خاکی کوردستانیش دیارترین و کاریگەرترین جۆر و شێواز و نیشانەی بەردەوامبوونی ئەو خەبات و ڕێگایەیە. بەردەوامبوونی هەر تاکێکی خەباتکاریش یەکسانە لە گەڵ وەلانانی خۆشی و ئاسوودەییەکان و بەرژەوەندییە شەخسی و تایبەتیەکان لە پێناوی دواڕۆژی نەتەوەیەکی بندەست و بزووتنەوەیەکی ڕەوادا. حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی لە کوردستان بەختیارن کە لە هەموو بڕگە و قۆناغە ئەستەمەکان دا،لە سەر کەسانی خۆنەویست و خەباتکارانی شێلگیر و بەردەوام، پەکیان ناکەوێ. ٢/١١/٢٠١٥ لە ژماره‌ ٦٦٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌